ساڵی 1865 ی زاینی لە ناوچەی (پاڵوو) لەدایک بووە یەکێکە لە شێخە بەرزەکانی نەقشەبەندی لە پاش مردنی باپیرەی (شێخ عەلی) باوکی ناوچەی پاڵووی بەجێ هێشتووە و ڕووی کردۆتە شاری (خنیس) شێخ سەعید خوێندنی دینی لەو شارە تەواوکردووە، پایە و ڕیزی کۆمەڵایەتی شێخ و زیرەکی و لێهاتوویی و دەوڵەمەندی بووەتە هۆی سەرەکی بۆ ئەوەی کۆمەڵە پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆ و پتەو بە شێخ سەعیدەوە بکات لە کوتایی هاوینی1923 (یوسف زیبا) کەسەرۆکێکی بزووتنەوەی کورد و نائیبی کۆنی شاری (بەتلیس) بووە لە پەڕڵەمانی تورکیادا، چووەتە شاری (خنیس) بۆ خزمەت و دیدەنی شێخ سەعید، لەپاش گۆرینەوەی بیروڕاو ڕونکردنەوەی دید و بۆچوونیان ڕێکەوتوون لەسەر ئەوەی بڕیاری هەڵگیرسانی شۆڕشێکی نوێ بدەن.!.!. لەزستانی ساڵی 1923تا ساڵی 1924 سەرۆک هوزەکان و ئەندامە چالاکەکانی کۆمەڵەی سەرخۆبوون کۆبوونەوەی فراوانیان لە ناوچەی (پاڵوو) بەست کەتیایدا باس لەفراوان کردن و خۆساز دان بوو بۆ چالاکی کردن لەپێناو بزووتنەوەی نهینی و خۆ ئامادەکردن بۆ ڕاپەڕینی نۆی بۆ سەربەخۆی کوردستان.=KTML_ImageCaption_Begin==KTML_StyleDiv=width:25%;height:20%;float:right;=KTML_ImageCaption_Target_Link=https://www.kurdipedia.org/files/relatedfiles/2011/58059/0004.JPG=KTML_ImageCaption_Title=ئەم وێنەیە دوو کاتژمێر پێش لەسێدارەدانی گیراوە لە 29ی حوزەیرانی 1925=KTML_ImageCaption_CaptionStyle=000000=KTML_ImageCaption_Caption=ئەم وێنەیە دوو کاتژمێر پێش لەسێدارەدانی گیراوە لە 29ی حوزەیرانی 1925=KTML_ImageCaption_End=
ئەم کارو بڕیارەش تا ڕادەیەکی بەر فراوان بە یارمەتیی (شێخ مەحمودی حەفید) و (سمکۆ) ی شکاک بوو، هەروەها بڕیار درا یاداشتێک دەربارەی پشتگیری نەتەوەی کورد بۆ کۆمەڵەی نەتەوەکان (عصبة الأمم) بنێرن (سەرهەنگ خالید جەبری) و (یوسف زیبا) چالاکترین ئەندامانی کۆمەڵەی سەرخۆبوون بوون کە هەموو بڕیارە گرنگەکانی کۆمەڵەیان دەگەیاندە دوورترین ناوچەکانی کوردستان و ئامادەییەکی هەمیشەییان لەنێوان سەرۆک هوزەکاندا پەیدا کردبوو، هەروەها پەیوەندییان لەگەڵ پارتی جەمهوری پێشکەوتووی تورکیا پەیدا کردبوو کە لە تشرینی دووەمی ساڵی 1925 دامەزرابوو، بەڵام بەهۆی خیانەتکاری سەرۆکەکانی هۆزی (خورمیک) کەدەنگ و باس و خو ئامادەکردنی گەیاندە یاساوڵانی ڕژیمی تورکیا، بە بڕیاری مستەفا کەمال ئەتاتورک (یوسف زیبا و خالید جەبری) بەگ گیران و ڕەوانەی زیندانی بەتلیس کران، لەپاش گرتنی ئەم دوو سەرکردەیە کۆمەڵە وەک پیویستییەکی گرنگ بەپەلە بڕیاری دا کە (شێخ سەعید) ی پیران هەڵبژردریت و بکرێت بە سەرۆکی کۆمەڵە ی سەرخۆبوون. (شێخ سەعید) لە پاش هەڵبژاردنی بە سەروکی کۆمەڵە بڕیاری هەڵگیرسانی مەشخەڵی بزووتنەوەی چەکدارانەی دا، بەڵام زیاتر دەیویست بڕیارەکە مۆرکی کوردستانی گەورەی پێوە دیاربێت لەبەر ئەوە (عەلی ڕەزای) کوڕی ناردە شارەکانی #ئامەد# و حەڵەب بۆ زانینی بیروبۆچوونی سەرۆکەکانی کوردی سووریا و ئێراق و ئیران بۆ زیاتر ڕێک کەوتن لەسەر کاتی گشتی ڕاپەڕینەکە، لە پاش کوبوونەوەیەکی گەورە لە شاری حەڵەب، هەمووان گەیشتنە ئەو باوەڕەی کە مافی نەتەوایەتی گەلی کورد بەبێ شورشێکی چەکدارانە مەحاڵە مسۆگەر بکرێت. پاشان، ڕوژی 21 ئازاری ساڵی 1925 دانرا بەیەکەم ڕوژی هەڵگیرسانی مەشخەڵی شۆڕش و ڕاپەڕین، لە نیوەی دوەمی مانگی یەکەمی ساڵی 1925 دا شێخ سەعید گەشتێکی بەزۆربەی ناوچەکانی کوردستاندا کرد، گەرمی هەستی کوردانەی خەڵکی کورد کارێکی وای لێکەوتەوە کە شێخ سەعید شۆڕشی چەکدارانە دەست پێبکات لە دژی داگیرکەرانی ترک، دەچووە هەر ناوچە و گوندێک وشار وشاروچکەیەک بەکومەڵ لایەنگرو دوست ڕوویان تێ دەکرد تا دەهات خەڵکی چەکداری ڕاپەڕینەکە ڕوو لە زیاد بوون دەچوو، بەتایبەتی لە شاری (گەنچ) و ناوچەی (لیچە، خانی، پیران) ، لە پێنچی شوباتی 1925 شیخ سەعید (خانی) ی بەجێ هیشت لەگەڵ سەد سوارەی ئازا بەرەو گوندی (پیران) بەڕی کەوتن بۆ ماڵی (عەبدول ڕەحیمی) برای..لە هەمان شەودا مەفرەزەیەکی سوپای تورک بەسەرۆکایەتی هەردوو ئەفسەر (حوسنی ئەفەندی و مستەفا عالیم) کە هاتبوون بۆ گرتنی چەند کەسێک لە گوندنشینەکان، دوواجار شێخ سەعید ڕازی نەبوو کەکەس بگیرێ، ئەمە بووە هوی ئەوەی کە هەردوولا سەنگەر لەیەک بگرن، لەپاش شەڕوتەقە کردن چەندین کەس لە مەفرەزەی دوژمن کوژران و ئەوانی تریش بە ئەسیری گیران، ئەم ڕووداوە لەپڕە بووە هوی ڕێگرێکی سەرەکی ناوەخت لە کامل نەبوونی خۆ ئامادە کردنی ڕاپەڕینەکەی شێخ سەعید، کاتێک (شێخ تایەر) ی برای (شێخ سەعید) ئەم هەواڵەی بیست، بێ وەستان و چاوەڕوانی لە 10 ی شوباتی هەمان ساڵدا کونتڕوڵی شاروچکەی (لیچە) ی کرد و دەستی بەسەر گشت پارە و نووسین و نامە و تەلگرافی نهێنی ڕژێم دا گرت، لەڕوژی 11 ی شوباتدا، لەگەڵ دوو سەد هەزار سوارە چوونە خزمەت شێخ، ئەم ڕوودا و هۆکارانە بوونە هۆی سست بوونی هەندێک کاری شۆڕشەکە ڕێگەیان لەدوا خستنی شۆڕشەکە گرت بۆیە (شێخ سەعید) بەناچاری پێش وەخت بڕیاری دەستپێکردنی ڕاپەڕینەکەی دا، بەپێی ئامارێکی ئەو کاتە، ژمارەی پێشمەرگە کوردەکان تەنیا لە چوار ولایەدا نزیکەی شەش سەد هەزار کەس بوون بەرانبەر ژمارەی هێزی تورکەکان کە لە سەد هەزار کەمتر بوون جگە لەوەی لەم ناوچانەدا نەتەوەی چەرکەس و عەرەب و ئەرمەنیشی تێدابوو، ئەم کەمینە نەتەوانەش زۆر چەوساوە و زوڵم لێکراوی ژێر دەسەڵاتی تورک بوون بۆیە زۆربەیان لە شۆڕشەکەدا بەشدار بوون و هاوکاری و پشتیووانیان نیشان دا و (شێخ سەعید) سەروکایەتی سوارە پێشمەرگەکانی حاجی حەسەن و عەمەری خارۆ هۆزی (مەستان و بۆتان) ی باشووری چیای (کوچەرانی) دەکرد هێزی (ساڵح بەگی خانی) هێزەکانی (شێخ شەمسەدین) یش هاتنە ناوچەی (مادن) و (شێخ ئەیوب) یش لەگەڵ هەزاران سوارەی پێشمەرگە چوونە ناو ڕیزەکانی (شێخ عەبدول ڕەحیمی) برای (شێخ سەعید) بەرەو ڕزگارکردنی شاری (دیار بەکر) ڕۆیشتن، (شیخ سەعید) لە سەرەتاوە هەستی کرد کە هێزەکانی لە توانایان نییە شاری (دیار بەکر) ڕزگار بکەن بۆیە بیری لە ڕیگای تر کردەوە.. بۆ ئەمەش کەوتبووە گفتوگۆکردن لەگەڵ حکومەتی تورک تا بواریکی لەبار بۆ ڕاپەڕینی کوردەکانی ناو شارەکە بڕەخسێنێ، هەر چەندە بوار و ڕێگا نەبوو بۆ گەیاندنی هیچ جۆرە چەکێک بۆ خەڵکانی ناو شارەکە، گەمارۆدانی شارەکەش زۆری کێشا، سوپای دوژمنیش لەناو شارەکەدا ڕازی نەبوون کە دەستبەرداری بەرەنگاری و خۆڕاگرتن ببن، لە سەرەتای مانگی ئازارەوە پێشمەرگە هێرشی بە جورەها چەک دەستپێکرد بەڵام خۆڕاگری سوپای تورک زۆری خایاند، لە دەرگای #ماردین#ی شارەوە کەرتێکی پێشمەرگە و خەڵکی شار یەکتریان گرتەوەو کەوتنە پەلامار بۆ سەر سوپای دوژمن، تورکەکان سەنگەری پتەویان لی دابوو، لە هەمان کاتدا خاوەنی سەدان چەکی نوێ بوون و توانای سەرکەوتنیان زیاتر بوو، لە پاش شەرێکی قوورس و کوژرانی ژمارەیەکی زۆر لە هەردوولا، کەرتی هێرش بەری پێشمەرگە و خەڵک ملیان دایە بەر پاشە کشەکردن و گەڕانەوە دواوە لە پاش دوو سێ هێرش پێشمەرگەکان کە تێدا سەرنەکەوتن، بەتەواوی بڕیاری وازهێنان لە گەماروی شارەکە و پاشەکشەی هێزەکانی پێشمەرگە لەلایەن (شێخ سەعید) وە درا!.!. ڕیزەکانی شورش ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بەرەو شپرزەیی و پەرش و بڵاوی دەچوو، بە تایبەتی کاتێک سوپای دوژمن لە باکوور و باشوورەوە بە هێزی زۆر هێرشیان هیناو گەماروکەیان پێچەوانە کردەوە لە شکری (جەندرمە) ش بۆ هێرش بردنە سەر دوا هێزی پێشمەرگە و سەرکوتکردنی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی نەتەوەی کورد لە چەندین لاوە هێرشی دڕندانەیان برد و کوشتارو قەتڵ عامیکی بێ ڕەوایان لەخەڵکی بێ گوناﮪ و ڕەشوڕووتی کورد کرد ، لە کوتایی مانگی نیسان بەهۆی خیانەت و جاشێتی سەرۆک هۆزی (جبرانان) و دەرەبەگی تاوانبار (قاسم بەگی جبران) (شێخ سەعید، شێخ عەبدوڵڵا، عەلی غالب، ڕە شید ئاغا) و بیست و شەش شۆڕشگێڕی تر لەسەر پردی چەمی (مۆراچ) لە ناوچەی گەنج بەدیل گرت دای بەدەستەوه!.!. لە دوای دادگایکردنی شێخ سەعید و هاوڕێکانی لە کۆتایی مانگی ئایارەوە کە دەستی پێ کرد و ماوەی یەک مانگی خایاند، جگە لە شێخ سەعید، چل و حەوت تێکۆشەری کورد بڕیاری لە سێدارە دانی دەرکرا و لە شاری (دیار بەکر) بە گیانێکی شۆڕشگێڕانە و بووێرانەوە لە سێدارە دران گیانی پاکی خۆیان کردە قوربانی ڕێگەی خاک و نیشتمان، شێخ سەعید بۆ دووا جار لەژێر پەتی سێدارەدا فەرمووی بەهیچ شێوەیەک پەشیمانی ئەو تیکوشانە نیم.. لە پیناوی نیشتمان و گەلەکەم گیانم بەخت دەکەم. ئەوەندەمان بەسە کە نەوەکانی دواڕۆژمان لە بەرانبەر دوژمنانیاندا شەرمەزار و خەجاڵەت نین و شانازی بەمێژووی خویانەوە دەکەن...ئاواتە خوازم لەسێدارەدانم هاندەرێک بێت بۆ بەهێز بوون و سووربوونی نەوەکانی دووا ڕۆژی گەلەکەم لەپێناوی سەربەخۆیی کوردستان.. بێگومانم ڕۆژیک دێت لەم شوێنەدا و لە هەموو کوردستان دا ئاڵای سەربەخۆیی کوردستان هەڵکریت.[1]