#میرنیشینی سۆران# بۆ دروستکردنی چەک و #خەنجەر# و شمشێر پشتی بە خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەستووە.
بەپێی سەرچاوە مێژووییەکان، لە سەردەمی میرنشینی سۆران و دواتریش لە ڕواندز، زۆر بایەخ بە دروستکردنی چەک و خەنجەر و شمشێر دراوە و چەندین جۆر خەنجەریش لە ناوچەکە دروست کراون، هەروەها #میر محەمەد پاشای گەورەی ڕواندز#، وەستا (خان گلیبادی) لە ساڵی 1820 لە شاری #ورمێ#ی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ دروستکردنی خەنجەرو شمشێر هێناوەتە ڕواندز.
ئومێد قادر، لێکۆڵەر و مامۆستای مێژوو، بە (باسکورد)ی ڕاگەیاند: ناوچەی ڕواندز لە دێرزەمانەوە بایەخ و تایبەتمەندیی زۆری هەبووە و خاوەن مێژوو و کولتوورێکی کۆنە، چەندین دەسەڵاتداریش لە ناوچەکە فەرەمانڕەوایاین کردووە، بەتایبەتیش لە سەردەمی میرنشینی سۆران، میر محەمەد پاشای گەورەی ڕواندز، زۆر بایەخ بە دروستکردنی پرد و قەڵا و قوللە سەربازییەکان و بنیاتنانی کارگەی چەک و تەقەمەنییەکان و دراو و کارێز و چەندین هۆکاری دیکەی تایبەت بە پارێزگاریکردن بە میرنشینەکەی داوە، بەمەش دەسەڵاتەکەی فراوان کردووە، تا زۆربەی شار و شارۆچکەکانی باشووری کوردستان و سنوورەکانی پارچەکانی دیکەی کوردستانی گرتووەتەوە، تائێستاش شوێنەواری ئەو میرنشینە لە زۆربەی شوێنەکاندا ماوە، لەگەڵ مانەوەی نموونەی تۆپ و خەنجەر و شمشێر و هتد...
ئەو لێکۆڵەرە مێژووییە دەشڵێت: بەپێی سەرچاوە مێژووییەکان، میر محەمەد پاشای گەورەی ڕواندز، بۆ دروستکردنی چەک و تەقەمەنییەکان، پشتی بە کەسانەی کارامەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەستووە و هێناونی بۆ کارگەی چەک و تەقەمەنیی ڕواندز کار بکەن، نموونەش، بە سەرپەرشتیی وەستا ڕەجەب، کە توانیویەتی چەند تۆپێک دروست بکات، هەروەها وەستا (خان گلیبادی) لە شاری ورمێی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ساڵی 1820 هێناوەتە ڕواندز، بۆ دروستکردنی خەنجەر و شمشێر، کە تا ئێستا نموونەی چەند لەو خەنجەر و شمشێرانە ماون و پارێزراون، ئەوەش هۆکارێک بووە، کە خەڵکی ناوچەی ڕواندز فێری ئەو کار و پیشەیە بن و لەدوای ئەوانەوە خەنجەر و ڕم و شمشێر دروست بکەن.
لای خۆیەوە، ساڵح محەمەد ساڵح، نووسەر و مێژوونووس لە لاپەڕەکانی (433- 434)ی پەرتووکی (ڕواندز.. مێژوو و بیروەرییەکان)دا دەنووسێت: بەپێی سەرچاوە مێژووییەکان، لە کۆنەوە لە شاری ڕواندز وەستای چەخماخساز و کارامە هەبوونە و دەستێکی باڵایان هەبووە لە دروستکردنی (خەنجەر و تیخ و چەقۆ و چاککردنەوەی تفەنگ و دەمانچە).. هتد.
دوای دروستکردنی تیخی خەنجەرەکە لە پێکهاتە جیاوازەکانی ئاسن و مس، دەسکی خەنجەرەکەیان لە قۆچی ئاژەڵانان دروست کردووە، بەهۆی ئەوەی کاتی خۆی ڕواندز کاروانسەرای بازرگانی بووە، شوێنێکی گرنگی زانست و زانیارییش بووە، هەر لە سەردەمی پاشای گەورە و میرنیشنی سۆران کارگەی دروستکردنی چەک لە ڕواندز هەبووە، کەواتە ئەبێ چەخماخساز و وەستای باش هەبووبن، ئەمەش ناوی ئەو وەستا کارامانانەیە، کە ئەوکات کاری چەخماخسازییان دەکرد، (حەسەن خەنجەرچی، قادر مەلا عەزیز، عەزیز دارتاش، حاجی کاک عەلی سەرانی) بەتایبەتیش شێخ جەلال حەسەن خەنجەرچی، وەستایەکی کارامە و بەتوانا بووە لە دروستکردنی خەنجەر و چەقۆ و تیخ و سووژن و ڕێشمەی وڵاغ و تەڵەی ئاژەڵی کێوی و شیر و ڕم و تیر و کەوان.
ئاماژەی بەوەش داوە: ئەو خەنجەرانەی دروستی دەکردن، بریتی بوونە لە (خەنجەری دەبان، خەنجەری یەمەنی، خەنجەری شیرازی، خەنجەری قەزوینی، خەنجەری جەوهەردار، خەنجەری سێگۆ، خەنجەری کەرمەشانی) لەگەڵ چەندین جۆر خەنجەری دیکە، لەو جۆرە خەنجەرانەی لە دەڤەری ڕواندز دروست کراون، باشترینیان خەنجەری دەبان بووە، کە دەسکەکەیان لە ددانی فیل و قۆچی ئاژەڵان بووە، هەروەها خەنجەریان دروست کردووە، بە ویستی ئەو کەسانەی کە داوایان کردووە، ئەو کاتی وەک نەریتێک خەڵک بۆ جوانی و هەوەستی خۆیان خەنجەریان لەبەرپشت داناوە، ئەو خەنجەرانەش ئەوەندە تیژ بوونە، دەیان توانی مووی سەریانی پێ بتاشن، یان ئاژەڵی پێ سەر ببڕن. مێژووی قەزای ڕواندز دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی پێش دروستبوونی میرنیشینی سۆران لە سەرەتاکانی سەدەی شازدەم. لە ماوەی فەرمانڕەوایی میرنیشنی سۆران، ڕواندز پایتەختی ئەم میرنشینەیە بووە، کە لە سەرەتای ساڵانی 1800 دا (میر محەمەد، کە ناسراوە بە پاشای گەورەی ڕواندز) دەیکاتە پایتەختی میرنیشینەکەی، کە دەسەڵاتی ئەم میرنشینە لەو سەردەمیدا گەیشتە ئەوپەڕی هێز و توانا، تا ساڵی 1836، کە لە سەردەمی عوسمانییەکان، کۆتایی بە میرنیشینەکە هات.
لە سەرەتاکانی سەدەی بیستەم تا ساڵی 1980 چەندین قایمقام ئیدارەی ئەو شارەیان بەڕێوە بردووە، لە سەردەمی ڕژێمی بەعس بە بڕیارێک پێگەی ئیداریی ڕواندز لە قەزا کەمکرایەوە بۆ ناحیە، بەڵام لەدوای ڕاپەڕینی ساڵی 1991، بە هەوڵی چەند خەمخۆرێکەوە، جارێکی دیکە ڕواندز کرایەوە بە قەزا لە سنووری پارێزگای هەولێر.
وێنەی: بەشێک لەو خەنجەر و شمشێرانەی لە کارخانەی میرنشینی سۆران (پاشای گەورەی ڕواندز) دروست کراون.
ئامادەکردنی: #سارا سەردار#
[1]