ناونیشانی بابەت: چوار ئەفسەرە شەهیدەکەى 19ى حوزەیران، سیمبولى گەشى گیانبەخشینى نەتەوەیین
ئامادەکردنی: #زانیار سەردار قڕگەیی#
ڕۆژى 19ى حوزەیران، لە دیرۆکى گەلى کورددا لایەڕەیەکە پڕ لە سەروەرى و ئازادیخوازى و دەسپێکى بەرەبەیانێکى ماتەم و سەرفرازى و ڕەتکردنەوەى زوڵم و ستەم و زۆرداری. لەپێناو برەودان بە هەستى نەتەوەیى و گیانبازى و کوردپەروەرى و بەدەستهێنانى پلەى شەهادەتى چوار ئەفسەرى قارەمان و گەشمردە، کە ڕۆحى بەرزەفڕیان کردە قوربانى و بەرەو کاروانى سەرفرازى و ئاسمانى کوردایەتى کشان. ئەوان بەشانازییەوە پەتى سێدارەیان کردە گەردنى بەرز و پیرۆزیان و نەمرییان بەدەست هێنا.
هەموو ساڵێک، لەم ڕێکەوتەدا یادیان بەرز ڕادەگیرێ و لەلایەن ڕۆڵەکانى گەلەکەمانەوە، بە چاوى ڕێز و ئەمەکدارییەوە لێیان دەڕوانرێ و خەبات و تێکۆشانیان بەرز دەنرخێنرێ، لە میدیا نیشتمانییەکانى کوردستانیشەوە بە شانازییەوە یادیان دەکرێتەوە و کات و سات و لاپەڕەى گەشیان بۆ تۆمار دەکرێت و بایەخیان پێ دەدرێت.
دوای ئەوەى ئەم بەشەى کوردستان خرایە سەر دەوڵەتى تازە دامەزراوى ئێراق و پێوەى لکێندرا، دەبوایە تەواوى مافەکان بۆ گەلى کورد دابین بکرێن، بەڵام نەیارانى نەتەوەى کورد پاشگەز بوونەوە و بەجێ نەگەیاندنى ئەم ڕێککەوتنەیان کردە ئامانج. هەر بۆیەش گەلى کوردى ناچار کرد، هەموو ڕێگایەکى خەبات بگرێتە بەر، بۆ بەدیهێنانى مافەکانى لە دەوڵەتى ئێراقدا، شۆڕش و ڕاپەڕینەکان و قوربانییە بێشوومارەکان بەڵگەى زیندوون.
دوای دامەزراندنى لێژنەى ئازادى و هەڵگیرسان و دامرکانەوەى شۆڕشى دووەمى بارزان، بارزانى و هەڤاڵانى ڕوویان لە ڕۆژهەڵاتى کوردستان کرد و لەوێ دواى دامەزراندنى کۆمارى دیموکراتى کوردستان، لە سەروبەندی ڕووخانی کۆماردا، جارێکى دیکە گەڕانەوە باشوورى کوردستان، دواى کۆبوونەوەیەکى چارەنووسساز، ڕۆژى 15ی4ی1947 بارزانى ماڵئاوایى لە شێخ ئەحمەد و برا و خێزان و دۆستەکانى کرد و بۆ ڕووبەڕووبوونەوەى مەرگ و بڕینى ڕێگاى چارەنووسێکى نادیار، (560) چەکدارى هەڵبژارد.
بارزانیى نەمر لە نەخشە و پلانەکانى دوژمن زۆر ئاگادار بوو، بۆیە بەتایبەتى داواى لە ئەفسەرە ئازادیخوازەکانى کورد کرد، کە نەکەن بە عەفوونامەکەى حکوومەتى ساڵح جەبر هەڵخەڵەتێن، چونکە ئەوانە پێشتر لە نائامادەییدا حوکمى خنکاندنیان بەسەردا دابڕابوو.
(زۆرى هەوڵ دا ئەفسەرە ئێراقییەکان بمێننەوە و نەچنەوە بۆ ئێراق، چونکە ئەوان بارێکى جیاوازیان هەیە، بەڵام جگە لە میرحاج ئەحمەد و عەبدولڕەحمان موفتى، کەسیان نەمانەوە.)
عەبدولئیلاى وەسى، ئەو بەڵێنەى خۆى نەگەیاندە جێ، لەبرى بەخشینیان، ڕۆژى 19ی6ی1947 بڕیارى لەسێدارەدانى (عیزەت عەبدولعەزیز، مستەفا خۆشناو، محەمەد مەحموود قودسى، خەیروڵا عەبدولکەریم) لەلایەن حکوومەتەکەى ساڵح جەبر جێبەجێ کرا.
هەرچەندە دوژمن وەک پیشەى هەمیشەیى، لە بەکارهێنانى هیچ ڕێگایەک بۆ سەرکوتکردنى گەلى کورد و لەناوبردنى شۆڕشگێڕان درێخیى نەکردووە، بۆیە کاتێک هەواڵى پەڕینەوەى بارزانى و هەڤاڵانى لە ڕووبارى ئاراس لە ڕادیۆ جیهانییەکان بڵاو بووەوە، دوژمن لەبەرانبەر ئەو کارە مێژووییە گەورەیەدا، دوای هەموو هەوڵێکى سەربازى و سوپایی بۆ لەناوبردنیان، شکستی هێنا، لە هەمان کاتدا ڕقى خۆى بە چوار ئەفسەرەکەدا ڕشت، بەمەش وەزارەتەکەى جەبر دوو هەڵەى گەورەى کرد:
1- پەنابەر بە شەرع و قانوون نابێ بکوژرێ.
2- لەسێدارەدانیان ڕق و تووڕەیى لە ناخ و دڵى هەموو کوردێکدا چاند.
لەو سەردەمەدا، کە بڕیارى لەسێدارەدانیان درا، ڕۆژێک بەر لە جێبەجێکردنى بڕیارەکە، واتە لە 18ی 6ی1947، چوار ئەفسەرە قارەمانەکە بەشانازییەوە خۆیان بۆ مەرگ ئامادە کرد و بەوپەڕى لەخۆبردوویی و ئازایانە وەسیەتنامەیەکیان بۆ گەلى کورد نووسى و هەرچواریان واژۆیان کرد.
$وەسیەتنامەى شەهیدان$
دواى پێڕاگەیاندنى حوکمى لەسێدارەدانیان بە یەک کاتژمێر، چوار ئەفسەرە شەهیدەکە وەسیەتنامەیەکیان نووسى، کە ئەمەیش دەقەکەیەتى:
بەغدا 18ى حوزەیرانى 1947
- لە شوهەداى ڕێگاى نیشتمانەوە (عیزەت عەبدولعەزیز و مستەفا خۆشناو و خەیروڵا عەبدولکەریم و محەمەد مەحموود)ەوە،
- بۆ برایان میللەتى کوردى خۆشەویست:
لەدواى تەبلیغى حوکمى ئیعدام بە یەک کاتژمێر نووسراوە:
برایان، لە ژیانى ژێردەستى ئیستعماردا، لە نووسینى ئەم نامەیەوە، تەنیا (14) کاتژمێرمان ماوە بە پەتى ئیستعمار دەگەینە دنیاى ئازادى و گیانمان دەگاتە گیانى پاکى شوهەداى ڕێگاى نیشتمان.
برایان، خۆمان هیچ دوانەکەوتین، تەنیا نەسیحەتى ئێمە ئەوەیە، کە لاوان و نیشتمانپەروەرانى کورد نوکرانى زات بکەنە نیشان و یەکیەتى بکەنە پەیڕەوى خۆیان، بۆ شکاندنى تەوقى ئیستیعمار و ڕزگارکردنى هەموو میللەتێکى مەزڵووم بێ جیاوازى.
برایان، دوژمنى جەهالەت بن، بە هەموو توانایەکەوە شەڕى جەهالەت بکەن، ئێمە نیشانەى تێکۆشینى میللیى میللەتى کوردین لە ساڵى 1947دا.
برایانى ئێمە کە ماون، بۆ ڕێگاى شەرەف تێدەکۆشن، پشت بەخواى گەورە میللەت ڕزگارى دەبێت.
برایان، هاتنمان بۆ بەرسێدارە لە بێدەسەڵاتییەوە نەبوو بۆ تێکۆشین، بەڵکوو هەر وەکوو سەربازێکى ئازا، تا ئاخرین توانا هەوڵمان دا گەیشتینە ئەم نەتیجەیە.
ئیدى بۆ یەکێتى و بۆ ئازادى، بژى کورد و کوردستان.
خەیروڵڵا عەبدولکەریم مستەفا خۆشناو
عیزەت عەبدولعەزیز محەمەد مەحموود
$ژیاننامەى چوار ئەفسەرەکه$
1- مستەفا عەبدولکەریم (مستەفا خۆشناو)
مستەفا عەبدولکەریم، ناسراو بە (مستەفا خۆشناو)، لە ساڵى 1912 لەدایک بووە و لە ساڵى 1928 قۆناغى خوێندنى سەرەتایى لە قەزاى کۆیە تەواوکردووە و پاشان لە ساڵى 1930دا پەیمانگاى مامۆستایانى لە بەغدا تەواوکردووە، پاشان بۆ ماوەى چەند ساڵێک دادەمەزرێت، تاکوو پەیوەندی بە کۆلیژى سەربازییەوە دەکات و لە لەشکرى ئێراقیدا پلەى مولازمى دووەمى پێ دەدرێت. لە ساڵى 1939دا مستەفا خۆشناو دەچێتە ڕیزى حزبى هیوا و دەبێتە یەکێک لە چالاکوانەکانى.
دواى هەڵگیرساندنى شۆڕشى بارزان 1943-1945، لە کاتى گفتۆگۆى نێوان حکوومەتى ئێراق و سەرکردەى شۆڕشى کورد مستەفا بارزانى، دواى پێکهێنانى کابینەى وزاریی ماجید مستەفا لە 13ی12ی1943دا، مستەفا خۆشناو وەکوو ئەفسەرى ڕایەڵەى نێوان حکوومەت و بارزانى دیارى کرا. دواى درووستبوونى پارتى دیموکراتى کوردستان لە 16ی ئابى 1946، سەربارى ئەوەى ئەفسەرێک بوو لە ڕیزەکانى کۆمارى دیموکراتى کوردستان، وەکوو یەکەمین ئەندامى حزبى دیارى کرا. دواى ڕووخانى کۆمارى کوردستان لە مەهاباد لە 17ی1ی1947دا، مستەفا خۆشناو لەگەڵ ئەفسەرەکانى دیکە گەڕایەوە ئێراق، ئەوە بوو لە ڕۆژى 19ی6ی1947دا لە گرتووخانەى ناوەندى بەغدا لەسێدارە دران و لە گۆڕستانى گردى سەیوان لە شارى سلێمانى بە خاک سپێردراوە.
2- خەیروڵا عەبدولکەریم
خەیروڵا عەبدولکەریم ئەفەندى کوڕى عەبدوڵڵا ئاغا گورجیزادەیە، لە ساڵى 1912 لە گەڕەکى تۆپخانەى قەڵاى هەولێر لەدایکبووە، دواى تەواوکردنى خوێندن لە شارى هەولێر، دواتر چووەتە پەیمانگاى مامۆستایان لە بەغدا. دواى خزمەتکردن بۆ ماوەى پێنج ساڵ لە بوارى پەروەردە، پەیوەندیى بە قوتابخانەى سەربازیى بەغداوە کردووە. لە ساڵى 1939 پەیوەندیى بە ڕیزەکانى حزبى هیواوە کردووە، پاشان لە ساڵى 1945 چووەتە ڕیزى شۆڕشى بارزان.
دواى پێکهێنانی کۆمارى دیموکراتى کوردستان لە 22ی1ی1946 بە سەرۆکایەتیى پێشەوا قازى محەمەد، لە شاری مەهاباد، خەیروڵا عەبدولکەریم یەکێک بووە لەو ئەفسەرە نیشتمانپەروەرانەى، کە ڕۆڵێکى بەرچاویان لە پاراستنى ئەو ساڵەى تەمەنى کۆمارى دیموکراتى کوردستاندا بینیوە. دواى ڕووخانى کۆمارى کوردستان لە 17ی 1ی 1947دا و لەسێدارەدانى پێشەوا قازى محەمەد.
3- عزەت عەبدولعەزیز
لە ساڵى 1910 لەدایکبووە. خەڵکى شارۆچکەى ئامێدی (عمادی) یە.
عزەت عەبدولعەزیز لە بنەماڵەیەکى بەناوبانگى کوردە، عەبدولعەزیز ئاغاى حاجى تەها، کە باوکى عزەتە، لە زەمانى عوسمانییەکاندا چەندین جار لەسەر تێکۆشانى بۆ نەتەوەى کورد گیراوە و خراوەتە بەندیخانەوە.
لە ساڵى 1945دا عزەت، کە (رەئیس ئەوەل ڕوکن) بوو، فەرمانى گواستنەوەى بۆ شارى عەمارە دەرچوو، ئەویش دەست لەکارهەڵگرتنى داوا کرد، کاتێک کە داواى کرد ڕێگە بدرێ بەوەى دەست لە کار بکێشێتەوە، وەکوو چەند ئەفسەرێکى هاوڕێى لە (ئوتێل تروکادیرو) پێیان گوت، فەرمانى گرتنى دەرچوو، ئەمیش کە خۆى هەر نیازى ئەوەى هەبوو لە (بزووتنەوەى بارزان)دا بەشدار بێ، چوو بۆ بارزان.
عزەتى قارەمان لە کۆمارى دیموکراتى کوردستاندا کرا (پۆد پۆل کۆنیک) و دەسێکى باڵاى هەبوو لە خزمەتکردنى کۆمارى کوردستاندا.
عزەت بە ئەفسەرێکى زۆر نایاب لە سوپاى عێرق دائەنرا، مارشاڵ مونتگومرى سەرکردەى لەشکرى هەشتەمى ئینگلیزى، کە لەشکرى ئەڵمانیى لە (عەلەمەین)دا شکاند، ئەو لەشکرەى، کە سەرکردەکەى ڕومێل بوو، مونتگومرى لە ڕاپۆرتێکى لەشکریدا نووسیویەتى، کەوا (عزەت عەبدولعەزیز) لە ڕووى ئازایەتى و زیرەکى و کارامەییەوە چاکترین ئەفسەرە لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا.
مونتگومریش ئەم ڕاپۆرتەى بە بۆنەى (خولى مەشقى لەشکرى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستەوە) پێشکەش کردبوو، کە لەم خولەدا دەرکەوت کەوا عزەت ئەفسەرێکى هەڵکەوتووە.
عزەت لە زیرەکى و ڕەوشتبەرزیدا زۆر بەناوبانگ بوو، هەروەها شارەزایى لە زاراوەى سۆرانیدا هەبوو. زمانى ئینگلیزییشى زۆر باش زانیوە و کەمێکیش تورکى و فارسیى زانیوە، جگە لە زمانى عەرەبییش، کە زۆر تیایدا شارەزا بووە.
عزەت گەنمڕەنگێکى چاو و برۆ ڕەشى باڵا مامناوەندى بووە.
4- محەمەد قودسى
محەمەد مەحموود، ناسراو بە (محەمەد قودسى) ، لە ساڵى 1922 لەدایک بووە، مەحموود ئەفەندیى باوکى کەسایەتییەکى ئایینیی خوێندەوار بووە، سەربازى ئیجەبارى بووە لە سوپاى عوسمانیدا و ناردوویانە بۆ شەڕ لە (سەفەربەلک) ، لەوێدا بە دیل دەگیرێن و ڕەوانەى وڵاتان دەکرێن و مەحموود ئەفەندیش بەر (قودس) دەکەوێت، لە ئەنجامدا (قەراڵ خان) بووە خێزانى و پاشان خودا منداڵێکیان پێ دەبەخشێ ناوى دەنێن (محەمەد قودسى) ، دواى تەواوبوونى شەڕى یەکەمى جیهان، (مەحموود) ، کە خەڵکى شارى سلێمانی بوو، گەڕایەوە ئێراق و بۆ ماوەیەک لە شارى مووسڵ نیشتەجێ بوو.
(محەمەد قودسى) بەر لە گەڕانەوەى باوکى بۆ ئێراق، لە تەمەنى (6) ساڵیدا لە شارى مووسڵ خرایە بەر خوێندن و تا پۆلى سێیەم لەوێ بوو، پاشان باوکى نێردرایەوە بۆ سلێمانى، بە و هۆیەی مەحموود خوێندەوار بوو، لەدوای دامەزراندنى سوپاى ئێراق دەکرێت بە (نائب زابتى تەجنید) .
(قودسى) لە سلێمانى خرایە قوتابخانەى (خالیدییە) ، لەبەر ئەوەى شێوەزاری سلێمانیى نەدەزانى، نەىتوانى سەرکەوتوو بێت، ناچار لە پشووى هاویندا ناردیانە لاى مامۆستا (فایەق بێکەس) ى شاعیر بۆ خوێندن، لەلاى بێکەس فێرى شێوەزارى سلێمانى بوو، هەر لەو کاتەیشەوە هەستى کوردپەروەریى لا درووست بوو. خوێندنى سەرەتایى و ناوەندیى لە شارى سلێمانى تەواوکرد، ئینجا چووە قوتابخانەى ئەفسەریى بەغدا و دوای دوو ساڵ خوێندن، لە ساڵى 1941دا بوو بە (نائب زابتى عاشە) و لە شارى هەولێر دامەزرا. دواتر لە (1942- 1943) بوو بە ئەفسەر و نێردرایە شارۆچکەى (رواندز) و کرا بە (ئەفسەرى تەجنید)ى ئەو شارۆچکەیە.
(قودسى) ، خۆى گەیاندە لاى بارزانییەکان، بەڵام دواى پازدە ڕۆژ (بارزانى) بۆ گفتوگۆکردن هاتە شارى بەغدا و لەو سەردانەیشدا (قودسى) ی لەگەڵدا بوو و خستییەوە سەر کارەکەى خۆى، چونکە لە ئەنجامى گفتوگۆدا شەڕ ڕاگیرا، بەڵام دواى ڕاپەڕینى دووەمى بارزان، دووبارە (قودسى) خۆى گەیاندەوە لاى بارزانییەکان و ئەفسەرەکانى دیکەى هاوڕێى. حکوومەتى ئێراق، کە زانى ئەو ئەفسەرە کوردانە چوونەتە پاڵ شۆڕشى بارزان (دادگاى عورفیى عەسکەرى) بۆ دانان و لە ڕۆژى 1ی12ی1945دا حوکمى پاشملەى لەسێدارەدانیانى بۆ دەرکردن.
لە ساڵى 1946دا، کە کۆمارى کوردستان لە مەهاباد لەدایک بوو، (قودسى) و بارزانییەکان و کۆمەڵێک لە ئەفسەرە هاوڕێکانى خۆیان گەیاندە ئەوێ و هەرکەسە ئەرکى نیشتمانیى خۆى پێ سپێردرا. (محەمەد قودسى) یش یەکێک بوو لەوانەى کرا بە (کاپتن) لە سوپاى کوردستان لە مەهاباد و لە هەمان کاتیشدا پۆستى سەرۆکى (یەکێتیى جەوانانى کوردستان- ناوچەى سەقز و بانە)ى پێ سپێردرا. ساڵی 1947 کە (کۆمارى کوردستان) تێک چوو، (محەمەد قودسى) لەگەڵ سێ لە هەڤاڵە ئەفسەرەکانى، بە ناوەکانى (مستەفا خۆشناو، خەیروڵا عەبدولکەریم، عیزەت عەبدولعەزیز) ، گەڕانەوە ئێراق و کەوتنە دەست حکوومەتە کۆنەپەرستەکەى ئێراق، بەداخەوە لە بەرەبەیانى 19ی6ی 1947 لە (زیندانى ناوەندى) بەغدا، ئەم چوار قارەمانە لەپێناوى ئازادیدا لەسێدارە دران.
محەمەد قودسى دەستى نووسینى بابەتى ئەدەبى و سیاسیى هەبووە. لە ماوەى ئەفسەرییدا لە ڕواندز، پەڕتووکێکى سیاسیى لە عەرەبییەوە کرد بە کوردى، بە ناوى (نیشتمان و نیشتمانپەروەرى چییە؟) کە لەدواى چەند ساڵێک لەسەر ئەرکى (پەڕتووکخانەى پێشکەوتن) لە ڕواندز چاپ و بڵاو کرایەوە. جگە لەمەیش، وتاربێژێکى سیاسیى بەتوانا بوو، لە کۆمارى کوردستاندا بە (وتاربێژى شۆڕشى کوردستان) ناسرابوو. کاتێک بەرەو باشوورى کوردستان هاتنەوە و لەسەر بەڵێنى بەڕێوەبەرى گشتیى پۆلیسى ئێراق (عەلى حیجازى)، حکوومەتى ئێراق بەنیازى لێبوردنى گشتى بۆ بەشدارانى شۆڕشى بارزان و کۆمارى کوردستان دەربچوێنێ، لەگەڵ ئەفسەرە هاوڕێکانى خۆیان بەدەستەوە دا و گوێزرانەوە بۆ بەغدا و دواى ماوەیەک سەرلەنوێ دادگاى عورفى سەربازییان بۆ دانرایەوە و دادگایى کرانەوە و دیسان حوکمى لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووەوە، بەڵام جێبەجێ نەکرا، تا بارزانى و هەڤاڵانى لە 18ی6ی1947 لە ئاوى ئاراس پەڕینەوە و بوون بە پەناهندەى سیاسى لە یەکێتیى سۆڤییەت.
هەر ئەو ڕۆژە (عەبدولئیلاى وەسیى مەلیکى ئێراق) جێبەجێکردنى حوکمەکەیانى ئیمزا کرد و بۆ بەرەبەیانى ڕۆژى 19ی6ی1947، هەر چوار ئەفسەرە نیشتمانپەروەرەکەى کوردستان لەسێدارە دران و تەرمەکانى (محەمەد قودسى و مستەفا خۆشناو) بۆ سلێمانى برانەوە و بە خۆپیشاندانێکى جەماوەرى پێشوازییان لێ کرا و تەرمى (خەیروڵا عەبدولکەریم) بۆ هەولێر و تەرمى (عیزەت عەبدولعەزیز) یش بۆ ئامێدى بەڕێ کران و هەر چواریان بوونە ڕەمزى خەبات و بەرخودانى ڕۆڵە دڵسۆزەکانى کورد، لەپێناو ئازادى و سەربەخۆیى کوردستاندا.
[1]