#ئەیوب بارزانی# : هەرێم بە قۆناغی هەڵوەشانێکی هێواش هێواشدا تێدەپەڕێت
#10-07-2023#
نووسەر و سیاسەتمەدارێکی کورد هۆشداری لەبەرانبەر هەڵوەشاندنەوەی قەوارەی هەرێمی کوردستان دەدات و لایەنەکان بە هۆکاری لاواز بوونی قەوارەکە دادەنێت و ئەنجامدانی شۆڕشیش بە چارەسەری گونجاو دەزانێت بۆ ڕزگار بوون لە دۆخەکە.
ئەیوب بارزانی، سیاسەتمەدار و نووسەری کورد، بە دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاند: ئەم ئەزموونە هەر لەسەرەتاوە بە هەڵە هاتووە، لەوانە بابەتی پەنجا بە پەنجا و تەزویرات لە هەڵبژاردن، دوو ئیدارەیی و دوو هێزی پێشمەرگەو ئەمنی، دوو سەر (هەردوو سەرکردەی سیاسی بارزانی و تاڵەبانی) ، کە لەگەڵ ئەو پەندەیا یەک دەگرێتەوە دوو سەر لە یەک مەنجەڵدا ناکوڵێت، بۆیە لە ئێستادا هەرێم بە قۆناغی هەڵوەشانێکی هێواش هێواشدا تێدەپەڕێت.
ئەیوب بارزانی، سەبارەت بە پشتگیری و ڕۆڵی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ مانەوە و بەرەوپێشچوونی هەرێمی کوردستان، ڕای وایە، لە ئێستادا کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بێ هیوابوون لە چاکسازی دەسەڵاتی سیاسی و دەڵێت: هۆکارە دەرەکیەکان لەسەرەتادا پۆزەتیف بوو دەیانەویست هەرێم لە ڕووی ئابووریەوە گەشە بکات و ئارام بێت، بەڵام لە ئێستادا کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بێ هیوابوون لە چاکسازی سەرکردەکان، گەیشتنە ئەو ڕاستییەی سەرکردایەتی سیاسی وەک ئاغا و میراتگر هەرێم بەڕێوەدەبەن، گەیشتنە ئەو باوەڕەی کە ئەمانە ناگۆڕێن بۆیە وردەوردە سارد بوونەوە.
هەروەها وتیشی: ڕێگە گرتن لە سەرۆکی پەڕڵەمان لە 2015 دا کاریگەریی زۆری هەبوو بۆ بێ ئەرزشکردنی سەرکردەکانی هەرێمی کوردستان، سەرباری ئەوەی کە ئەندامانی پەڕڵەمان پیاوی خۆیان بوون، بەڵام ڕێزی ئەوانیشیان نەگرت کە کادری خۆیان بوون.
هەرچەندە وڵاتانی دەرەوە و نەتەوە یەکگرتووەکانیش چەندین جار هۆشدارییان داوەتە حکومەتی هەرێم لەبەرانبەر خراپی دۆخی هەرێم، بەڵام لە مانگی 6ی ئەمساڵ ئەلینە ڕۆمەناوسکی، باڵیۆزی ئەمریکا لە ئێراق، لە میانی کۆبوونەوەی لەگەڵ بەشێک لە ڕۆژنامەنووساندا لە سلێمانی ڕایگەیاند، هێشتا هەرێمی کوردستان ستراتیژە و ئەوان هاوبەشمانن.
لە مانگی ڕابردووش دان بەیکن یاسادانەری کۆمارییەکان بە ماڵپەری هەواڵی میدڵ ئیست ئای ڕاگەیاندبوو، یاسادانەرانی ئەمریکا داوایان کردووە سیستەمی بەرگری ئاسمانی بۆ هێزی پێشمەرگەی هەرێم دابین بکرێت.
سەبارەت بەئازادی ڕادەربڕین و کاری ڕاگەیاندن ئەیوب بارزانی پێی وایە، ئازادی سنووردارکراوە و مەودای ئازادی بەرتەسک کراوەتەوە و دەڵێت: بە وتار باس لە ئازادی ڕادەربڕین دەکرێت بەڵام بە کردار وانییە. وایان لە ڕۆژنامەنووسانی خۆیان کرد کە ببنە سێبەری دەسەڵات و خزمەتی خۆیان بکەن. ئەوەی بە دڵی دەسەڵات نەبێت لەمپەڕی بۆ دادەنێن، بەو شێوەیە پەروەردەیان کردن کە ڕۆڵیان هەبێت لە بە مەرجەع کردن و گەورەکردنی سەرۆکەکاندا.
هەرچەندە هەرێمی کوردستان وەک هەرێمێکی فیدڕال خاوەن شەرعیەتی یاسایی و دەستووری خۆیەتی، بەڵام بەردەوام ڕووبەڕووی هەڕەشەو هێرشی وڵاتانی هەرێمی دەبێتەوە. بە بڕوای ئەیوب بارزانی، ئێران و تورکیا ناڕازی نین لە خراپی دۆخی هەرێمی کوردستان و دەڵێت: ئەم دۆخەی ئێستای هەرێم بە سیستەمەکەیەوە بە دڵی تورکیا و ئێرانە وهیچ نیگەرانییەکیان نییە لە دۆخەکە، لە سایەی ئەم حوکمڕانییەدا هەردوو وڵات بەرژەوەندییەکانی خۆیان مسۆگەرکردووە، ترسیان نییە لەوەی قەوارەی هەرێم ببێتە هیچ. ئێران و تورکیا دەیانەوێت ئەم دۆخە وا بمێنێتەوە تاوەکوو چارەنووسی سیاسەت و مانەوەی ئەمریکا لە ناوچەکە بە تەواوەتی ڕوون دەبێتەوە، ئەگەر هەژموونی ئەمریکا لە ناوچەکە نەمێنێت ئەوا پەیوەندی و تێڕوانینیان لەگەڵ کورد دەگۆڕێت.
ئێران و تورکیا بەردەوام هێرشی ئاسمانی و مووشەکی دەکەنە سەر خاکی هەرێمی کوردستان بە پاساوی هەبوونی هێزە چەکدارە کوردەکانی دژ بە وڵاتەکانیان.
هەرچەندە لە گۆڕەپانی سیاسی لە هەرێمی کوردستاندا چەندین حزبی ئۆپۆزسیۆن بوونیان هەیە و لە ڕابردووشدا گۆڕان یەکێک بوو لەو هێزە کاریگەرانەی کە وەک حزبێکی ئۆپۆزسیۆن توانی 25 کورسی پەڕڵەمانی بباتەوە، بەڵام بە ڕای ئەو نووسەرە گۆڕان ڕۆڵێکی خراپی بینیوە لە بێ هیوابوونی دەنگی خەڵکی ناڕازی و دەڵێت: هێزی بەدیل هەبوو کە گۆڕان بوو، بەڵام لە نیوەی ڕێگاکە گەڕایەوە و هەمووشتێکی تێکدا، بزووتنەوەی گۆڕان گورزێکی گەورەی لە پڕۆژەی گۆڕانکاریدا لە هەرێمی کوردستاندا.
پێشی وایە ئەستەمە گۆڕانکاری لە ڕێگەی هەڵبژاردنەوە بکرێت و دەڵێت: بە ڕەهایی باوەرم وایە کە گۆڕانکاری لە ڕێگەی هەڵبژاردنەوەوە ناکرێت لە هەرێم، چونکە بە ڕەهایی ڕێز لە ئەنجامی هەڵبژاردن ناگیرێت، هەر لە جەوهەردا باوەڕیان بە هەڵبژاردن و گۆڕانکاری نییە، ڕێگە نادەن بە ڕای ئازادی خەڵک، خەڵک لەلای ئەوان مێگەلە و دەبێت گوێڕایەڵ بێت بە درێژایی ئەو 32 ساڵە دیدیان بۆ بابەتەکە نەگۆڕاوە بەتایبەت لە ناوچەکانی بادینان، چونکە دیدی خێڵەکی لە بادینان بەهێزترە، بەڵام لە سلێمانی ڕەخنە هەیە و دۆخەکە ئازادترە.
لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوو لە زۆربەی شارەکانی هەرێمی کوردستاندا بە پارێزگای دهۆکیشەوە خەڵک بۆ داواکاری مافەکان و خۆشگوزەرانیان چەندین جار خۆپیشاندانیان ئەنجام داوە.
لە وتووێژەکەیدا لەگەڵ دەنگی ئەمریکا ئەیووب بارزانی دەشڵێت، تەنیا چارەسەر بۆ باشتر بوونی دۆخی هەرێمی کوردستان شۆڕشی مەدەنییە و ڕایگەیاند: دەبێت شۆڕشێکی گەورە بکرێت بە پڕۆژەیەکی باشەوە، شەقام بجوڵێت لە هەموو هەرێم بەتایبەت لە هەولێر، ئەو چەقبەستوویە نەمێنێت، ڕێگە نەماوە لە بەردەم خەڵکیدا ئیلا شۆڕش نەبێت، شۆڕشەکە دەبێت شۆڕشی سپی بێت و ئاشتیخوازانە بێت، زۆربەی گەلانی دنیا بەشۆڕش توانیویانە لەم دۆخانە خۆیان ڕزگار بکەن.
ئەم لێدوانەی ئەیوب بارزانی لەکاتێکدایە سیستمی فەرمانڕەوایەتی هەرێمی کوردستان سیستمێکی پەڕڵەمانییە و هەموو لایەنە سیاسییەکان بەشدارییان لە هەڵبژاردندا کردووە و ئێستاش هەر هەموویان داوا دەکەن هەڵبژاردن بکرێت هەرچەندە ناکۆکن لەسەر شێوازی بەڕێوەبەردنی هەڵبژاردنەکان.
سەبارەت بە پرسی نەتەوەش ئەو نووسەرە ڕایگەیاند: کورد پێویستی بە ستراتیژێکی هاوبەش هەیە، دوور لە دەست تێوەردانی حزبی و هەژموونی وڵاتانی دەرەوە، ئەگەر ئەمە نەکرێت کورد هەمووی دەبێتە دوژمنی یەکتر.[1]