شاری ئەندرین، یەکێکە لە ناوچە مێژوویی و سەرنجڕاکێشەکانی باکووری #کوردستان#، کە ژمارەیەکی یەکجار زۆر قەڵای شوێنەواریی لە خۆی کۆکردووەتەوە.
بە دووری 60 کیلۆمەتر لە ناوەندی شاری ئەندرین لە پارێزگای #مەڕەش# (گورگوم)، کۆمەڵگەیەکی مێژوویی هەیە کە بە نزیکەیی لە 70 قەڵای بچووک پێکهاتووە، 26یان لەناو لیستی کەلەپووری-شوێنەواری تورکیا تۆمارکراون.
کۆنینەیی ئەم کۆمەڵە قەڵا مێژووییە بۆ سەردەمە جیاوازەکان دەگەڕێتەوە و بە پێی گوتەی سەرچاوەکان زۆربەی ئەم قەڵایانە مێژوویان بۆ پێش سەردەمی ڕۆمانی دەگەڕێتەوە و لەسەر ڕێگای ئاوریشمی کۆن درووستکراون.
لە بەناوبانگترین قەڵاکانی ئەم کۆمەڵگە مێژووییە، دەتوانین ئاماژە بە قەڵاکانی کوکوکوستونتێپێ، ئەزگیت، مێریمسیل، ئەکالێ و هاشترێن بکەین.
پسپۆڕانی بواری مێژوو و شوێنەوار لەسەر ئەم بۆچوونەن کە ناوچەکە ماڵی شانشینی مامایە، کە لەنێوان ساڵانی 1974 بۆ 1719ی پێش زایین فەرمانڕەوایەتی دەکرد.
لێکۆڵەر و نووسەری بواری مێژوو و شوێنەوار سیل چێنکەر لەمبارەیەوە دەڵێت: تیمی ئێمە ماوەی 13 ساڵە لێکۆڵینەوە لە قەڵاکانی ناوچەی ئەندرین دەکات و لە ئەنجامدا بۆمان دەرکەوتووە کە ئەم ناوچەیە، هەمان ئەو ناوچەیەیە کە چەندین شارستانییەتی تێدا ژیاوە، هەروەها وەک ناوەندێکی بازرگانی ناسراو بووە. [1]