یادی پەنجا ساڵەی (دوازدە وانە بۆ مناڵان)
#عەبدوڵڵا پەشێو#
=KTML_Link_External_Begin=https://www.kurdipedia.org/docviewer.aspx?id=539482&document=0001.PDF=KTML_Link_External_Between=کلیک بکە بۆ خوێندنەوەی دوازدە وانە بۆ مناڵان بە فایڵی پی دی ئێف=KTML_Link_External_End=
پەنجا ساڵ لەمەوبەر، ڕێک لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا (#22-03-1972#) ، لە #کەرکووک# لە یەکەم فێستیڤاڵی شیعری کوردی، لە هۆڵی قوتابخانەی ناوەندیی ئیمام قاسم، هۆنراوەی (دوازدە وانە) خوێندرایەوە. لەوساوە هەر بە دەستاودەستکردن مایەوە تا ساڵی 1979 بە دەستخەتی خۆم و پشتگیریی هاوڕێیان لە بەرلینی ڕۆژاوا چەند دانەیەکی لێ بڵاو کرایەوە و دواتر لە ڕۆژهەڵاتی نیشتمان لە چاپ درایەوە.
لە ساڵی 1973دا، کە وڵاتم بەجێهێشت، نە دەقەکەم بەتەواوی لابوو، نە تۆمارەکەشی. ڕەنگە لێرە و لەوێ شتۆکەیەک گۆڕابێ. بۆ ڕەواندنەوەی هەر گومانێک چاپەکانی (پشت لە نەوا و ڕوو لە کڕێوە) بە بنەما وەردەگیرێن.
ئەم هۆنراوەیە بەرهەمی ڕامان و خۆخواردنەوە و ژانوژووری ڕۆژگارێکی بێئەندازە سەختی ژیانی خۆم و نیشتمانەکەمە، سەنگرانەوەیە لە ڕەشانگ و تاپۆی کۆنگرە و قەڵایەکی لە مێژینەی وەهمکرد. دەستبەردانە لە خۆدزینەوە. خۆدۆزینەوەیە.
لە دوماهیی ساڵی 1969دا دەستم بە نووسینی (12 وانە) کرد، لە گوندی کەنداڵ، لەناو زاکوزووکی قوتابییە خۆشەویستەکانی ئەوێ تەواوم کرد.
ئەگەرچی پەنجا ساڵ پترە (دوازدە وانە)م تەواوکردووە، کەچی ئەو تا ئێستاش دەستم لێ بەر نادا، هەر دەمنووسێ و دەمنووسێ، دیزاینم دەکات و دەکاتەوە.
لە پێشەکیی (12 وانە) دا ڕۆژی #02-10-2002# ئەمەی خوارەوەم نووسیوە:
(چارەنووسم، چ وەک شاعیر چ وەک مرۆڤ، چ بەلای باشەدا چ بەلای دەرد و بەڵای دنیادا، تا ڕادەیەکی زۆر دەرەنجام و داڕشتەی ئەم شیعرەیه. دەمەوێ بڵێم: ئەگەر ئەم شیعرەم نەنووسیبا، کە نووسیشم جاڕم نەدابا و ڕووبەڕووی سیستەمی بیرکردنەوەی ئەوان ڕۆژان نەبامایەوە چارەنووسێکی دیم دەبوو.)
پەشێوی خۆتان
#22-03-2022#
وانەی یەکەم
مناڵەکان،
ئەی یاخییە ژینتاڵەکان:
سبەی ئێوە کە گەورە بوون،
لە لاوکا،
لە حەیرانا،
لە مزگەوت و دیوەخانا،
لە چیرۆکا،
لە هۆنراوەی شاعیرێکی ترسنۆکا،
ڕەنگە زۆرتان بەرگوێ کەوێ
باسی ئێمە و ئازایەتی،
باسی ئێمە و کوردایەتی،
بەڵام نەکەن بڕوا بکەن،
هەمووی درۆن، درۆی پەتی!
وانەی دووەم
مناڵەکان،
ئێمە تووشی سەد کوێرەڕێین...
چرای بیرمان گەلێک کزە،
هەنگاوی کوێرانە دەنێین!
* * *
مناڵەکان*،
ئەفسانەکان دەگێڕنەوە:
هەبوو... نەبوو...
هۆزێک هەبوو لە خاکێکا.
پاڵەوانیان-
چاوی کوێر بوو،
هەوای دەورەی خۆی دەپێکا.
فەیلەسووفیان-
فاڵچییەک بوو،
شەوان فاڵی دەگرتەوە،
تا بزانێ کەی دوژمن بۆی
پەت دەخاتە گەردنی خۆی.
پیاوماقوولیان-
کەڕ و لاڵ بوو،
ماوەی کورتی ئارامیشی هەزار ساڵ بوو!
هۆزی نەگبەت
شەوی دەژمارد،
ڕۆژی دەژمارد،
سێ ژەم نان و چەپڵەی دەخوارد،
چاوەڕێ بوو کە دوژمن بۆی
پەت بخاتە گەردنی خۆی!
وانەی سێیەم
مناڵەکان،
ئێوەن زەلکاو دەشڵەقێنن،
ئێوەن ئه و بوومەلەرزانەی
سبەی کانی دەتەقێنن؛
ئێوەن سبەی
سنووری دەستکرد دەشکێنن،
قەفی زنجیری لێکپچڕاو
بە یەکترەوه دەلکێنن.
ئێوەن سبەی
لە قامیشلی،
لە دیاربەکری شێخ سەعیدا،
لە #سلێمانی#ی بریندارا،
لە #مەهاباد#ی (قازی) دا،
بە یەک فەلسەفە پێدەگەن،
گشت تێدەگەن:
ئەوەی کورد بێ، نەوەی نوێ بێ،
دەبێ تێشووی
ڕێی یەکیەتیی کوردی پێ بێ!
وانەی چوارەم
مناڵەکان،
لە وانەکانی دوێنێمدا
گوتم ئێمە لەوەتی هەین،
درۆ لەگەڵ خۆمان دەکەین،
لە ژینمانا،
لە کردەوە و نووسینمانا
بێ فەلسەفەین.
ئەمەم گوت و دنیا ڕما،
هەوری تانە
بەره و ئاسۆی بیرم جما!
مناڵەکان،
توخواکەی بپرسن لێیان،
بپرسن لەوانەی چاویان
تینی ناگاتە بەر پێیان،
مەترسن، بپرسن، بڵێن:
لە سەفەری دوڕگەی خوێنا
بۆ مناڵان چیتان هێنا؟
پێمان بڵێن، چیتان هێنا؟!
وانەی پێنجەم
مناڵەکان،
ئەی بێلانە ژینتاڵەکان:
زۆر لەمێژە دایکەکانی ئەم وڵاتە
مەمکەکانیان
شیری سەربەستیی تیا قاتە.
زۆر لەمێژە کێوەکانی ئەم وڵاتە
پێغەمبەرێکیان تیا قاتە!
مناڵەکان،
لە ئاگردانی چاوتاندا
من چاوەڕێی زەردەشتێکم،
بێ، جێ به و بتانە لەق کا.
من چاوەڕێی
چەخماخەی ئاڤێستایەکم،
بێ، جەرگی تاریکی شەق کا!
وانەی شەشەم*
مناڵەکان،
سەنگەر سەنگەر چیاکان گەڕام،
گوێم لێ بوو، کۆمەڵێک قەوان** ،
لە ناو سەنگەرێکی چۆڵدا،
لە پێشمەرگەی شەهید دەدوان!
وانەی حەفتەم
مناڵەکان،
دەسگیرانم کۆترێکی دیاربەکرە.
حەزی لە چیا و قاسپەی که و و ڕەنگی بەفرە.
بۆ گواستنەوەی
زنجیرە چیام قەف قەف بڕی.
ڕۆژژمێرم پەڕ پەڕ دڕی.
پەساپۆرتم؟!
ئاوات و زەردەخەنه بوو،
کلدان و کیسێک خەنە بوو.
کە لە دەرگەی سنوورم دا،
لە باتی ماچ،
ماچی گەرمی دەسگیرانم،
تفی زەردی پۆستاڵڕەشێک
هات سواخی دا ناوچەوانم!
وانەی هەشتەم
مناڵەکان،
ئەی برسییە ژینتاڵەکان:
لەسەر سنگە نەوتاوییەکەی بابەگوڕگوڕ،
نێزیک تاڤگەی سەرەوژووری زێڕینی گڕ،
گڵکۆیەکی بچکۆلەم دی.
لێی نووسرابوو:
ئا لێرەدا مناڵێکی چاوگەشی کورد
لە برسان مرد!
وانەی نۆیەم
مناڵەکان،
ئەوەی دەنکەگەنمێکی چاند-
گوڵەگەنمی دروێنه کرد.
ئەوەی دڵۆپێک خوێنی چاند-
تابلۆیەکی بۆ خۆی نەخشاند.
ئەوەی تەنیا هاوارێکی لە دەم دەرچوو-
گوێی لە سەدای دەنگی خۆی بوو.
کەچی ئێمه
کاسەسەر و چاو دەچێنین،
بارانی خوێن بەسەریانا دەبارێنین،
هێشتا وەرزی دروێنەشمان دیار نییه.
تا گوڵەگەنمێکی کێڵگەی
ئه و خوێنەشمان دیار نییە.
* * *
مناڵەکان،
با ئه و جۆگەیه بگۆڕین
کە خوێنمانی پێدا دەڕوات.
با ئه و زەمینەش بگۆڕین
کە چاو و کاسەسەر دەخوات.
ئەوجا کێڵگەی ڕووناکیتان نیشان دەدەم.
ئەوجا وەرزی دروێنەتان بۆ ڕست دەکەم.
وانەی دەیەم
مناڵەکان،
لەسەر ناوچەوانی زەردی ڕۆژنامەکان،
لەسەر بۆڕییە نەوتەکان،
لە دیواری ئاودەستخانەی مزگەوتەکان،
دە ملیۆن جار
نووسیمان بژی چەوساوە،
نووسیمان بژی کرێکار!
بەڵام هەموو نووسینەکان،
تەنیا جارێ،
نەیانتوانی ببنە پاروو،
تێر کەن زگی کرێکارێ!
وانەی یازدەم*
مناڵەکان،
ئەی بێلانە ژینتاڵەکان،
شه و لە خەوما ڕێبوارێک بووم.
بۆ بارەگای (یوتان) دەچووم. ***
کە دەروازەکەی قووتی دام
ڕەشم بینی- ئاڵای هەبوو،
سپیم بینی- ئاڵای هەبوو،
هەرچیم بینی- ئاڵای هەبوو.
قیژاندیان:
ئەی بێ وڵات، بۆ دەرەوە!
ئەی بێ ئاڵا، بۆ دەرەوە!
منیش گوتم:
مەقیژێنن!
کە دەچمەوە،
ئەم چیڕۆکە بۆ مناڵان دەگێڕمەوە!
وانەی دوازدەم
مناڵەکان،
کە وانەکان دەخوێننەوە،
ئەگەر ڕۆژ بوو،
لە کونجێکا کپ هەڵتووتێن.
ئەگەر شه و بوو،
با چراکان کز بسووتێن.
چاک دەزانم،
گەورەکانتان بتانبینن،
داختان دەکەن،
وانەکانم دەسووتێنن؛
دێن، دووباره،
جەستەی حەللاج دەدەنەوە لە سێدارە!
* ئەم بڕگەیە لە چاپەکانی پێش 2006 دا نییە و لەبیر کرابوو. پایزی 1980، لە ڤیەننا، هاوڕێم د. کوردۆ عەلی تەواوی دەقەکەی وەبیر هێنامەوە.
** قەوان: قاوغی فیشەک، قەپێلکی بەتاڵی گوللە.
***یوتان (1909- 1974) سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان له نێوان ساڵانی 1961- 1971 دا. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=