سەروای چی بکەم؟ مەلا حەسەن فەیزبەخش
وەتەن دەستی جەفا کۆتا لە شارانت نەکەم چی بکەم
پەتی تۆڵە لە گەردن گشت نەیارانت نەکەم چی بکەم
تەم ومەینەت، سوپای نەگبەت، تەنی ئاسمانی ئاخی کورد
لەبەر بێوازی من تەرکی دیارانت نەکەم چیبکەم
ژیان و ئەرکی ناخۆشی لەسەر خەڵکی هەژاری کورد
بڕیویە جەرگ و دڵ شین بۆ هەژارانت نەکەم چی بکەم
هەتا ئەم نیشتمانەی من لە دەس داگیرکەرانایە
پەنا بۆ شاخ نەبەم ڕوو لە هەوارانت نەکەم چی بکەم
لەب ۆ ڕزگاری گەل هەر کەس، نەچێتە ڕیزی تێکۆشان
تف و لەعنەت لەوان بێ بەند و بارانت نەکەم چی بکەم
لە چین وتوێژەکانی کورد ئەخوازم بێن و یەک بگرن
بە هێزێکی وەها ڕاوی جەبارانت نەکەم چی بکەم
هیوادارم کوڕانی گەل هەموو بۆ تۆڵە تێکۆشن
تەمەننای هێرشی شێری شکارانت نەکەم چی بکەم
هەڵۆی دوندی چیای بەرز و پڵنگی شاخ و پێدەشتن
ئەگەر سەیری گوڕەی شاخ و بنارانت نەکەم چی بکەم
وەرن هەڵمەت بەرین تێکڕا هەموو بۆ تۆڵە یەک چاری
قەلاچۆی دژ لە کوێستان و لە ئارانت نەکەم چی بکەم
وەها هەوری چەفا باڵی بە سەر ئەم خاکەدا کێشا
لە بەر وێرانی ژینگە ڕوو لە غارانت نەکەم چی بکەم
دەروون پڕ ژانە بۆ ژینی گەلی کوردی ستەم لێ چوو
لەبەر دڵتەنگی مەیلی سەر نزارانت نەکەم چی بکەم
گڕ و تینم هەموو ژینم لە پێناو خەڵکی کوردستان
ئەگەر من دانەنێم خزمەت بە یارانت ئەکەم چی بکەم
خەیاڵ و بیری ڕزگاری کە دای لە مێشک و دڵ (ئارام)
لەگەڵ گۆڕی کوڕان ڕوو لە حەشارانت نەکەم چی بکەم
شاری ئەوین؛ هۆنراوەی مەلا حەسەن فەیزبەخش
[1]