جلوبەرگی کوردان لە چاوی گەشتیارانەوە لە ساڵانی 1501-1979 زایینی 03
چیا عەزیزی
دێمۆرگان جلوبەرگی ژنانی موکریی کوردستانی بە تەنوورەیەکی کوورت، نیوتەنەیێکی لۆکەییی، لەتێک قوماشی گەورەی شینی لۆکەیی و عەمامە یان سەروێن دەزانێت، بەو جیاوازییەی کە عەمامەی پیاوان سپییە و سەروێنی ئافرەتان زۆرتر شین و سوور بووە. (1)
داگلاس کە لە سەردەمی محەمەد ڕەزا شای پەهلەویدا سەفەری ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانی کردووە، جلوبەرگی ژنانی #مەهاباد#ی بەم شێوەیە وەسف کردووە: (تەنوورەیێکی درێژ و ڕەشیان لەبەردا بوو و شاڵگەلی ڕیشکداری درێژ و ڕەشیان لەسەردا بوو کە کراسەکانیانی بەتەواوی دادەپۆشی.) (2) (سەروێنی ڕیشکدار) لەڕاستیدا هەر ئەو سەروێنانەیە کە ڕیشکدارن کە ژنان و پیاوان لەسەری دەکەن، بەڵام بەوتەی گاسپار، دڵڕەفێنیی سەروێنی ژنانی کورد (3) زۆرتر لە پیاوان بووە (4) و ئەو جۆرەی ویڵیام هیی دەیڵێت، ژنانی کورد تەنیا ژنانێکن کە لە خاوەر زەویندا (وڵاتانی ڕۆژهەڵات) ئەم جۆرە سەرپۆشانە لەسەر دەکەن. (5)
خاڵێکی گرنگ کە پێویستە لەسەر جلوبەرگی ژنانی کورد ئاماژەی پێ بکرێت، ئەو جیاوازییەیە کە گەشتیاران لە تێبینییەکانیاندا سەبارەت بە جلوبەرگی ژنان ئاماژەیان پێ کردووە؛ بۆ نموونە سۆن جلوبەرگی ژنانی کوردی لە باکوور بە سادە و لە ناوەڕاست و باشووری کوردستان ئاڵۆزتر و وردتر زانیوە؛ ئەو لە وەسفکردنی پێشوودا دەڵێت: (ژنانی موکری و ئەردەڵانی بەهۆی ئەو سەروێنە گەورانەی کە لەسەر سەریان دەیبەستن، و ئەو کۆمەڵە دەسماڵە ئاوریشمی ڕەنگاوڕەنگە کە تەنیا لە لایێکی سەریانەوە گرێی دەدەن، لەنێو ژنانی کۆچەریی دیکەدا جیاوازن.) (6) لەسەر بنەمای ئەمجۆرە سەروینەش، فاکتۆری جیاکردنەوەی ژنان لە ناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکی دیکە یان لە چینێکەوە بۆ چینێکی دیکە دادەنرێت، بە جۆرێک کە پۆشینی باوی ژنانی موکری، کە پێی دەوترێت سەرداری یان چارۆکییە (7)، هێمایێک بۆ ناسینەوەی ژنانی ئەو ناوچەیە له ڕێگەی پۆشاکەوە بووە. دێمۆرگان جیاوازیی جلوبەرگی ژنانی #سنە#ی (8) بە بەراورد لەگەڵ شوێنەکانی دیکە، تەنیا لە سەرپێچەوە ڕاگەیاندووە. (9)
مەحموودی دانشوەر، ڕێبوارێکی ئێرانی، جلوبەرگی خەڵکی هەورامانی جیاواز لە کوردەکانی دیکە بینیوە و بەم شێوەیە ڕوونی دەکاتەوە: (جلوبەرگی خەڵکەکە پێچەوانەی کوردەکانە و زۆرجار شریتی سەوز بە قاچی پانتۆڵەکەیانەوە هەڵدەواسن و لەسەر کڵاوەکان کە بە فێس ناسراون، چ ژنان و چ پیاوانی دەوڵەمەند، بە مەرجان و مووری شین و گەوهەرەکانەوە دەیبەستنەوە.) (10)
لە وێنەی خوارەوە لە سۆرۆگین (11)، جلوبەرگی ئافرەتانی کوردی پێکهاتووە لە بلوز (کراس) و لەچکەگەلێک کە شریتی بچووک بە درێژایی لێوارەکانییەوە هەیە کە دەچەمێنرێنەوە و دواتر بە سەرەوە دەپێچرێنەوە. زنجیرێ کە لەژێر چەناگەی ژنەکەیە، ئاماژەیە بۆ ئەوەی کڵاوێکی بچووک لەژێر سەروێنەکەدا دانراوە. سەرێکی چارۆکەکە بە دەوری خۆی و دواتر بە ملی ژنەکەوە دەپێچرێتەوە. (12) سۆن لەم پەیوەندییەدا ئاماژە بەوە دەکات کە (سەرپۆشی ژنانی کورد، لە کڵاوێکی بچووکی دیکۆڕی پێکهاتووە کە سەرێکی، دەستماڵێکی ڕەنگاوڕەنگ بە ناوی جامانە (13) دەبەستن کە بەشێکی لە پشت سەرەوە هەڵواسراوە و زۆرجار یەک کەڕەت بە دەوری ملدا دەپێچرێتەوە. عەمامەی کوردەکان بە پارچەگەلێک لە قوماشی ڕەش، بە یەکەوە دەبەسترێتەوە و هاوشێوەی ماری بوا پێکدەهێنێت. ئەم پۆشینە بە دەوری سەرەوە، بەسەر جامانەکە دەپێچرێتەوە. جلوبەرگەکەیان بە گشتی ڕەنگین و شکۆمەندە، بەتایبەت کاتێک کە ئەو کەسەی لەبەری دەکات باڵابەرزبێت، بە جۆرێک کە زۆربەی ژنانی #سلێمانی# بەم شێوەیەن.) (14)
ڕیچ سەبارەت بە قوورسیی سەروێنی ژنانی کورد، کە نیکیتین پێشتر باسی لێوە کردبوو، دەڵێت: (سەروێنی ژنەکانیان زۆر قوورسە و تا ڕادەیەک بە لەبەرکردنی، ئازارێکی زۆر دەچێژن لە زۆر حاڵەتیشدا بڕێکی زۆر لەقژیان هەڵدەکەنرێت. یەکێک لەو شتانەی سەختە باوەڕیان پێ بکرێت ئەوەیە کە کاتێک دەخەون بەم سەروێنانەوە دەخەون و سەرینێکی بچووک لەژێر سەریان دادەنێن.) (15)
واڵتەر هەریس لە گەشتەکەیدا بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان باس لەوە دەکات کە ژنانی کورد سەروێنە ڕەشە گەورەکانیان دەخستە سەر سەریان و قژە هۆنیاوەکانیان کە شۆڕ دەبوونە سەرشانیان بە ئەڵقەی گەورە، لە پشت سەریانەوە توند دەبەستەوە (16)، ڕەنگە ئەو ئەڵقەیانە کە هاریس باسی کردووە، دەبێت هەمان (سەرپەلکە) بێت کە شێوەی لە پەرتووکی پوشاک ایلها، چادرنشینان و ڕووستائیان ئێران هاتووە. (17) (18)[1]
=KTML_Bold=سەرچاوە و تێبینییەکان.=KTML_End=
1-دمورگان، ژان ژاک ماری دو (1398)، سفرنامه ی دمورگان، ترجمه ی کاظم ودیعی، ج دوم، تهران، دنیای کتاب.ص22.
2-داگلاس، ویلیام او (1377)، سرزمین شگفت انگیز و مردمی مهربان و دوست داشتنی، ترجمه ی فریدون سنجری، چ اول، تهران، انشارات گوتنبرگ. ص106.
3-نیکۆلاس سانسۆن Nicolas Sanson، میسیۆنێرێکی کریستیان فەڕەنسی کە لە سەردەمی شا سلێمانی سەفەویدا بۆئێران هاتووە، وێڕای ڕوونکردنەوە لە بارەی جلوبەرگی ژنانی ئێرانی دەڵێت: «ژنان هیچ جۆرە سەروێنێک وەک پیاوان لەسەر ناکەن» و بێگومان ئەمەش پێچەوانەی قسەی هەموو ئەو گەشتیارانەی کە باسیان لە سەروێنی ژنانی کورد کردووە. ( سانسۆن، 1346: 122).
4-دروویل، گاسپر (1365)، سفر در ایران، ترجمۀ منوچهر اعتماد مقدم، چ دوم، بیجا، بینا. ص322_321.
5-Hay, William Rupert (1921) Two years in Kurdistan: experiences of a political officer, 1918-1920, London: Sidgwick & Jackson, ltd٫ 1921: 42.
6-نیکیتین، موسیو ب (1356)، خاطرات و سفرنامه ی موسیو نیکتین، ترجمه ی علی محمد فرەوشی ( مترجم همایون)، با مقدمه ای از ملک الشعرا بهار و بهرام فرەوشی، چ دوم، تهران، ناشر کانون معرفت. ص 216_215.
7-نیکیتین، موسیو ب (1356)، خاطرات و سفرنامه ی موسیو نیکتین، ترجمه ی علی محمد فرەوشی ( مترجم همایون)، با مقدمه ای از ملک الشعرا بهار و بهرام فرەوشی، چ دوم، تهران، ناشر کانون معرفت. ص215 Tcharoukhiya ؛ چارۆکە.
8- نیکیتین، جلوبەرگی ژنانی سلێمانی سەرەڕای ئەوەی تایبەتمەندی جلوبەرگی کوردی هەیە، کاریگەریی لە سەلیقەی عەرەبی زانییوە. (نیکیتین، ص 215).
9-دمورگان، ژان ژاک ماری دو (1398)، سفرنامه ی دمورگان، ترجمه ی کاظم ودیعی، ج دوم، تهران، دنیای کتاب.ص 52.
10-دانشوەر، محمود (1387)، دیدنی ها و شنیدنی های ایران، چ اول، تهران، انتاشارات دنیای کتاب.ص 731.
11- Sevruguin Antoin.
12- Barjasteh L. A Ferydoun van Waalwijk van Doorn and Dr Gillian M. Vogelsang-Eastwood (1999)٫ Late Nineteenth Century Photographs of Iran from the National Museum of Ethnology in Leiden٫ the Netherlands٫ Tehran: Zaman and Rotterdam.٫114.
13-Jamana له فەڕهەنگی هەنبانە بۆرینەدا، جامانە جۆرێکی سەروێنی پیاوان مانا کراوەتەوە و پۆشین، سەروێنی ڕەشی ژنانە. ( شەرەفکەندی، 1369: 115و180).
14-Soane E. B (1926)٫ To Mesopotamia and Kurdistan in Disguise٫ Boston٫ Small٫ Maynard and Company Publishers. 1926: 402.
15-ریچ، کلودیوس جیمز (1398)، سفرنامۀ کلودیوس جیمز ڕیچ (بخش کردستان)، ترجمه و تعلیق حسن جاف، تصحیح فرامرز آقابیگی، چ اول، تهران، انتشارات ایرانشناسی، ص230-231. 1398: 23.
16-Harris٫ B. Walter (1896)٫ From Batum to Baghdad: Viâ Tiflis٫ Tabriz٫ and Persian Kurdistan٫ William Blackwood and Sons٫ Edinburgh and London.237.
17-زیاءپوور، جلیل (بی تا)، پوشاک ایل ها، چادر نشینان و ڕووستائیان ایران، بی جا، انتشارات اداره ی فرهنگ عامه از انتشارات وزارت فرهنگ وهنر.
18- آقابیگی، فرامرز (1400)، کرد در سفرنامهها (از صفوی تا پایان پهلوی)، چاپ اول، تهران، انتشارات ایرانشناسی.