ناونیشانی بابەت: جوگرافیای زمانیی سێ (حکومەت یا پاشایەتی یا دەوڵەت) ی ئوڕاڕتو و ماننا و ئاڵیپی لە سەردەمی مێژوویی ئاسنی 2
نووسینی: عوبەید سوورخابی
جوگرافیای زمانیی سێ حکومەتی ئوڕاڕتو و ماننا و ئاڵیپی لە سەردەمی مێژوویی ئاسنی 2
جوگرافیای زمانیی سێ حکومەتی #ئوڕاڕتو# و #ماننا# و #ئاڵیپی# لە سەردەمی مێژوویی ئاسنی 2 واتا نێوان ساڵانی 950 تا 650ی پ.ز و هاوکات لەگەڵ دەسەڵاتدارێتی ئاشووری لە مێزۆپۆتامیا لە دەسەڵاتدارە سەرەتاییەکانی ئەم هەرێمانە بوون کە میراتگری فەرهەنگی-هونەری و توخمی لولوبی و گوتی و کاسی و عیلامی و تەنانەت سوباری و حوری و هیتییەکان بوون کە بەگشتی هەر هەموویان بە نەتەوە زاگڕۆسییەکانی بەر لە ئاڕیایی دەناسین (هەزارەکانی دوویەم و سێیەمی پێش زایین) . جا ئەو جوگڕافیایە هەڵسەنگێنن لەگەڵ جوگڕافیای زمانیی نەتەوەی کورد لەم هەرێمانەدا. ئوڕاڕتو لەگەڵ کورمانجی سەروو، ماننا لەگەڵ کورمانجی ناوەڕاست و آلیپی لەگەڵ کورمانجی خواروو. ئەگەر باوەڕمان بەمە بێ کە ئەو هۆز و خێلانەی کە لە باری زمان و ئاخاوتن لێک نزیکن و دونیای نیشانەیی و فەرهەنگی و بیرکردنەوەشیان بە هەمان ئەندازە لێک نزیکە و بە هەمان شێوەش کێشی دەروونییان بە پێی زمانی هاوبەشیان بۆ گەیشتن بە یەکگرتوویی نەتەوەیی زیاترە، ئەوە دەبێ سەلمێنەری ئەم ڕوانگەیە بێ کە جوگڕافیای زاراوەکانی ئێستای زمانی کوردی میراتی جوگڕافیای سیاسی و فەرهەنگی نەتەوەکانی زاگرۆسی بەر لە ئارییەکان و سەردەمی مادەکانە، و ئەو نەتەوەی ئێستا وەک کورد خۆی پێناسە دەکات، ڕێشەی لە نەتەوەکانی کۆنی زاگرۆس دایە و فەرهەنگ و زمانی کوردیش بە هەموو زاراوە و چەمکەکانی میراتگەری ئەو نەتەوە زاگرۆسیانەیە. واتا شوناسی تاک/ نەتەوەی کورد بە درێژایی ئەم پێنج هەزار ساڵە شکل و بیچمی گرتووە و بۆیەش دوای ئەو هەموو چەوسانەوە و ئاسمیلە کردنە توانیوەتی لە ڕێگەی پاراستنی کولتووری و زمانی ڕەسەنی خۆی لە فەوتان و توانەوە ڕزگای بێت.[1]