لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا؛ 1986/4/9
پاش غافڵکوژکردنی نەقیبێکی دائیرەی ئەمن لە شەقامی پیرەمێردی ناو شاری سلێمانی بەناوی نەقیب حەسەن، لیژنەی ئەمنیی سلێمانی بە سەرۆکایەتی پارێزگاری پێشووتر تاوانبار شێخ جەعفەر عەبدولکەریم بەرزنجی، لە تۆڵەی کوژراوەکەدا و بۆ چاوشکاندنی خەڵک، لە نیوەڕۆی 1986/4/9دا لەپاڵ دیوارێکی نزیک فولکەی سجنی سلێمانی، شەش لاوی سلێمانییان بە بەرچاوی خەڵک و بە ئامادەبوونی پارێزگاری تاوانبار و بەڕێوەبەری فەرمانگەکانی سلێمانی و هێزە ئەمنییەکانەوە گوللەباران کرد.
شەهیدەکان بریتی بوون لە هەر یەکە لە:
1. هاوڕێ ئەکبەر
2. سۆران نووری
3. هاوڕێ محەمەد
4. مەولود ڕەشید
5. بەختیار عەبدولستار
6. کەیوان عومەر
سەرنج: ئەوەی سەرپەرشتیی تیمی گوللەبارانەکەی کرد، ئەفسەرێکی تکریتیی سەر بە ئەمنی تەواریی بوو بەناوی ڕائید تەها، ئەم تاوانبارە کە پاش دیارنەمانی ملازم موحسین بووە مۆتەکە و کەوتە وێزەی خەڵکی سلێمانی، لە ناوەڕاستی هەشتاکانەوە و بە هاوکاری و چاوساغیی کوردەکانی سەر بە داودەزگە ئەمنییەکان، سەدان گەنجی دەستگیر کرد و سەدانی تری بەرەو مەرگ ڕاپێچ کرد. داخەکەم پێش ڕاپەڕین لە سلێمانی گواسترایەوە و نەکرا لە ڕاپەڕیندا وەکوو باقی هاوکارەکانی (ملازم عەلی و چەلوب و عەلا ...)، مەرگی ئەو و سەری ئەویشمان لەژێر پێی خەڵکی ئازای سلێمانیدا ببینیایە.
(Xebat Abdullah) [1]