دوای لافاوەکەی هەفتەی ڕابردووی سنووری ئیدارەی گەرمیان، گۆڕێک کە مێژووەکەی بۆ زیاتر لە 2000 ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە، لەسەر قەڵای شێروانه دۆزرایەوە.
نەوزاد لەتیف، شوێنەوارناس لە بەڕێوەبەرایەتی شوێنەواری گەرمیان بە خەندانی ڕاگەیاند : لەبەشی باکووری ڕوژئاوی گردی شێروانە، کۆمەڵێک پاشماوەی شوێنەواری دەرکەوتن، کە پێدەچێت بەهۆی بارانبارینەکەی هەفتەی پێشوەوە بێت.
ئاماژەی بەوەشدا، لافاو و باران هەندێک خۆڵی سەر گردەکەی ڕاماڵیوە و ئه و شوێنەوارانە دەرکەوتوون، وتیشی : شوێنەوارەکان بریتین لە گۆزەیەک و تابوتێکی شێوە هێلکەیی کە ئێسک و پروسکی کەسێکی تیابووە، لەگەڵ 11 پارچە ئاڵتونی بچووک کە لە چینێکی تەنک دروستکرابوون بۆ مەبەستی جوانکاری بەکارهێنرابوون.
سەبارەت بە مێژووی ئه و شوێنەوارە، وتی : هێشتا بە تەواوەتی نازانرێت مێژووەکەی بۆ کەی دەگەڕێتەوە، بەڵام بەهۆی هەندێ تایبەتمەندی لە شێوازی دروستکردنی گۆزەکان و شێوازی دروستکردنی پارچە ئاڵتونەکان، پیدەچێت بگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ئەشکانیەکان لە نێوان ساڵانی 247 پ.ز - 224 ز واتە زیاتر لە دوو هەزار ساڵ پێشتر.
هاوکات ساڵح محەمەد سەمین، جێگری بەڕێوەبەری شوێنەواری گەرمیان، بەخەندانی ڕاگەیاند : دوای چاککردنەوەی گۆڕەکە و دیاریکردنی مێژووەکەیان لەلایەن شوێنەوارناسانمانەوە، لە مۆزەخانەی گەرمیان، نمایشیان دەکەین.
- 15-11-2015