سەرای کۆنی شاری #کفری#، لەسەر داخوازیی هەردوو بەڕێوەبەری شوێنەوار و کەلەپووری گەرمیان و کفری، دوای 103 ساڵ لە دروستکردنی، لەسەر هەمان دیزایین و شێوازی دروستکردنی دێرینی شوێنەواری و ئەندازیاریی خۆی و بە بەکارهێنانی هەمان کەرەستەی بیناسازی، هەردوو نهۆمی باڵەخانەکە نۆژەن دەکرێنەوە، بە شێوازێک، کە هاوتای ئەو مێژووە بێت، کە #سەرای کفری#ی پێ ناسرابوو.
کفری، شارێکی دێرینی باشووری کوردستانە، کە چەندین شوێنەواری دێرین و کولتووری و کەلەپووری لەخۆی گرتووە. سەرای کفری، کە یەکێکە لەو شوێنە کەلەپوورییانەی، لە ساڵی 1919 لە لایەن ئینگلیزەکانەوە دروست کراوە، دەکەوێتە بەری خۆرئاوای شاری کفری.
سەتار حەمید، دانیشتووی قەزای کفری، لەمبارەوە بە (باسنیوز)ی گوت: من وەک هاووڵاتییەکی ئەم شارە، ماندووبوونی سەرجەم ئەو بەڕێزانەی هاوکار بوون بۆ نۆژەنکردنەوەی سەرای کفری، بەرز دەنرخێنم و خۆشحاڵم، کە سەرای کفری لە قۆناغی نۆژەنکردنەوەدایە، چونکە خاوەن مێژوویەکی دێرینە، ئومیدەوارم لە ئایندەیەکی نزیکدا سەرجەم شوێنەوارەکانی دیکەش نۆژەن بکرێنەوە، بۆ سەرلەنوێ پاراستنی مێژوو و کولتوور و شارستانیەتی دێرینی شاری کفری و هەروەها ببنە شوێنێک بۆ ڕاکێشانی گەشتیارانی ناوخۆ و بیانی.
عوبێد محەمەد عەلی، بەڕێوەبەری شوێنەواری کفری، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند : سەرای کفری مێژوویەکی کۆنی هەیە، دانانی بەردی بناغەی دروستکردنی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1919، کە تاوەکوو ساڵی 1923- 1924 لە لایەن ئینگلیزەکانەوە دروست کراوە و لە دوو نهۆم پێکهاتووە. شێوەکەی لاکێشەییە و خاوەن بنمیچێکی سادەیە و لەسەر شێوازی بیناسازیی ئینگلیزییەکان بە ئاسن دروست کراوە، پێکهاتووە لە 16 ژوور و بینایەکی بچووکیش لەپاڵیدا هەیە کە میچەکەی بە شێوازی گومەزی دروست کراوە و سێ چوار ژووری هەیە.
گوتیشی: ڕووبەری سەراکە بەگشتی هەشت هەزار مەتر بوو، بەڵام ئێستا نزیکەی چوار هەزار مەترە، باڵەخانەکە پێشتر خاوەن دوو دەروازە بووە لە باکوور و باشووری شارەکە، بەڵام ئێستا تەنیا یەک دەروازەی هەیە کە دەکەوێتە باشووری شارەکە. مەبەست لە دروستکردنی ئەم سەرایە ئەوە بووە، کە لەو سەردەمدا ئینگلیزەکان وەک بارەگای خۆیان بۆ چاودێری و حوکمڕانیکردنی دەڤەری گەرمیان بەکاریان دەهێنا.
بەڕێوەبەری شوێنەواری کفری ئاماژەی بەوەش دا: دوای گەڕانەوە و چۆڵکردنی باڵەخانەکە لەلایەن ئینگلیزەکان، ئەم باڵەخانەیە بە چۆڵی مایەوە، بەڵام دواتر لە لایەن حکوومەتی عێراق، لەو سەردەم بەکار دەهێنرا و تا کۆتایی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو (دادگای کفری، پۆلیس، قایمقامیەت و چەندین فەرمانگەی دیکە)ی لەناودا بوون، بەڵام لە هەشتاکاندا ئەم باڵەخانەیە وەک شوێنێکی کەلەپووری بە چۆڵی مایەوە، ئێمە هەموو ساڵێک بە مەبەستنی نۆژەنکردنەوە و پاراستنی شوێنە کولتووری و کەلەپووری و شوێنەوارییەکانی شارەکە دەرخستە بۆ بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەواری گەرمیان بەرز دەکەینەوە، بەڵام دوای سەردانی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ شاری کفری و بینینی سەرای کفری، بڕیاری دا ئەم سەرایە بە هەمان شێوازی بیناسازیی کۆن و بە بەکارهێنانی هەمان کەرەستەی بیناسازی نۆژەن بکرێتەوە و بڕی 284 ملیۆن دیناری بۆ نۆژەنکردنەوەی تەرخان کرد، لە مانگی یەکی ئەمساڵەوە ئیشی تیادا دەکرێت و تا ئێستا 45%ی نۆژەنکردنەوەی تەواو بووە.
رفعەت محەمەد ڕەشید، چالاکوانی بواری کۆمەڵگەی مەدەنی، بەتایبەت لە بواری شوێنەواری، لەسەر بابەتی نۆژەنکردنەوەی سەرای کفری گوتی: لە سەردەمی حکوومەتی پاشایەتیی عێراق لە ساڵەکانی 1953- 1954 نۆژەنکردنەوەیەکی سادە بۆ سەرای کفری کراوە، ئێستاش خۆشبەختانە نۆژەنکردنەوەیەکی گشتیی بۆ دەکرێت، هیوادارم بە زووترین کات کاری نۆژەنکردنەوەی تەواو بکرێت، چونکە زستان نزیکە، بۆ ئەوەی باران بارین کاریگەریی لەسەر سەراکە بەجێ نەهێڵێت.
چالاکوانەکە ئەوەیشی ڕوون کردەوە: لە هەموو ساڵەکانی ئیشکردنم وەک چالاکوان هەوڵم داوە لە ڕێگەی چاوپێکەوتنەکانم بۆ کەناڵەکان و ڕۆژنامە و ڕادیۆکان، تیشک بخەمە سەر نۆژەنکردنەوەی شوێنەوارەکانی کفری، چونکە بەداخەوە قەیسەریی کفری و کۆشکی مەجید پاشای بابان بە ڕێژەی 85% داڕووخاون، بەڵام ئەگەر نۆژەن بکرێنەوە، ئەم شوێنە شوێنەواری و کولتوورییانە دەبنە شوێنێک بۆ سوودوەرگرتن لە بواری وێنەگرتنی سینەمایی و دراما، بەتایبەت بۆ بابەتە مێژووییەکان، هەروەها دەبنە سەرچاوەی داهاتی گەشتیاری، بەهۆی ڕاکێشانی ئەو گەشتیارانەی لەناوخۆ و دەرەوەی وڵات سەردانی شارەکە دەکەن، هەروەها بۆ خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگاکانی کوردستان وەک سەرچاوەیەکی مێژوویی دەمێنێتەوە، تا لە کاتی پێویستییان بە ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەی مێژوویی سوودی لێ ببینن، هیوادارم لە ئایندەدا ژمارەیەکی زۆر لە شوێنەوارەکان نۆژەن بکرێنەوە، بۆ ئەوەی مێژووی شارەکە لەناو نەچێت و وەک خۆی بپارێزرێت، هاوکات لەگەڵ پرۆسەی نۆژەنکردنەوەی شوێنەوارەکانی کفری، پێویستە ڕۆڵی بەڕێوەبەر و کارمەندانی بنکەی شوێنەواریی کفری لەبەرچاو بگیرێت، کە ماندوونەناسانە خزمەتی شوێنەوارەکانی کفری دەکەن.
لە کۆتاییدا عوبێد محەمەد، بەڕێوەبەری شوێنەواری کفری گوتیشی: ئێستا چەندین شوێنمان هەن، کە مەترسیی لەناوچوونیان لەسەرە و چەندین شوێنی دیکەش پێویستیان بە نۆژەنکردنەوەیە، بۆیە هەوڵی نۆژەنکردنەوەی زۆرترین شوێنە کولتووری و کەلەپووری و شوێنەوارەکان ئەدەین، لە ڕێگەی بەرزکردنەوەی دەرخستەکانمانەوە، داواکاریشین لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان و خۆشەویستانی شوێنەوار و ڕێکخراوەکان، یارمەتیمان بدەن بۆ نۆژەنکردنەوە و پاراستنی سەرجەم شوێنەوار و شوێنە کولتووری و کەلەپوورییەکانی کفری، هەروەها دوای تەواوبوونی نۆژەنکردنەوەی سەرای کفری، وەک باڵەخانەی شوێنەواری کفری بەکاری بێنین، بەشێکیشی دەکەین بە مۆزەخانە و شوێنێکی گەشتیاری بۆ گەشتیاران و خەڵکی شارەکە و دەوروبەری، کە ببێتە ناوەندێکی ڕۆشنبیری بۆ هەموان.
ئامادەکردنی: #سارا سەردار#
[1]