کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان
ئەندامان و لایەنگرانى دڵسۆزى #یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان#
ماوەیەکە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەدۆخێکی ناتەندروست تێدەپەڕێت، بەهۆی ئه و دۆخەوە گرفتی زۆر لەناوخۆی یەکێتیی دروستبووە، کە بۆتە هۆی لێکترازانی ناوخۆیی و دابڕان لەپرەنسیپ و پەیرەوی ناوخۆو و بەهاکانی دیموکراسی و پەکەوتنی ژیانی حزبایەتی.
وەک هەموولا ئاگادارن بڕیاردراوە 27 ئەم مانگە کۆنگرەی پێنجەمى ىەکێتى بکرێت. ئەم کۆنگرە لەکاتێکدایە کە زەمینەی کۆنگرەکردن فەراهەم نییه و کاری لەپێشینەى دیکە هەیە. لەلایەک لەهەمووکات زیاتر دۆخی ناوخۆ پێویستی بە پرۆسەی ئاشتەوایی و تەبایی هەیە، لەلایەکی دیکە دوو هەڵبژاردنی گرنگ و چارەنوسسازمان لەبەردەمە، پێویست دەکات یەکێتیی خۆی بۆ ئه و هەڵبژاردنانە ئامادەبکات. یەکێکیان هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانە کە بۆئایندەی ناوچە دابڕێنراوەکان زۆر گرنگە و ئەوی دیکەیان هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کە بڕیارە لەکۆتایی شوباتی 2024 بکرێت.
کۆنگرە کردن لەم بارودۆخه و بەبێ بوونی زەمینەیەکی لەباری هێمنی و سەقامگیریی ناوخۆیی، زیان بەدەنگ و پێگەى یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەگەیەنیت. بۆیە پێموایە ئەم کۆنگرەیە لەهەلومەرجێکدا دەکرێت کە زەمینە لەبار نییه و لەئەنجامدا زیان بەیەکێتیی دەگەیەنێت. ڕەنگە ئەم کۆنگرەیە لەبری چارەسەرکردن گرفتەکان قوڵتر بکاتەوە.
دۆستان لایەنگرانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
بەر لە ئەنجامدانی کۆنگرە، پێویستە ئەولەویەت بەرێکخستنەوەى ڕێزەکان و ئاشتبوونەوەى گشتیی ناوخۆیی بدرێت ، بەدڵنیایەوە لەگەڵ کۆنگرەیەکین ببێتەهۆی نوێبونەوه و بەهێزبوون و کۆبونەوەى هەمووان لەدەوری مەشخەڵی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لەگەڵ کۆنگرەیەکین یەکێتی بباتەوە سەر چەپکه گولەکەی مام جلال و ڕێچکە ڕاستەقینەکەی یەکێتیی کە لەگەڵ ئێش و ئازاری خەلکی کوردستاندا بێت و هیواو خواستەکانی گەنجەکانمان بێنێتە دی، نەک ببێتە هۆی پەرتەوازەیی و لێکترازانی زیاتر .
کۆنگرە بەم شێویە زیانی گەورە بەئاشتی ناوخۆیی و یەکرێزی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەگەینێت، هاوکات دەبێتە هۆی سەپاندنی واقعێکی ناکۆک لەگەڵ بنەماو پرەنسیپە نەگۆڕەکانی دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ئازادی و ڕێرەوی دیموکراسی.
بۆیە دەمەوێت بەهەموولا ڕابگەینم کە لەم بارودۆخەدا بەئەرک و بەرپرسیارێتی مێژوویی خۆم هەڵدەستم و نابمە بەشێک لەدروستکردنی بارودۆخێک کە لێکەوتەکانی زیان بەیەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بهاکانی دیموکراسیەت لە کوردستان دەگەینێت ، بۆیە ڕایدەگەینم کە بەشداری لەم کۆنگرەیەدا ناکەم ، وە بەم یاداشتە دەست بەردای هەموو پۆست و ئیماتیازاتەکی حزبی دەبم. [1]
سەردار هەرکی
ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتی
ڕوژی شەمە ڕێکەوتی 23-09-2023
=KTML_Bold=ئەم بابەتە بە ڕینووسی سەرچاوەی ئاماژەپێکراو نووسراوە کوردیپێدیا بەهیچ شێوازێک دەستکاری نەکردووە=KTML_End=