چەواشەی میدیای باشوور، ئیدیعای چوار وەزیرە کوردەکەی ئەردۆغان، وەک نموونە...
#ئارام ڕەفعەت#
#06-06-2023#
میدیای باشوور وەک ڕووداوێکی گرنگ هەواڵی بوونی چوار وەزیری کورد لەکابینەکەی ئەردۆغاندا بڵاودەکەنەوە. ئەمجۆرە هەواڵانە، بەمەبەست یان بێ مەبەست، چەواشەکاریی و گەوجاندنەو ئاو دەکاتە ئاشی جەنگی تایبەتی داگیرکەر دژ بە کورد. ئەو چوار وەزیرە کورد نین، تورکی بەڕەچەڵەک کوردن. لە تورکیا، بەڕەچەڵەک کوردبوون، بەمانای کوردبوون نایەت. بەملیۆنان تورک هەن کە بەڕەچەڵەک کوردن، بەڵام ئینکاری کوردبوونیان دەکەن و خۆیان بەتورک دەناسێنن.
جا هەڵبژاردنی تورکبوون هەلپەرەستی بێت، لەژێر زەبرو زەنگ و جەبەروتی دەوڵەت و کۆمەڵگەی تورکیەوە بێت، یان بەهۆی ژینگەی سیاسی و کۆمەڵایەتییەوە بێت، یان لەژێر فشاری ئابووری و جەنگی دەروونییەوە بێت، هیچ لەپرسەکە ناگۆڕێت و ئەوانە ئیتر تورکن.....
لە کۆتایی نەوەتەکان، سێ ساڵ لە شاری ئەماسیای نزیک دەریای ڕەش بوم، لایەکی ئەوشارە لەو جۆرە تورکە بەڕەچەڵەک کوردانە بوون، زۆربەیان موزایەدەی تورکبوونیان بەسەر تورکەکانەوە دەکرد، سەرۆکی شارەوانی، لەسەر لیستی مەهەپە، کەناوی حەسەن تاش بوو، لەمجۆرە تورکە بەڕەچەڵەک کوردانە بوو، سەرۆکی لقی مەهەپەی ئەوشارەش هەر لەو جۆرە تورکانە بوو، موختاری گەڕەکەکەو ئەو کابرایەی خانوەکەمان لێ بەکرێ گرتبوو و ئەو وەستایەش کارم لەگەڵ دەکرد، لەوجۆرە تورکانە بوون.
بولەند ئەجەویدیش کە سەردەمێک سەرۆک وەزیر بوو، لەو جۆرە تورکانە بوو. لەسەردەمی ئەجەویدا گەلەکۆمەکێی سەر ئۆجەلان کرا. لە باشووریش تەها یاسین ڕەمەزان عەرەبێکی بەڕەچەڵەک کورد بوو، بەڵام ئەو ئیتر عەرەب بوو و تەواو.
ئەو چوار تورکەش، کە ئەردۆغان کردونی بەوەزیر، کوردنین و تورکی بەڕەچەڵەک کوردن. وەک تەها یاسین ڕەمەزانەکەی لەمەڕ خۆمان و وەک ئەو تورکانەی ئەماسیاو وەک بولەنت ئەجەوید، ئەوانەش هەرگیز ئیدیعای کوردبوونیان نەکردووەو بچوکترین سۆزیشییان بۆ کورد نییە.
بەپێچەوانەوە، لەدڵسۆزییان بۆ تورک و دەوڵەتەکەیان، لەدژایەتییان بۆ کورد و دۆزە ڕەواکەی، کەم تورک هەیە شانبدات لەشانی هاکان فیدان و سێ تورکەکەی تر، گورزی ئەوجۆرە تورکانە توندترو ڕەقترە لەهی تورکەکانی تر.
ئەوانە، هەر لەبەر ئەم تورکبوون و دڵسۆزییەیان بۆ دەوڵەتی تورک و دژایەتییان بۆ کورد، کراونەتە وەزیر. ئیتر بەچ پێوانەیەک ئەوانە کوردن، میدیا عاجباتییەکەی باشوور...![1]