ناونیشانی بابەت: ھونەری گڵینەسازی لە کوردستان
ئامادەکردنی: سەوسەن سنەیی
هونەری گڵینەسازی بریتییە لە هونەرێک کە لە کەرستەی خۆڵ و ئاو درووستدەکرێت. گڵینەسازی چەندین فۆرمی جیاوازی ھەیە، لەوانە گۆزەی هونەری، کوپە، دەفر، کاشی و ھەندێ فیگەر و پەیکەری جیاجیا.
هونەری گڵسازی و گۆزەسازی وەک هونەری شێوەکاری لە قەڵەم دەدرێت و یەکێکە لە هونەرە گرنگەکان کە پێی دەوترێت سیرامیک. زۆربەی کارە هونەرییەکانی سیرامیکیی بە سوورکردنەوە دەکرێن بە دیکۆر و بۆ پێداویستی ڕۆژانە سوودیان لێ دەبینرێت، لە کاتێکدا هەندێکیان بە هونەرە جوانەکانیش دەزانرێت وەک شێوە و گۆزەی سیرامیکی کە بە شووشە ڕووپۆشدەکرێن.
هەروەها گڵینە، لە زانستی شوێنەوارناسیدا بۆ دیاری کردنی ئاستی ھونەر و مێژووی شوێنەوارەکە بە بەڵگەی مێژوویی گرنگ ھەژماردەکرێت. هونەری گڵسازی دەتوانرێت لەلایەن یەک کەس، یان کۆمەڵێک کەسەوە بکرێت، لە زۆر شوێن کۆمەڵێک کەس هەن کە لە کارگەیەکی گۆزەگەریی، یان سیرامیکدا کاری دیزاین و درووستکردن و ڕازاندنەوەی کەلوپەلی هونەریی دەکەن، بەتایبەتی لە مێژووی میزۆپۆتامیادا زۆر بایەخی پێدراوە و لە ئیمپراتۆریەتە کۆنەکاندا گرنگی خۆی ھەبووە. ھەرچەندە ئەم کارگە بچووکانە ڕوو لە کەمی دەکەن لە ھەرێمی #کوردستان#دا، بەڵام لە زۆر شوێن و لەسەر ڕێگا سەرەکییەکانی شارەکاندا بە بەربڵاوی دەفرۆشرێن. بە پێی گوتەی فرۆشیارەکان، بەرھەمەکان زۆرتر لە شاری کەرکووک و گەرمیان درووستدەکرێن و ھەندێکیشیان لە شاری #ھەمەدان#ەوە دهێندرێن.[1]