مێژووی ئەلفبێی کوردی لە ئەرمەنستانی سۆڤییەت (1921-1991) 02
تێنگیز سیابەندی
=KTML_Link_External_Begin=https://www.kurdipedia.org/default.aspx?lng=1&q=20240620202523575680=KTML_Link_External_Between=بەشی یەکەمی ئەم وتارە لێرە بخوێننەوە=KTML_Link_External_End=
لە بەشی یەکەمی ئەم وتارەدا بە کوورتی باسمان لە مێژوو و سەرەتای کۆکردنەوە و ئامادەکردنی ئەلفبێی کوردی لە ئەرمەنستانی سۆڤییەت کرد، کە بە کام قۆناغدا تێپەڕیوە و چۆن بەسەر چەند قۆناغێکدا دابەش کراوە. لەم بەشەدا بەردەوامین لە ناساندنی قۆناغەکانی ئەلفبێی کوردی.
$ئەلفبێی لاتینیی ئە. شەمۆ و ئی. مارۆگوولۆڤ (1929)$
لە ساڵی 1925دا لە شاری لەنیناکانی ئەرمەنستان، بۆ کوردانی وڵاتانی وەک ئازەربایجان، جۆرجیا و تورکمەنستان و هتد...، لەسەر ژیانی کۆمەڵایەتی کۆنفرانسێک بەڕێوەچوو و تێیدا لەسەر چەند مژارێک گفتوگۆ کرا. هەروەها لە بڕیارنامەکانی کۆنگرەدا، پێویستیی نەهێشتنی نەخوێندەواری و ناردنی کچان بۆ قوتابخانە دیاری کران. کۆنگرەی سەرەوە بڕیار دەدات کە داوا لە حکوومەتی ئەرمەنستان بکات کە ئەلفبێی کوردی لەسەر بنەمای پیتی ئەرمەنی لا ببات و ئەلفبێیەکی تر لەسەر بنەمای پیتی لاتینی درووست بکات. ئەلفبێی لازۆ بە ناوی شەمس کە لە ساڵی 1921 لەسەر بنەمای پیتی ئەرمەنی ئامادە کرابوو، هەتا ساڵی 1928 لە قوتابخانەکاندا بەکار هات. بەڵام پێویستە ئاماژە بەوە بکەین کە هەندێک کەموکووڕی و هەڵە لەو پەرتووکەدا هەبووە. هەر بۆیە داوای ئەلفبێی نوێ دەکرێت. حکوومەتی ئەرمەنستان ئەو پێشنیارەی ڕەت نەکردەوە و فەرمانی دا تاکوو ئەلفبێی نوێ ئامادە بکرێت. لە ساڵی 1926دا عەرەبی شەمۆ و ئیسحاق مۆرۆگوولۆڤ پڕۆژەیەکی نوێ بۆ ئەلفبێی لاتینی دەست پێ دەکەن. ئەمەش لە ساڵی 1929 لە باکوو پەسەند کرا. هەر لەو ساڵەدا پەرتووکی (خوە ب خوە هینبوونا) نڤیساندنا کرمانجی چاپ و بڵاودەکرێتەوە. ئیدی لە ساڵی 1930ەوە چەندین پەرتووکی ئەدەبی، پەروەردەیی، زانستی و فەلسەفی و هتد... چاپ دەکرێن. لە ساڵی 1929ەوە قوتابخانە کوردییەکان لە ئەرمەنستان وازیان لە ئەلفبێی کوردیی ئەرمەنی هێنا و بە فەرمی ئەلفبێی لاتینییان وەرگرت. ئەم ئەلفبێ نوێیە لە قوتابخانە کوردییەکانی کۆمارەکانی پێشووی سۆڤییەتی ئازەربایجان و تورکمەنستان و جۆرجیاشدا جێگای خۆی گرت. قوتابییانی کورد بە ئەلفبێی لاتینی دەستیان کرد بە خوێندن و نووسین. زۆر پەرتووک بە پیتی لاتینی چاپ کران. لە مانگی ئاداری ساڵی 1930دا ڕۆژنامەی ڕیا تەزە بەم ئەلفبێیە دەرچوو. ئەم ڕۆژنامەیە لە ساڵی 1937دا قەدەغە کرا. دوای مردنی ستالین (1955)، جارێکی تر دەستی بە بڵاوکردنەوە کرد، بەڵام ئەمجار بە ڕێنووسی کیریلی. لێرەدا پێویستە ئاماژە بەوە بکەین کە ڕۆژنامەی ڕیا تەزە پێش گۆڤاری هەوار (1932) لەلایەن جەلادەت عەلی بەدرخانەوە بە پیتی لاتینی دەرچووە.
$ئەلفبێی کیریلیی ﮪ. جندی، ئە. ئەڤدال، و. نادری (1944)$
دوای ماوەیەک ئەلفبێی لاتینیی کوردی لەلایەن ستالینەوە قەدەغە دەکرێت و ئەلفبێی کیریلی شوێنی دەگرێت. ساڵی 1941 حکوومەتی ئەرمەنستان بڕیاری دا کە پیتی کوردی بە زمانی کیریلی ئامادە بکرێت و بۆ ئەم ئەرکە حاجی جندی ئەرکدار کرا و لە ساڵی 1944دا ئەلفبێکە ئامادە کرا و خوێندکارە کوردەکان بۆ ماوەی دە ساڵ بەم ئەلفبێیە پەروەردە کران. لەم کارەدا نووسەرانی ئەرمەنی گ. خاپانتسیان، ﮪ. ئاچاریان و کەسانی تر و هەروەها نووسەرانی کورد وەک و. نادری، ئە. ئێڤدال و ن. ماخموودۆڤ یارمەتیدەر بوون. تەنانەت لەم ساڵانەی دواییشدا پەرتووک بە پیتی کیریلی چاپ دەکرا.
$ئەنجام$
بێگومان مێژووی کوردانی YKSS (یەکییەتیی کۆماری سۆسیالیستی سۆڤییەت) جێگا و ڕۆڵێکی تایبەتیی لە مێژووی کورددا هەیە. دوای شۆڕشی ساڵی 1918 ئیمپراتۆرییەتی ڕووسیا هەڵوەشایەوە و کۆماری سۆسیالیستیی سۆڤییەت دامەزرا. لە بیستەکانی سەدەی ڕابردوودا چەندین دەرفەت و دەستکەوتی گەورە بۆ گەلانی کەمینە و بەتایبەت بۆ کورد هاتنە ئاراوە.
دەبێت بە خۆشحاڵییەوە بڵێین سەدەی بیستەم دەستکەوتێکی نوێی بۆ گەلی کورد هێنا. بەشێک لە کوردان لە ئەرمەنستان، دوور لە زێدی خۆیان، لە تەواوی مێژووی کورداندا ڕۆڵێکی گەورەیان گێڕا. کورد بە هاوکاری و پاڵپشتیی ئەرمەنستان، بوو بە خاوەنی ئەلفبێ. ئەوەش بووە هۆی پەرەسەندنی زمانی دایکی و هەروەها پاراستنی مێژوو، چیرۆک، زاراوە، گۆرانی، داستان و ئەدەب و هتد...
لەنێو YKSSدا، لە ساڵانی سەرەتاوە (1922) تا هەڵوەشاندنەوەی یەکییەتیی سۆڤییەت (1991)، چەندین بەرهەمی ئەدەبی، مێژوویی و کولتووری بە زمانی کوردی چاپ و بڵاو کرانەوە. ئەو ئەنستیتووانەی کە دامەزران لە بواری کوردناسی گرینگییەکی زۆریان بەدەست هێنا و ئەنجامی باشیان هەبوو. ئەم سەردەمە هەم بۆ ئەدەبی کوردی و هەم بۆ کوردناسی زۆر گرینگە. دەبێت بە هەموو هێڵەکان نموونەی ئەو کارانەی کە کراون و ئەو بەرهەمانەی کە بڵاو کراونەتەوە بۆ کوردەکانی هەموو پارچەکانی تر وەربگێڕدرێن و لەسەریان لێکۆڵینەوە بکرێت. بۆ نموونە دەکرێت ساڵانی 1921-1937 وەک قۆناغێکی گرینگ بۆ گەشەسەندنی فەرهەنگی کوردی و گەشەسەندنی ڕۆشنبیری هەژمار بکرێت. لە قوتابخانەکاندا پەروەردە بە زمانی دایکی هەبوو. لە ئۆتۆنۆمیی کوردستاندا، پەرتووک و ڕۆژنامە بە زمانی کوردی دەردەچوو، ئەکادیمیای مامۆستایەتیی کوردیش کرایەوە. قوتابخانە و دەزگای ڕاگەیاندن و چاپ و بڵاوکردنەوەی کوردی لە ئەرمەنستان دامەزران. شانۆی نەتەوەییی کورد کرایەوە. ئەم ڕووداوانە لە وڵاتانی جۆرجیا، ئەرمەنستان و تورکمەنستان پێک هاتن.
بێگومان ئەرمەنستان بۆ کوردان ناوەندێکی فەرهەنگی بوو. ژمارەیەکی زۆر کورد لە ئەرمەنستان هەبوون. کارێکی زۆری کوردی لەم وڵاتە ئەنجام درا. لەنێوان ساڵانی 1921 بۆ 1929 بەرهەمە کوردییەکان بە ئەلفبێی کیریلی چاپ دەکران. ساڵی 1929 بە بڕیاری حکوومەتی ئەرمەنستان ئەلفبێی لاتینیی کوردی بەکار هێنرا. پەرتووکی ڕێزمانی کوردی ساڵی 1921 چاپ و بڵاو بووەوە. لە ساڵی 1931 لە شاری ئەریڤان ئەکادیمیایەک بۆ پەروەردەی مامۆستایانی کورد کرایەوە.
ساڵی 1922 ژمارەی ئەو پەرتووکە کوردییانەی کە چاپ کران، 32 پەرتووک بوو. بەڵام ئیدی لە ساڵی 1937وە 70 پەرتووکی بەنرخ وەک بەرهەڤۆک، چیرۆک، ڕۆمان و شانۆنامە و هتد لەلایەن نووسەرانی ئێمەوە دەنووسرێن و چاپ دەکرێن. کاری ئەدەبیی پێشتر وەرگێڕان بووە و نزیکەی 15 پەرتووک لە ئەدەبیاتی ڕووسی و ئەرمەنی وەرگێڕراون و ئەم بەرهەمانە زیاتر لەلایەن حاجی جندی، ئەمین ئەڤدال، جاسم جەلیل، قاچاخ مراد، جەردۆی گێنجۆ، ڕوبەن درامپیان و عەرەبی شەمۆ وەرگێڕراون.
لە ساڵی 1930دا ڕۆژنامەیەک بە ناوی ڕیا تەزە دەرچوو.
لە ساڵی 1931دا خولێکی ڕاهێنانی مامۆستایەتیی کوردی لە ڕەوان کرایەوە.
لە ساڵی 1932دا یەکییەتیی نووسەرانی کورد دامەزرا.
لە ساڵی 1934دا یەکەمین کۆنفرانسی کوردۆلۆژی لە شاری ئەریڤان بەڕێوەچوو. لەو سەردەمەدا کرمانجی وەک زمانی ئەدەبی بۆ کوردانی یەکییەتیی سۆڤییەت هەڵبژێردرا.
لە ساڵی 1938دا شانۆی کوردی لە شاری ئەلەگەز دامەزرا.
هەروەها فیلم لەژێر ناوی زارە (1926) و کوردێن ئێزدی (1933) درووستکران.
ساڵی 1954 دیسان ڕادیۆی کوردی بڵاو کرایەوە. بە هەمان شێوە لە ساڵی 1955 ڕۆژنامەی ڕیا تەزە جارێکی تر دەستبەکار بوو.
لە ئەرمەنستان 21 گوندی کوردان هەیە و لەو گوندانەدا منداڵانی کورد تا پۆلی 12 فێری زمانی کوردی دەبن.
لە ئەرمەنستانی سۆڤییەت بەشی سەربەخۆی کوردناسی هەبوو، بەڵام دوای هەڵوەشاندنەوەی یەکییەتیی سۆڤییەت، داخرا. لە ئێستادا زمانی کوردی لە فاکەڵتی ڕۆژهەڵاتناسیی زانکۆی ڕەوان دەگوترێتەوە.[1]
$سەرچاوەکان:$
1- خ. ئابۆڤیان، کوردی، ئێزدی (بە ئەرمەنی)، 1986، یێرێڤان.
2- ئا.ئوو. دەربۆیان، درووستکردن و پێشکەوتنی وێژەی کوردی لە ئەرمەنستانی سۆڤییەت (بە ئەرمەنی).
3- حاجی جندی، ئاکادەمیای زانستیی ئەرمەنستان، زانستی کۆمەڵایەتی (بە ئەرمەنی).
4- ڤ. ئا. بایبووردیان، پەیوەندیی ئەرمەنی و کوردان لە ئیمپراتۆرییەتی عوسمانیدا. (بە ئەرمەنی)، یێرێڤان، 1989.
5- خ.م. چاتۆیێڤ، کوردانی ئەرمەنستانی سۆڤییەت (بە ڕووسی)، یێرێڤان، 1965.
6- ن.خ. ماخموودۆڤ، گەلی کورد (بە ئەرمەنی)، وەشانی دەوڵەتی ئەرمەنستان، 1959.
7- ک. چاچانی، مێژووی چاپەمەنیی کوردی ڕیا تەزە 1930- 1955 (بە کوردی)، یێرێڤان، 2008.
8- پەرتووکی شەمس (بە ئەرمەنی)، ئێجمیاسین، 1922.
9- “Xo-Xo Hinbuna Xondьna Nvisara Kуrmançi” (بە ئەرمەنی)، ئی. مارۆگوولۆڤ و ئە. شەمۆ، وەشانخانەی دووگەلی، یێریڤان، 1929.
10- ل.گ. خاچێریان، تیۆریی گەشەی زمان بە بۆچوونی ڤاردان ئارێڤەلسی.