بێدەنگی ئێمە (جارێکی تر) کوردەکان لە پاریس دەکوژێت..
نووسینی: کارۆل مان
وەرگێڕانی لە فەڕەنسییەوە: دیار عەزیز شەریف
کانونی دووەم 13, 2023
نزیکەی دە ساڵ دوای تیرۆرکردنی سێ خەباتکاری کورد لە 9 کانوونی دووەمی 2013، هێرشێکی تازە لە پاریس کراوەتە سەر ناوەندی کولتووریی کوردی. هەر ئەوها بەسادەیی ڕووداوێکی ڕەگەزپەستانەیە؟ پێویستە ئەوەمان لەیاد بێت کە لە پەیوەست بە دۆسیەی تیرۆرکردنی هەر سێ خەباتکارە کوردەکە، ساکینە چانسیز، فیدان دۆغان، لەیلا شایلەمەز لە 2013، دەسەڵاتی دادوەریی فەڕەنسی بەهیچ شێوەیەک لێپرسینەوەی لەگەڵ تورکیا نەکرد. لە پێشنیوەڕی 23 دێسێمبەر، هێرشێک لە دژی سەنتەری ئەحمەد کایا لە شەقامی ئۆنگیێن لە پاریس ئەنجامدرا، جارێکی تر سێ کوردی دیکە لەنێویاندا کوژران، بەگوێرەی عەگید پۆلات وتەبێژی کۆنسەی دیموکراتیکی کورد لە فەڕەنسا، یەک لەوانەی گیانیان لە دەستداوە ژنێکە کە بەرپرسی بزووتنەوەی ژنانی کوردە. هێشتا 6 لەوانەی برینداریش بوونە باری تەندرووستییان ناجێگیرە.
لەگەڵ ئەوەشدا نە میدیا نە سیاسەتمەدارانی فەڕەنسا نایانەوێت بە ڕوون و ئاشکرا دان بە سیما سیاسییە دیارەکەی ئەم تیرۆرکردنە سێ ئەوەندەییە دابنێن: میدیاکان (هەروەها میدیاپارت و لیبێش) . تەنیا ئەوە نەبێت کە ڕۆژنامەی لوموند دواجار لەسەر ماڵپەڕەکەی لە کاتژمێر 22:18 بەشێک قسەکانی عەگید پۆلاتی دانا کە تێیدا داوای لە دەسەڵاتدارانی فەڕەنسی کردووە “واز لە دەست و پەنجە نەرمکردن لەگەڵ دەسەلاتدارانی تورکی و دڵخۆشکردنیان بهێنن کاتێک مەسەلەکە دێتە سەر ئاساییشی کوردەکان”، دەشڵێت ” دەسەڵاتدارانی فەڕەنسی دەبێ ئێمە لەخۆبگرن و ئەم یارییە گاڵتەجاڕییە بوەستێنن”. دیقەت بدەن چۆن لە کەناڵی فەڕەنسا 24، لە کاتی پەخشی هەواڵەکان لە کاتژمێر 8 ئێوارە وتارەکەی عەگید پۆلات ڕێک ئەو شوێنەی لێ قووتکرابوو کە تێیدا وتەبێژەکە خەریک بوو ئاماژە بەوە بدات تورکیا بەرپرسیارە لەم پرسە.
جێرارد دارمانینی وەزیری ناوەخۆ هەمان لێدوانی سەرۆک ماکرۆن دا کە ویستیان ئەم هێرشە بە نزیکەیی وەک ڕووداوێکی ڕەگەزپەرستانە بیبینن، زیاتر نا. بکوژەکە، خانەنشینێکی هێڵی شەمەندەفەر، وەک دەزانین تاوانبارێکی دووبارەبووەوەیە، ناسراو بووە بە هەوڵدانەکانی بۆ کوشتنی پەنابەران.
سەرنجبدەن ئەو ئازادکرابوو بەبێ ئەوەی ماوەی سزاکەی بەسەرببات کە بەهۆیەوە بەسەریدا سەپێنرابوو، ئەمەش ئەوە پیشان دەدات کە چەند بە بێبایەخییەوە لە هێرشە ڕەگەزپەرستییەکان دەڕوانرێت، هەر بەراست. هەموو ئەمانە بەسە بۆئەوەی دادوەری گشتی پاریس لۆرا بێکیوۆ ڕایبگەیەنێت: ” لە ئێستادا هیچ شتێک ڕێگە بە بوونی هەر جۆرە پەیوەندییەکی ئەم پیاوە بە بزووتنەوەیەکی ئایدیۆلۆژیی توندڕەو نادات”
ئەگەر حکومەت باسی “تاوانی قێزەون” دەکات ( بەدڵنیاییەوە هەر ئەوەندەشە کە دەیکات) ، ئەوا سیاسییەکان پەلەدەکەن بۆ سوودوەرگرتن لە دۆخەکە لە بەرژەوەندی ئایدیۆلۆژیی خۆیان. بەم شێوەیە پارتی چەپی ڕادیکاڵ وەک پارتی سۆسیالیست بەپەلە پارتی ڕاستڕەوی توندڕەو تۆمەتباردەکەن- و دارمانین وەڵامی ئەوانی دایەوە کاتێک لە بەردەم کامێراکانی شەقامی ئۆنگییەن لیستێکی ئەو ڕێکخراوە ڕاستڕەوانە دەکات کە لە ماوەی ڕابردوو هەڵیانوەشاوندوونەتەوە. بەلای پارتی ڕاستڕەوی توندڕەویش، ئەمە بەدڵنیاییەوە بێباکی گشتگیرە، ” دڕندەیی گشتگیر” بەگوێرەی ئەریک زێمور کە خۆیشی لەژێر پرسیار دایە.
هەروەک لە فەڕەنسا، گرنگ نییە چ پرسێک بێت، گرنگ نییە چ تاوانێک ڕوویدا بێت، شەڕێک یان تەنانەت کارەساتێکی سرووشتیش دەرفەتێک بووە بۆ یەکلاییکردنەوەی ناکۆکی و ململانێیەکانیان لەنێو ئەنجوومەنی نیشتمانی- و وەرگرتنی بینەران و خوێنەرانیش بۆ گەمژەیی. لەم نێوەدا، ئێمە بەتەواوی کوردەکانمان لە بیرکردووە و بەتایبەتی لەو شەڕە دڕندە و بێبەزەییەی کە ئەردۆغان لە دژی ئەوانی بەرپاکردووە. سەرباری ئەوەش، پارتی ڕاستڕەو تەنیا ئاژاوەگێڕییەکانی کوردەکانی پاریسی لەبیر دەمێنێتەوە کە دژی پۆلیس ئەنجامیاندا بۆ دەربڕینی توڕەیی و پەستبوونی خۆیان لە دژی تێنەگەیشتنی بەرفراوانی سیاسییەکان کە بۆ جارێکی تر لە بەردەم بەرپرسیارێتییەکانیان ڕادەکەن.
با بگەڕێینەوە بۆ واقیعە زۆر قێزەونترەکە. دەبێ ئەوەمان لەیاد بێت کە لە پەیوەست بە تیرۆرکردنی هەر سێ خەباتکارە کوردەکە، ساکینە چانسز، فیدان دۆغان و لەیلا شایلەمەز لەگەڵ ئەوەی بەدواداچوونەکە گەیشتە ئەو ئەنجامەی کە ئەمە کردەیەکی تیرۆریستی بووە، کەچی دەسەڵاتی دادوەری فەڕەنسی بەهیچ شێوەیەک لێپرسینەوەی لەگەڵ تورکیا نەکرد. ئەنقەرا یەکسەر بێتاوان دەرچوو تەنانەت کاتێک لەبیریشمانە کە لەسایەی کچ و کوڕە شەڕڤانە کوردەکان بوو کە هەڕەشەی دەوڵەتی ئیسلامی لە ئێراق و سووریا توانرا کۆتایی پێبهێنرێت- لانی کەم تا ئێستا چونکە ئەم بزووتنەوەیە خەریکە بەهێزەوە دەگەڕێتەوە-ئەمەش بە پشتگیریی ناڕاستەوخۆ (یان لەوانەیە ڕاستەوخۆ) ی تورکیا، دەبێ دان بەوەدا بنرێت، تورکیا پێشوەختە لە ساڵانی 2015-2016 ئەم دەبڵ یارییەی دەکرد.
میدیاکانی فەڕەنسی گاڵتە بە بابەتی ئەم پیاوە پیرە فرانکۆ-فەڕەنسییە بوغزاوییە دەکەن کە لە گەمژەیەکی کەنەفت دەچێت، ئەمە جێی گومان نییە. بەڵام دەبێ بەڕاستی تا ئەو شوێنە ساویلکە بین کە پێمانوابێت دەزگای هەواڵگریی تورکی بکوژێکی نموونەیی لەوێ هەڵنەبژاردبێت؟ تا تاوانێکی ئەوها تەواو. یان نزیک لەوە ئەنجامبدات.
ئەو پرسیارەی خۆی قووت دەکاتەوە ئەوەیە بزانرێت کە بۆچی فەڕەنسا و ( ئەوانی تر) دەیانەوێت تورکیا بپارێزن. ئایا ئەندامبوونی لە ناتۆ گەرەنتییەکە بۆ دەربازبوونی لە سزا؟ ئایا ئێمە لەوە دەترسین کە تورکیا هەزاران پەنابەرمان بۆ ڕەوانە بکات کە لەڕووی تیۆرییەوە لەسایەی پشتیوانی دارایی ئەوروپی لەوێ هێڵدراونەتەوە؟ ئایا ئێمە متمانە بەو سوڵتانە خۆبەزلزانە دەکەین کە بۆ هێنانەدی ئاشتی لەنێوان ئۆکرانیا و ڕوسیا، وەک جورج بەدزییەوە لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی تر دەچێت، بەڵێنی سەرسوڕهێنەر و چەواشەکارانە لە هەموو شوێنێک دەدات و دڕۆنەکانیشی لەوێ بوەستێ؟ کەچی خولەکێک دواتر بۆچوونی خۆی دەگۆڕێت.
هەسارەی زەوی پێدەچێت لە ئێستادا کەوتبێتە ژێر هەژموونی تەماعەکانی نیو-فاشیزم، تەنانەت تۆتالیتاریەتیش. لەنێوانی پوتین، خامەنی و ئەردۆغان، ئێمە لێی دەخۆین…
ئەگەر ڕای گشتی بەتوندی لە دژی ئەو دەستدرێژییە تاوانکارییانە بێتە دەنگ کە سەرکردەکان لە مۆسکۆ و تاران ئەنجامی دەدەن، ئەوا کاتی ئەوە هاتووە هەمان شت لە دژی ئەنقەراش بکرێت. ئەوەی ئەمڕۆ لە شەقامی ئۆنگێین ڕوویدا ئەوە تەنیا سەری شاخێکی سەهۆڵینە کە پێشوەختە بەدەرکەوتووە. ئێمە هەموو شتێک لە دەست دەدەین ئەگەربێتو بەردەوام بین لە دەستپێوەگرتن بەم بێدەنگییە تاوانکارییە.
• کارۆل مان سۆسیۆلۆژیستی بواری کێشەی جێندەری و ململانێی چەکدارییە، بەڕێوەبەری دامەزراوەی “ژنان لەنێو جەنگ”ە؛ ئەو کۆمەڵناس و مرۆڤدۆستە بە ڕەچەڵەک فەڕەنسییە وەک دۆستێکی نزیکی ئەزموونی ڕۆژاوا و پرسی کوردە بەگشتی.
سەرچاوە:
https://blogs.mediapart.fr/carol-mann/blog/241222/silence-tue-encore-des-kurdes-paris
[1]