#محەمەد مەهدی کەرەمی#، خەڵکی بیجاڕ، کە لە کاتی ڕێوڕەسمی چلەی حەدیس نەجەفی، یەکێک لە کوژراوانی خۆپیشاندانەکانی کەرەج دەستبەسەرکرابوو، سزای سێدارەی بەسەردا سەپێنرا و ئەگەری جێبەجێکردنی سزاکەی زۆرە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، محەمەد مەهدی کەرەمی، تەمەن 22 ساڵ، لەلایەن دادگای شۆڕشی پارێزگای ئەلبۆرز بە سەرۆکایەتیی دادوەر موسا ئاسف ئەلحەسنی بە تۆمەتی “تاوان لە دژی ئاساییشی ناوخۆیی و شەڕ لەگەڵ خودا” سزای سێدارەی بەسەردا سەپێنرا.
ناوبراو بەشێوەیەکی فەرمی لە بەندیخانە سزاکەی پێ ڕاگەیێندراوە.
دانیشتنی بەدواداچوون بۆ تۆمەتەکانی محەمەدی مەهدی کەرەمی و 14 هاووڵاتی دیکە لەژێر ناونیشانی دۆسییەی کوژرانی بەسیجێک بەناوی ڕوحوڵڵا عەجەمیان، ڕۆژی چوارشەممە، (30-11-2022) بەڕێوەچووە کە لەو دانیشتنەدا ئەو لاوە کوردە وەک تۆمەتباری سەرەکی ئەو دۆسێیە ناسێندراوە.
محەمەد مەهدی کەرەمی، دوو ڕۆژ دوای ڕێوڕەسمی چلەی حەدیس نەجەفی لەلایەن هێزە حکومەتییەکان دەستگیرکرابوو.
یەکێک لە نزیکانی بنەماڵەی کەرەمی لەم بارەوە بە هەنگاوی ڕاگەیاند: محەمەد مەهدی لە ماوەی دەستبەسەرکردنیدا لەژێر ئەشکەنجەی دڕندانەی ڕۆحی و فیزیکی و ناوەندە حکومەتییەکاندا بووە و ناوبراو لە چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەیدا ئەو زانیارییانەی پشتڕاستکردووەتەوە.
ئەم هاووڵاتییە مافی هەبوونی پارێزەری لە ماوەی دەستبەسەرکرانی و تەنانەت لە ڕۆژی دانیشتنی دادگاشدا نەبووە.
محەمەد مەهدی کەرەمی تەمەن 22 ساڵ، خەڵکی گوندی کوتانی خواروو سەر بە شاری بیجاڕ و دانیشتووی نەزرئاباد لە شاری کەرەجە.
ناوبراو لە وەرزشی کاراتیدا چەندین مەدالیای لە ئاستی پارێزگا و ئێراندا بەدەست هێناوە. [1]