ناونیشانی بابەت: دەستنووسێکى زیاتر لە 723 ساڵ لەمەوبەر 2022 لە تەکیەى هیران پارێزراوە
نووسەر: #محەمەد هەسنانی#
بەپێى بەڵگەنامەکان ئەم پەڕاوە دەستنووسە، لە ساڵی (696 ک- 1299ز)، لە سەردەمی دەسەڵاتی مەغۆلەکان نووسراوە و ئێستا لە تەکیەی #کاکی هیرانی# لە سنوورى قەزاى #شەقڵاوە# بە پارێزراوى ماوەتەوە.
هانا کاکی هیرانی، یەکێکە لە نەوەکانی کاکی هیران، بە (باسکورد)ی ڕاگەیاند: لە پەڕتووکخانەى تەکیەى کاکى هیرانى، چەند پەڕتووکێکى بەنرخ هەن، لەگەڵ چەند پەڕە و دەستنووس، لە نێوانیشیاندا دەستنووسێکى کۆنى سەرنجڕاکێش هەیە کە تەمەنی زیاتر لە 723 ساڵ لەمەوبەر دەبێت و تا ئێستا پارێزراوە، کە سەربارى کۆنیی پەڕەکە، دەتوانرێت بخوێندرێتەوە.
ئاشکرایشى کرد: ''بەپێى بەڵگەنامەکان ئەم پەڕە دەستنووسە، لە ساڵی (696 ک- 1299ز)، لە سەردەمی دەسەڵاتی مەغۆلەکان'' نووسراوە و ئێستا لە تەکیەی کاکی هیرانی پارێزراوە و چەند پارچەشیعرێکی بە زمانى فارسى لەسەر نووسراوە، لە کۆتاییەکەشی نزا و سوپاسگوزارى و سەلاوات لەسەر حەزرەتى محەمەد، پێغەمبەرى ئیسلام تۆمار کراوە.
دەشڵێت: ''بەپێی لێکۆڵینەوەکان لەم دەستنووسەدا شیعری شاعیرێکی ناوداری ئێرانی، لە دەورانی سەلجوقییەکان و سەردەمی دەسەڵاتی مەغۆلەکان چل ساڵ دوای ڕووخانی دەوڵەتی عەباسی نووسراوەتەوە کە شیعری ئەوحەدەدین محەمەد بن محەمەد ئەنوەری (عەلی بن محەمەد ئەنوەری)یە کە بە ئەنوەریی ئەبیوەردی و ''حجەالحق'' ناسراوە و لە سەدەی شەشەمی کۆچیی مانگی و سەردەمی سەلجووقییەکاندا ژیاوە.
هانا کاکی هیرانی، ئاماژەى بەوەش کرد: ئەو جۆرە نووسراو و پەڕاوە مێژووییانە گرنگ و پڕبایەخن و پاراستنیان بە ئەرک دەزانین بۆ ئەوەى بە زیندوویى بمێننەوە و لەناو نەچن.
شارەدێی هیران سەربە شارۆچکەی شەقڵاوەیە و دەکەوێتە بناری #چیای سەفین# لە سنوورى پارێزگاى هەولێر، لە ڕووی ئایینییەوە لە کۆنەوە پایەی خۆی هەبووە بەوەی کەوا تەکیەی کاکى هیرانیى لێیە، ئێستاش 2022 ئەم تەکیەیە ماوە و لە ڕووی ئەدەبی و ڕۆشنبیرییەوە، شاعیری گەورەی کورد، (#سافی هیرانی#) خەڵکی هیرانە و لە بنەماڵەی شێخەکانە.
[1]