لەگەڵ ئەوەی بەهۆی سروشتە جوانەکەی و فێنکی کەشوهەواکەیەوە لە بۆنە و وەرزە جیاوازەکاندا گەشتیارێکی زۆر ڕوو لەناوچەی #هەورامان# دەکەن، بەڵام نەبونی ئوتێل و مۆتێل و شوێنێکی گونجاو بۆ مانەوەیان گەشتیاران ناچار بەگەڕانەوە دەکات بۆ شوێنەکانی خۆیان، سەرمایەدانی ناوچەکەش ئامادەنین دەست بە دروستکردنی ئوتیل و مۆتیل بکەن لە سنورەکەدا.
ڕەشید سدیق، یەکێک له و گەشتیارانەی کە لە #کەرکووک#ەوە هاتبویە هەورامان بە دواڕۆژی ڕاگەیاند لەگەڵ ئەوەی ئێمە و هەزاران گەشتیاریی وەک ئێمە بە سەدان کیلۆمەترمان بڕیوە بۆئەوەی بگەینە هەورامان و چەند ڕۆژێک تیایدا بمێنینەوە، بەڵام دەبینین هیچ شوێنێکی وەک ئوتێل یان مۆتیلی تیدا نیە کە بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک بمێنینەوە، بۆیە بەناچاری دەبێت زوو بگەڕێینەوە، چونکە ناکرێت بە ماڵ و منداڵەوە بەشەودا بمێنینەوە.
وتیشی زۆر بەداخەوە دەبوو لەوەها ناوچەیەکی دڵگیر و گەشتیاریی گرنگدا بە دەیان ئۆتیل و مۆتیل بونی هەبوایە، بەڵام پرسیارمان کرد هیچ شوێنێکی مانەوە بونی نیە، بۆیە ئەمە وا لەگەشتیاران دەکات نەتوانن لە شوێنی زۆر دورەوە ڕوو لێرە بکەن، بەجۆرێک ئەگەر ئێمە بمانزانیایە شوێنی مانەوەی شەوانە نیە هەرگیز ئه و ڕێگا دورەمان نەدەبڕی لە کەرکووکەوە بێینە ئێرە و دوای چەند کاتژمێرێک خێرا بگەڕێنەوە.
ئه و گەشتیارەی شاری کەرکووک ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەر حکومەتی هەرێم و لایەنە پەیوەندیدارەکان بە بیانووی قەیرانی داراییەوە ناتوانن ئوتێل و مۆتێل بۆ مانەوەی گەشتیاران دروستبکەن، ئەوە ئەرکی سەرمایەدا و دەوڵەمەندەکانی سنورەکەیە کە بیر لەوەها پڕۆژەیەک بکەنەوە و سود بە خۆشیان و گەشتیارانیش بگەیەنن.
هاوکات زەینەب مەحمود، گەشتارێکی دیکەیە کە لە #خانەقین#ەوە هاتبوویە هەورامان بە دواڕۆژی وت بەهۆی ئه و کەشوهەوا خۆشەی کە لەهەوراماندا هەیە گەشتیاران خوازیارن کە بۆ ماوەی چەند ڕۆژیک بمێننەوە، بەڵام دەبینین شوێن و جێگایەکی وەها بۆ گەشتیاران دابین نەکراوە کە بمێننەوە بەتایبەت ئه و گەشتیارانەی کە بەخێزانی دێنە ناوچەکە و منداڵی وردیان پێییە، ئەوەش وادەکات ئه و گەشتیارانە بیر لە گەڕانەوە بکەنەوە.
ڕونیشیکردەوە، نەبونی شوێنی مانەوە سەرەڕای ئەوەی کە خۆی بۆخۆی کێشەیەکی گەورەیە بۆ گەشتیاران دروستبووە لە هەمان کاتیشدا کێشەیەکی دیکەشی بەدوای خۆیدا هێناوە، ئەوەش ئەوەیە کە لەکاتی گەڕانەوەی ئه و هەموو گەشتیارەوە فشارێکی زۆر لەسەر شەقامەکان دروستبێت و بەهۆی قەرەباڵغی شەقامەکانەوە هەندێک جار ڕوداوی نەخوازراویش ڕوبدەن، بۆیە دەبێت لایەنی پەیوەندیدار بیر لە چارەسەرکردنی ئه و گرفتە بکەنەوە.
دواڕۆژ بۆ گەیاندنی نیگەرانی گەشتیاران بە سەر مایەداران و لایەنی حکومی، پەیوەندی بە چەند سەرمایەدارێکی ناوچەکەوە کرد هەر چەندە ئامادە نەبون کە ناویان بڵاوبکرێتەوە، بەڵام ئەوەیان خستەڕوو، بەهۆی ئەوەی کە دروستکردنی ئوتێل و مۆتێل لە ناوچەیەکی سەختی وەک تەوێڵە و بیارەدا تێچووەکەی بەقەدەر دووهێندەی ناوشارەکانی دیکەیە، بەڵام لەگەڵ ئەوشدا ئامادەنین ئه و هەموو پارەیە لە دروستکردنی ئه و پرۆژانەدا خەرجبکەن کە سودێکی ئەوتۆیان پێناگەیەنێت و لەساڵێکدا تەنها چەند مانگێکی کەمداهاتیان دەبێت.
لای خۆیەوە سەردار عەلی، بەرپرسی بەشی گەشتوگوزاریی لە بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزاری #هەڵەبجە# بۆ دواڕۆژی ڕونکردەوە، ڕاستە ساڵانە لە وەرزی هاوین و بۆنە و چەژنەکاندا ژمارەیەکی زۆر گەشتیار بەتایبەت لە پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشوری عێراقەوە سەردانی ناوچە گشتیارییەکانی سنوری پارێزگای هەڵەبجە دەکەن، بەڵام ئێمەش لای خۆمانەوە بەگویرەی توانا شوێنی مانەوەمان بۆ دابینکردون و گەشتیاران بۆخۆیان ئامادە نین بمێننەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، لە ئەحمەدئاوا 16 کابینە و لە سەیرانگای ئاوێسەر 10 کابینە و لە ناو هەڵەبجەش ئوتێل سازان و ئوتیل هەڵەبجەمان هەیە، بەڵام ئەوەی تێبینیمان کردوو گەشتیاران زۆر بەکەمی ڕوو له و کابینە و ئوتیلانە دەکەن بەجۆرێک لە جەژنی ڕەمەزاندا تەنها چوار خێزانی گەشتیار ڕۆشتونەتە کابینەکانی ئەحمەدئاوا سێ خێزان چونەتە کابینەکانی ئاوێسەر، لە کاتێکدا لە شەوی چەژنی ڕەمەزانەوە تا دوێنێ زیاتر لە 35 هەزاگەشتیار هاتونەتە ناوچەکە کە زۆربەیان گەشیاریی عەرەبن.
08-07-2017