نامۆ عەبدوڵڵا هەڵگری بڕوانامەی ماستەرە لە بواری ڕۆژنامەگەری لە زانکۆی کۆلۆمبیایی شاری نیویۆرک. پسپۆرییەکەی ڕووماڵکردنی سیاسەتی ئەمریکایە.
لە ماوەی شەش ساڵ کاری ڕۆژنامەگەریدا، نامۆ ڕاپۆرتەکانی لە چەندین دەزگای ڕاگەیاندنی ناودار بڵاوکردۆتەوە لەوانە ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز، ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز، ئاژانسی هەواڵی مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان، و پەیمانگای ڕۆژنامەوانی جەنگ و ئاشتی کە بنکەکەی لە لەلەندەنە.
نامۆ دامەزرێنەر و سەرنوسەری پێشووی سایتی ئینگلیزی ڕووداوە.
نامۆ دوو خەڵاتی جیهانی لە بواری ڕۆژنامەگەریدا بردۆتەوە. یەکەم، سکۆڵەرشیپی کۆمەڵەی ڕۆژنامەنوسانی کۆشکی سپی-بوو کە لەلایەن خوودی سەرۆکی ئەمریکا باراک ئۆباما و خانمی یەکەمی وڵات میشێڵ ئۆباما لە واشنتن ساڵی 2012 پێدرا. نامۆ تاکە خوێندکاربوو لە زانکۆکەیدا ئەو خەڵاتە وەرگرێت. دووەم، خەڵاتی “باشترین و قوڵترین نوسین” بوو کە کۆمەڵەی ڕۆژنامەنوسانی کاتۆلیکی کەنەدا و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هەمان ساڵ پێیان بەخشی.
نامۆ ئێستا پەیامنێری سەرەکی ڕووداوە لە واشنتن دی سی، پایەتەختی ئەمریکا، و پێشکەشکاری بەرنامەی “لەواشنتنەوە” یە، ئەو پرۆگرامەی کە تێیدا گفتوگۆ لەسەر پرسە جیهانییەکان دەکرێت و هەفتانە لە تەلەفزیۆنی ڕووداو دادەبەزێت.
نامۆ لەدایکبووی شارۆچکەی کەلاری باشووری کوردستانە و خوێندنی سەرەتایی لەهەمان شارۆچکە تەواوکردووە. خوێندنی ناوەندی و ئامادەیی لە هەولێر تەواوکردووە. بروانامەی بەکالۆریۆسی لە زانستە سیاسییەکان و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لە زانکۆی کوردستان-هەولێر بەدەستهێناوە.