دێری مار مەتی
ئامادەکردن و فۆتۆ: #سەوسەن سنەیی#
یەکێک لە شوێنە گرنگە گەشتیارییەکان لە سنووری باشووری #کوردستان# کلێسا و دێری مار مەتی، پەرستگایەکی کۆنی ئایینی جوو و کریستیانە کە دەکەوێتە سەر چیای مەقلووب لە ڕۆژاوای #ھەولێر# و باکووری شاری مووسڵ، ھەروەھا یەکێکە لە شوێنە گرنگە گەشتیارییە ناسراوەکان لە کوردستان و ئێراق.
ئەم کلێسایە سەر بە مەتڕانی ئۆرتۆدۆکسی سریانییە، لە سەدەی چوارەمی زایینی لەلایەن مار مەتی ناسکی سریانی دامەزراوە، دواتر چەندین ھەزار ڕاھیبە و پیاوی ئایینی پەیوەندییان پێوە کردووە.
ئەم پەرستگایە کە پەرەستگەی (سانت مەتی ناسک) یشی پێ دەگوترێت، لە کۆتایی سەدەی چوارەمی زایینی لەلایەن سانت مار مەتی، بە هاوکاریی پاشا سەنحاریب درووست کراوە، کلێسا و کانیاو و شوێنی خواردن و شوێنی نیشتەجێبوونی بۆ پیاوەئایینییەکان تێدا درووست کراوە، پەرستگاکە بە دیوارێکی ئەستووری لە بەرد درووستکراوی گەورە دەورە دراوە.
ئەم پەرەستگایە، لە ساڵی 480دا کەوتووەتە بەر شاڵاوی تاڵانکردن و ئاگری تێبەردراوە و هەموو کەرەستە و کەلوپەلەکانی کلێساکە، بەتایبەت پەڕتووکخانەکەی بوون بە خەڵووز و قوربانی ئاگر بوون. کۆتایی سەدەی شەشەم و حەوتەم، بەھۆی ناوبانگی پەیمانگاکەی و پەڕتووکخانە دەوڵەمەندەکەیەوە، بووە بە ناوەندێکی گرنگ لە کلێسای ڕۆژهەڵاتدا، هەروەها ئەم دێرە بە یەکێک لە شوێنە پیرۆزەکانی کریستیانیەکان دادەنرێت و ساڵانە ھەزاران کریستیانی کوردستان و ئێراق بۆ مەبەستی گەشتیاری و ئەنجامدانی مەراسیمە ئایینییەکانیان ڕووی تێدەکەن.
بیناسازیی کلێساکە لە ھەندێ شوێندا دەچێتەوە سەر ڕێچکەی بیناسازیی ڕۆمانی و لە ھەندێ شوێندا وەک ھونەری تەلارسازیی ئاشووری دەردەکەوێت، ئەمەش ئەوەمان بۆ دەردەخات، کە ئەم پەرستگایە چەند جارێک نۆژەن کراوەتەوە. دیوارەکانی ئەستوورن و بە قسڵ و بەردی گەورەوە درووست کراون، کە ئەمەش جۆرێکە لەتەکنیکی بیناسازیی سەردەمی ( ڕۆمانسکی) .[1]