خاوەنی یەکەم ئوتۆمبیل بووە کە هاتووەتە بەغدا، هەروەها زەوییەکانی ناوچەی سەوزی ئێستای بەغدا موڵکی ئەم بوون.
ئەحمەد حەمدی بەگ، کوڕی محەمەد پاشا، کوڕی سڵێمان پاشا، کوڕی ئەوڕەحمان پاشای بابانە. ساڵی 1870 لە دایکبووە، ئەوڕەحمان پاشای باپیرە گەورەی یەکەم کەسبووە نەخشەی بۆ ئازادی کوردستان کێشابوو، حەمدی بەگ لە ئەستەنبوڵ لە مەکتەبی “سوڵتانیە” خوێندویەتی، ژیانی لاوێتی لە ئەستەنبوڵ، سویسرا بەسەر بردووە، دواتر لە بەغدا گیرساوەتەوە، تاوەکووبتوانێت سەرپەرشتی میراتی باوانی بکات کە موڵک و ماڵێکی زۆری هەبووە، سەرباری موڵکی ناو شار هەموو ناوچەی حارسیە بووە، سەرباری بەشێکی ناوچەی سەوز و…هتد.
لە سەردەمی سوڵتان عەبدولحەمیدی دووەمدا زیندانی کراوە، چونکە داوای ئازادی و ڕۆشنفکری کردووە، دوای شۆڕشی کۆمەڵەی ئیتحاد و تەرەقی ساڵی 1908 ئازادکراوە، ئەندامی ئەنجوومەنی شارەوانی بەغدا بووە، ئەوکارەش هۆکاربووە تا شارەزایی باشی لە بەڕێوەبردندا هەبێت. دوای گرتنی “شێخ مەحمود” و ڕەوانەکردنی بۆ هندستان لە ساڵی 1919 زیاتر کەڵکەڵەی ڕێبەرێتی لە مێشکیدا سەرهەڵدەدات، لەمبارەوە نوێنەری مەدەنی بەریتانیا دەڵێت:- بە دوور خستنەوەی “شێخ مەحمود” بنەماڵەی بابان بە دەسەڵاتربوون و زیاتر گەشانەوە.
حەمدی بەگ، کەسێکی خوێندەوار و خاوەن کەسایەتی بووە، وەک پادشا هەڵسوکەوتی کردووە، تەنانەت هەمیشە لە دەستە ڕاستی شا فەیسەڵەوە دادەنیشت بە تایبەت ئەوکاتانەی بانگهێشتی بۆنەیەک کرابا، ئەو ڕۆژگارە ئینگلیز لە ئێراقدا خاوەن فەرمان و دوا بڕیار بووە، زۆر بەڕێز و بە ویقار تەواشایان کردووە.
ڕەفیق حیلمی دەربارەی کەسایەتی حەمدی بابان دەنووسێت:_ خاوەن ئاکاری بەرز و زەردەخەنەی بەردەوام بووە، بەڕادەیەک ڕێزی لە میوان دەگرت، دەبوو بە کۆیلەی، بەڵام کۆت و بەندی داب و نەریتی ئۆرستۆکراتیانە بووە و نەیتوانیوە دەستبەرداری بێت، زمانەکانی ئینگلیزی و فەرەنسی دەزانی، لەتەک مندا “ڕەفیق حیلمی” بە تورکی قسەی دەکرد، چونکە کوردی نەدەزانی و لە ئەستانە گەورەبوو بوو. بەڕای “ڕەفیق حیلمی” نەزانینی زمانی باپیرانی ئاستەنگی سەرەکی بوون لە بەردەم بەدیهێنانی ئاواتەکەیدا چونکە وەک کەڕو لاڵ وابوو.
بەهۆی نوێنەرایەتی مەدەنی بەریتانیاوە لە میسۆپۆتامیا، گەشتێک بە کوردستاندا دەکات، سەردانی سلێمانی و هەولێر دەکات، لەگەڵ گەورەپیاوان و کەسایەتێکاندا کۆدەبێتەوە، مێجەرسۆن سەردانەکە بە باش لە قەڵەم دەدات. سەبارەت بە شێوازی بەڕێوەبردن حەمدی بەگ بە باشی زانیوە حکومەت یان ئەنجوومەنی کوردستان بدرێت بە کۆمەڵێک کەسی شارەزا و دیاریکراو و لەژێر چاودێری بەریتانیادا بەڕێوە ببرێت، هەروەها باوەڕی وابوو پێویستە گرنگی تەواو بدرێت بە ڕێگاو بان وەک هۆکارێک بۆ تێکەڵابوونی شارستانییەت.
دوای ئەوەی حکوومەتی ئێراق لە 11/ تشرینی دووەمی/1920 بە سەرۆکایەتی “عەبدولڕەحمان نەقیب” پێکهات داوا لە کۆمەڵێک کەسایەتی کرا ببن بە وەزیر یەکێک لەو کەسانە حەمدی بەگ بوو، ئەو داوەتنامەکەی ڕەد کردەوە، چونکە هەرگیز گەرەکی نەبووە کوردستانی باشوور بەشێک بێت لە ئێراق، تەنانەت لە کەڕنەڤاڵی تاج لە سەرنانی مەلیکدا بەشداری نەکرد. دواتر مەلێک داوایکرد موڵکەکانی پێ بفرۆشێت، ئەو ڕازینەبوو، لەلایەن دام و دەزگای مەلیکەوە گشت موڵکەکانی بە 350000 ڕوپیە خەمڵێنرا! تەنانەت ڕازینەبوو ئەو بڕەپارەیەش وەربگرێت و داخوازی و پارەکەی فەیسەڵی ڕەد دەکاتەوە، پاشان پارەکە دەخرێتە خەزێنەی دەوڵەتەوە و دوای بە سەرچوونی ماوەی قانوونی حکوومەت دەستی بەسەردا گرت. لەبەرانبەردا “حەمدی بەگ” یەکێک لە باشترین پارێزەرانی بەریتانیا دەگرێت بۆ بە دەستخستنەوەی موڵکەکانی، بەڵام سەرکەوتوو نابێت. بە توڕەییەوە ئێراق بە جێدەهێڵێت ڕوو دەکاتە لەندەن، ساڵی 1954 لەو شارە ژین ئاوایی دەکات و ئەسپەردەی خاک دەکرێت. [1]