ناونیشانی بابەت: پردە نیان، شوێنێکی سەخت و مێژوویەکی کۆن
ئامادەکردن: #محەمەد هەسنانی#
پڕدێکی مێژوویی لە سنووری شارەدێی سرێشە سەربە شارەدێی خەلیفان، مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی میرنشینی #سۆران# کە ئەوکات وەک تاکە ڕێگای سەربازی و بازرگانی بۆ پەڕینەوە بەرەو دەڤەری بارزان و دواتریش باکووری #کوردستان# بەکار ھاتووە.
سۆران شێرزاد، سەرۆکی شارەوانیی سرێشمە، سەربە شارەدێی خەلیفان لە ئیدارەی سۆران، بە (باسنیوز) ی ڕاگەیاند: بەھۆی ھەڵکەوتە و مێژوو و ڕەسەنایەتیی ناوچەکەمان، چەندین شوێنی مێژوویی و شوێنەواری لە سنوورەکەمان هەن، یەکێک لەوانەش بریتییە لە ''پردە نیان'' کە ''پردە میان''یشی پێ دەگوترێت. ئەم پردە مێژووییە دەکەوێتە بەشی ڕۆژھەڵاتی شارەدێی سرێشمە، لەسەر ڕووباری گەورە، لە شوێنێکی قووڵ و تەنگەبەر بە دار و خۆڵ و پێکھاتە سرووشتییەکان درووست کراوە، ڕێگای چوون و ھاتنەوە بۆ ئەو شوێنە ھێندە سەختە! دژواریی ھەوراز و لێژی نێشوەکەی بۆ مرۆڤ تاقەتپڕووکێنە، زۆر جاریش بەھۆی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو زیان بەر پردەکە کەوتووە.
گوتیشی: ئەو پردە مێژوویەکی دوور و دێرینی ھەیە، بەشێک لە شارەزایان پێیان وایە، لەبەر ئەوەی میر محەمەد، پاشای گەوەری ڕواندز، بایەخی زۆری بە درووستکردنی ڕێگا و پرد و قەڵا و قوللە داوە، بۆیە دەگوترێ بیرۆکەی درووستکردنی وەھا پردێک لەو شوێنە، دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی میرنشینی سۆران، کە ئەوکات وەک تاکە ڕێگەی سەربازی و بازرگانی بۆ پەڕینەوە بەرەو دەڤەری بارزان و دواتریش باکووری کوردستان بەکار ھاتووە، ئێستاش بەشێک لە پاشماوە و شوێنەواری قوللەی جەنگاوەرانی میرنشینی سۆران لەو شوێنە بڵندانەی کە دەڕواننە سەر پردەکە ماون کە بۆ چاودێری و پارێزگاری لەو ناوچەیەدا بەکار هاتوون. ھەروەھا لە سەردەمی شۆڕشەکانی کورد لە باشووری کوردستان، بەتایبەتیش شۆڕشی ئەیلوول و گوڵان، وەک یەکێک لە ڕێگا نھێنییەکان بۆ پەڕینەوەی پێشمەرگەکانی شۆڕش بەکار ھێنراوە و سوودی زۆری لێ وەرگێڕاوە.
سەرۆکی شارەوانیی سرێشمە دەشڵێت: ئەگەرچی نەزانراوە کە ناوی پردەکە لە چییەوە ھاتووە، بەڵام بەشێک لە دانیشتووانی ئەو گوندە پێی دەڵێن ''پردە نیان، بەشێکی تریش بە ''پردە میان ناوی دەھێنن. شارەزایانی زمانی کوردی لە ناوچکە ھۆکاری جیاوازیی ئەو دوو ناوە تەنیا بۆ پیتی یەکەمی ناوەکە دەگەڕێننەوە، ئەگینا لای زۆرینەی خەڵکی گوند بە ''پردە نیان ناسراوە، بەڵام نووسەر و لێکۆڵەر ئازاد ئەبووبکر، لە پەڕتووکەکەیدا بە ناوی ڕۆژە دژوارەکان، بە ''پردە میان ناوی ھێناوە، ئەو نووسەرە پێی وایە ''پردە میان''ە، میانیش واتا نێوان، چونکە لەنێوان دوو لا کەڤر درووست کراوە.
سۆران شێرزاد، ئەوەش دەخاتە ڕوو: دوای تێپەڕبوونی چەندان ساڵ بەسەر درووستکردنی ئەم پردە مێژووییەدا، ئێستاش خەڵکی ناوچەکە بۆ پەڕینەوە سوودی لێ وەردەگرن، لە کاتی تێکچوون و ھەر ڕووداوێکی سرووشتییشدا ھەوڵی چاککردنەوەی دەدەن، چونکە بەهۆی سەختی شوێنەکەوە بۆ هاتوچۆ و پەڕینەوەی خەڵک گرنگە.[1]