ناو: پۆڵا
نازناو: نانەوازادە
ناوی باوک: هاشم نانەوازادە
ناوی دایک: حەلیمە حەبیبپەنا
ساڵی لەدایکبوون: ساڵی 1955
شوێنی لەدایکبوون: #مەهاباد#
ڕۆژی کۆچی دوایی: #25-02-2024#
$ژیاننامە$
مامۆستا پۆڵا نانەوازادە ساڵی 1955 لە شاری مەهاباد، لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە دایک بووە. خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی لە مەهاباد تەواوکردووە، پاشان لە بەشی کیمیا لە زانکۆی تاران وەردەگیرێت، بەڵام بەهۆی سەرقاڵبوونییەوە بە کاروباری سیاسی نەیتوانی بەردەوام بێت لە خوێندنەکەی.
ساڵی 1979 لەگەڵ پازدە کەسی دیکە لە یەکەم سەرهەڵدانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لەلایەن حکوومەتی شای ئێرانەوە دەگیرێت و داوای حوکمی لەسێدارەدانی بۆ دەکرێت بەڵام بەهۆی پەرەگرتنی شۆڕشی گەلانی ئێران پاشی چوارمانگ و نیو لە زیندان ئازاد دەکرێ. ڕۆژی 22ی ڕێبەندانی ساڵی 1979 کە بە ڕۆژی سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران بەناوبانگە لە چەککردنی پێنج پێگەی سەرەکی هێزەکانی ڕێژیمی شا لەنێو شاری مەهاباد و دەوروبەری شار دا دەستی سەرەکی هەبووە و ئەوە بووەتە سەرەتای ژیانی پێشمەرگایەتیی پۆڵا و ماوەی 15 ساڵ لە دووحیزبی دێمۆکڕات و پارتی ئازادی کوردستان دا هەڵسووڕانی سیاسی هەبووە.
پۆڵا کوڕی هاشمی نانەوازادە شاعیرێکی بەناو و دەنگی ناوچەی موکریانە و خۆی زۆر درەنگ و لە تەمەنی 55 ساڵی ڕا دەستی بە نووسینی هەڵبەست کردووە بەڵام بەهۆی تۆمار کردنی هەڵبەستەکانی و بڵاو کردنەوەی لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە زۆر زوو چووە دە نێو دڵی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانەوە و لە ئەدەبیاتی بەرگری نەتەوەیی دا بووە بە خاوەن جێگە و پێگەیەکی تایبەت بە خۆی.
پۆڵا ماوەی 37 ساڵە لە وڵاتی سوید دەژی و لەوێ خانەنشین بووە و ئاواتی هەرە گەورەی ڕزگاری کوردستان و گەڕانەوەیەتی بۆ زێد و نیشتمانی خۆی و ئەوە لە زۆربەی هەڵبەستەکانی دا ڕەنگی داوەتەوە.
پۆڵا ساڵی 1993 بەشێک لە هەڵبەستەکانی بابی بەناوی لالە بەدەستان لە وڵاتی سوید بە چاپ گەیاندووە و هاواری سەربەخۆیی ناوی دیوانی هەڵبەستەکانی خۆیەتی کە ساڵی 2021 لە پەرتووکخانەی زانکۆ لە #هەولێر# چاپ کراوە. [1]