هاری لە ئیدیۆمی کوردیدا
هاری نەخۆشیەکە تووشی گیانلەبەری سەگ دەبێت، ئه و نەخۆشیە(ڤایرۆسی)یە، کاریگەرییەکانی ڕەفتار و هەڵس و کەوتی سەگەکە دەگۆڕێت، کەم دەخەوێت، لە هیچ شتێک ناگەڕێتەوه و مل دەنێت ، خواردن و خواردنەوەی نامێنێت، دەڵێن لە ئاو دەڕەوێتەوە، ئه و خاسیەتانەی سەگ لە کاتی نەخۆشیەکەدا بووە بە ئیدیۆم و بۆ کەسی برسی بەکاردەهێنرێت واتە: کەسی برسی بۆ پەیداکردنی قووت و بژێوی لە هیچ ناپرسێت شێوەی نەخۆشی هاریەکە، لە هیچ ناگەڕێتەوە بۆیە کورد وتویەتی: برسێتی ڕەگی هاری پێوەیە، هەروەها بە کەسێکی هاروهاج و ئاژاوەچی و بەگێچەڵ هیچ حساب بۆ داب و نەریت و یاسا و ڕێسا نەکات و بۆ هەر کارێک بێ سڵەمینەوە مل بنێت دەوترێت: فڵانە کەس هار بووە یان دەڵێی هار بووە، لە ڕوویەکیتریشەوە بۆ زۆرداران و دەسەڵاتداران، کە حوکمی خەڵک بە زەبر و کوتەک و چەک و ئاسن دەکەن، زوڵم و ستەم و چەوسانەوەیان زۆر دەبێت، بیرمەندان و بەساڵاچووان دەزانن ئه و زوڵمه ئەستور بووە و لەئەستوریشدا دەپچڕیت بەره و کۆتاییە، بۆ ئه و حاڵەتە وتراوە: عومری سەگی هار هەر چل شەوە، هەروەها وتراویشە: بۆ هاری هەر دەباری، واتە: ئه و کەسەی شڕ و دڕ و چەتوون و سەرکێش بێت، شتی بۆ پەیدا بێت و یان دەستی بکەوێت و بۆی بێت یان هاری خۆی نەخۆشی بێت کارەساتی تریشی بۆ بێت، هەر کەسی بەجموجۆڵ و بێ ئارام و گەڕۆک و سەر بەگۆبەند دەوترێت: دەڵێی سەی هاری، لەشاری کۆیەش ئیدیۆمێکی تایبەت هەیە دەڵێت خوایە لە هەندێ شت بمانپارێزی ئەوانیش: لە هاری، له ماری، لە زەکییەی قالەلاری، لە شورتەی ناوبازاڕی، هارەبووانە، کارەساتی بەچاوییەوەیە، به و کەسانە دەوترا کە بەهیچ کلۆجێک لەکاری نەگریسی و بەگژاچوون و کێشە و گرفت ناگەڕێتەوە، لە کوردیپێدیاش ئەوهاتووە: وەڕينی سەگی هار بەهەند وەرمەگرە، سواری گای هاربووە. [1]