ئافرەتی کوردپەروەر و خێرخواز و خەمخۆری ئافرەتانی کوردستان، حەپسەخانی کچی مەعرووفی بەرزنجی نەوەی #کاک ئەحمەدی شێخ# و ئامۆزای شێخ مەحموودی مەلیکی کوردستان و هاوسەری #شێخ قادری حەفید# و ناسراو بە حەپسەخانی نەقیب، لە ساڵی 1891دا لە شاری #سلێمانی# هاتۆتە دنیاوه.
حەپسەخان لەو بنەماڵە گەورە ئایین و زانست پەروەرە خزمەتگوزارەی کوردپەروەردە بووە و بووەتە یەکێک لە ئافرەتە هەرە بەناوبانگەکانی کوردستان، چونکە ژنێکی بەخشندەی چاوتێر و خێرخواز بووە و گەلێک زمان شیرین و دەروون پاک بووه، دیوەخانەکەی هەردەم پڕ لە ئافرەتی شاری سلێمانی و دەوروبەری بووە و هەر ئافرەتێک تووشی کێشەیەکی کۆمەڵایەتی یا دارایی بووبێ و زۆریی لێکرابێ، پەنای بردۆتە بەر حەپسەخان و ئەویش بەدڵێکی فراوانەوە لە کێشەکەی کۆڵیوەتەوە بۆی چارەسەر کردووە و زۆر جاریش یارمەتییەکی باشی دارایی ئەو جۆرە ئافرەتانەی داوه، تاوای لێهاتووە نەک هەر لەناو ئافرەتاندا ڕۆڵ و نرخی کۆمەڵایەتی خۆی هەبێت، بەڵکوو لەناو هەموو خەڵکی کوردستاندا ڕێز و پایەیەکی تایبەتی بووە و لەو کاتەی کە ماڵ و دیوەخانەکەی حەپسەخان بوو بووە قوتابخانەیەکی کۆمەڵایەتی کورد و ئافرەتان لێیەوە فێری ڕەوشتی بەرزی کۆمەڵایەتی دەبوون، لە هەمان کاتیشدا مەڵبەندێکی بەرزی نیشتمانپەروەریش بوو، ئافرەتان لەو مەڵبەندە کۆمەڵایەتییەی ئەو شێرەژنە کورده، هەستی کوردایەتییان دەرورووژا و بیری ڕامیاریان لەلا پەروەردە دەبوو.=KTML_ImageCaption_Begin==KTML_StyleDiv=width:20%;height:30%;float:right;=KTML_ImageCaption_Target_Link=https://www.kurdipedia.org/files/relatedfiles/2008/131/0004.JPG=KTML_ImageCaption_Title=حەپسەخانی نەقیب و شێخ قادری هاوژینی=KTML_ImageCaption_CaptionStyle=000000=KTML_ImageCaption_Caption=حەپسەخانی نەقیب و شێخ قادری هاوژینی=KTML_ImageCaption_End=
لەو کاتەی کە لە کۆڕ و کۆبوونەوەی ئافرەتاندا باسی جلوبەرگی ئاڵوواڵای ژنان و باسی ئەم و ئەو دەکرا، دەبینرا لە کۆڕ و دیوەخانی حەپسەخاندا هەرباسی ڕەوشت پاکی و کوردپەروەریی و مافی نەتەوایەتی کورد و ئازادیی خاکی کوردستان دەکرا.
ئەم ئافرەتە تێکۆشەرە کوردپەروەرە دڵسۆزی کوردستان، لە ساڵی 1930دا نامەیەکی ڕامیاری مێژووی بۆ ڕێکخراوی کۆمەڵەی نەتەوەکان لە جنێف نووسی و بە ڕاشکاوی داوای مافی چارەنووسی کوردی کرد لەسەر خاکی کوردستان و ئەو داوا کارییە ئەو ئافرەتە مەزنە دەنگێکی باشی دایەوه، بە تایبەتی لەوسەردەمە تاریکەی کورد پێی تێدەپەڕی
کاتێکیش کە کۆماری دیموکراتیی کوردستان بە سەرۆکایەتی #پێشەوا# #قازی محەمەد# لە 1946-01-22دا لە #مەهاباد# دامەزرا، حەپسەخان بەهەموو توانایەکی دارایی پشتگریی ئەو کۆمارە ئازیزە ساوایەی کوردی کرد بەرانبەر بەو هەڵوێستەی پێشەوا سوپاسنامەیەکی گەرمی بۆ نارد و ڕێزێکی زۆری لێنا
حەپسەخان لە بواری زانست و پەروەریی و بڵاوکردنەوەی خوێندەواری لەناو ئافرەتانی کورددا، ڕۆڵێکی باڵای بووه، بۆیە نەک هەر مایەی شانازیی پێوەکردنی ژنانی کورد بووه، بەڵکوو جێگەی شانازی سەرجەم میللەتی کوردبووه، چونکە جگە لە هەڵوێستی چاکەخوازیی کۆمەڵایەتی و خزمەتگوزاریی خەڵک و یارمەتیی دانی هەژار و کوردپەروەریی پڕ لە دڵسۆزی و ڕاستگۆیی، هەڵوێستێکی بەرزیشی بووە بەرانبەر بەکردنەوەی قوتابخانەی ئافرەتان بۆ لەناوبردنی نەخوێندەواریی کە ئەوساکە دەردێکی کوشندەی کۆمەڵایەتی نێو کۆمەڵگەی کوردەواریی بوو و لە سەدا یەکی ئافرەتانی کورد خوێندەوار نەبوون، بۆ ئەم مەبەستەش خانوێ خۆی کردە قوتابخانە، تا ئافرەتان ئێواران فێری خوێندن و نووسین ببن، ئەو قوتابخانەیەش یەکەمین قوتابخانەی ئافرەتان بووە لە شاری سلێمانی و لە هەموو کوردستاندا.
ئەم ئافرەتە مەزنە چاکەخوازەی کورد لە تەمەنی شەست و دوو ساڵیدا لە ڕۆژی چوارشەممەی ڕێککەوتی 12ی نیسانی 1953دا بە نەخۆشی شێرپەنجە کۆچی دوایی کرد و کەلێنێکی گەورەی لەناو ئافرەتانی کوردستان بەجێهێشت.[1][2][3]