ناونیشانی بابەت: 90%ی قەیسەریی کفری داڕووخاوە و بۆ نۆژەنکردنەوە پێویستی بە 21 ملیار دینارە
ئامادەکردنی: #فاتمە قاسم#
دوای 173 ساڵ لە درووستکردنی بازاڕی قەیسەریی #کفری#، بەهۆی داڕووخانەوە چۆڵ کراوە و بەڕێوەبەری شوێنەواری کفرییش دەڵێت: ”چەندین ساڵە بە مەبەستی نۆژەنکردنەوەی قەیسەریی کفری دەرخستە بەرز دەکەینەوە، بەڵام تاکوو ئێستا پارەی نۆژەنکردنەوەی بۆ دابین نەکراوە و ئێستا 90%ی قەیسەرییەکە داڕووخاوە“. ئەندازیاری تەلارسازی لە بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەواری گەرمیانیش دەڵێت: بۆ ئەوەی قەیسەرییەکە بە شێوازی مۆدیرن نۆژەن بکرێتەوە، پێویستمان بە 21 ملیار دینارە.
بازاڕی قەیسەریی کفری دەکەوێتە گەڕەکی باوەشاسوار، لە باکووری شاری کفری سەر بە ئیدارەی گەرمیان. قەیسەرییەکە لە دەوروبەری ساڵی 1850 بە دەستی وەستا سەمەد #کەرکووک#ی و هاوکارانی درووستکراوە و لە کاتی درووستکردنی هەتا کۆتایی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو ئاسایی بەکار دەهێنرا، بەڵام دوای ئەوە وردەوردە بەهۆی نۆژەن نەکردنەوەی دەستی بە داڕووخان کرد و لە ساڵی 2021دا کار و ژیان تیایدا ڕاوەستاوە و ئێستا بووەتە شوێنی زبڵ و خاشاک.
پێوەست بەم بازاڕە، عوبێد محەمەد، بەڕێوەبەری شوێنەواری کفری بە (باسنیوز) ی ڕاگەیاند: مێژووی قەیسەریی کفری دەگەڕێتەوە بۆ 173 ساڵ پێش ئێستا، قەیسەرییەکە لەناوەڕاستی سەدەی نۆزدەیەم، واتە نزیکەی ساڵی 1850 بە دەستی وەستا سەمەد کەرکووکی بە مەبەستی بازرگانی درووستکراوە، چونکە کفری لەو سەردەمەدا ناوەندێکی بازرگانیی گەورە بوو لەنێوان #سلێمانی# و بەغدا، سەرەتا قەیسەرییەکە چەند دوکانێک بوو، دواتر قۆناغ بە قۆناغ گەورە کرا، ئەمەش لە شێوازی بیناکەیڕا دیارە.
هەرچەندە درووستکردنی قەیسەریی کفری دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمێکی کۆن، بەڵام لەڕووی ئەندازیارییەوە سەرنجڕاکێش بووە و توانیویە ژمارەیەکی زۆر لە دوکان و خان و چێشتخانە لە خۆی بگرێ و جگە لە خەڵک، ڕۆژانە بازرگانان لە سلێمانی و بەغداوە ڕوویان تێ کردووە.
ئارام محەمەد، ئەندازیاری تەلارسازی لە بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەواری گەرمیان، سەبارەت بە شێوازی درووستکردنی قەیسەرییەکە وتی: قەیسەریی کفری بە شێوەی گومەز و بە بەکارهێنانی کەرەستە لە چیاکانی دەوروبەری کفری درووستکراوە، کە بریتین لە (بەرد و گەچ و قسڵ و غوبرە) شێوازی بیناکەی ناڕێکە و ڕووبەرەکەی دە هەزار و 612 مەتر دووجایە، کە پێکهاتووە لە:
- 200 دوکان، کە هەر دوکانێک و خاوەن ڕووبەرێکی جیاوازە بووە، لەنێوان چوار هەتا 15 مەتر دووجا.
- هەبوونی چوار خان بە ناوەکانی (خوێ، خەڵووز، قەدەو، خانی مەلا عەباس) .
- هەبوونی سێ دەروازە بە ناوەکانی دەروازەکانی (بەغدا و سلێمانی و ڕۆژهەڵات) .
- یەک چێشتخانە و دوو چایخانەی تیادا بووە.
قەیسەرییەکە لە یەک نهۆم پێکهاتبوو، بەڵام خانەکان، کە ژمارەیان چوار دانە بوو، لە دوو نهۆم پێک هاتبوون، نهۆمی یەکەمی خانەکان بۆ شوێنی ئاژەڵ و وڵاخەکان بووە و نهۆمی دووەمی خانەکانیش، کە ژمارەی ژوورەکانیان جیاواز بووە لەنێوان (4- 8- 16) ژوور بوون و خەڵک بۆ مەبەستی حەوانەوە و پشوودان بەکاریان هێناوە.
- بنمیچی قەیسەرییەکە بە شێوازی گومەز بووە.
- بەرزایی قەیسەرییەکە لە شوێنێک بۆ شوێنێکی دیکە جیاواز بووە و لەنێوان 4.30سم بۆ 5.60 سم بووە.
- دیوارەکانی بە بەرد درووستکراون.
- زەوییەکەیشی بە بەرد درووستکراوە.“
لە درێژەی قسەکانیدا، عوبێد محەمەد، بەڕێوەبەری شوێنەواری کفری ئاماژەی بەوەش کرد: قەیسەریی کفری لە کاتی درووستکردنییەوە هەتا ئەمڕۆ، هیچ کاری پاراستن و نۆژەنکردنەوەی بۆ نەکراوە، هەموو بینایەک ماوەماوە پێویستی بە نۆژەنکردنەوە هەیە، وەک ئەوەی ئاشکرایە تەمەنی قەیسەرییەکە زۆرە و گۆڕانکاریی کەشوهەوا و باوبارانیش ڕۆڵیان لە داڕووخانیدا هەبووە، بۆیە لە کاتی درووستکردنی هەتا کۆتایی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو کار و جموجووڵ تیایدا ئاسایی بووە، بەڵام دوای ئەوە وردەوردە بەهۆی نۆژەن نەکردنەوەی دەستی بە داڕووخان کردووە و بەرەو چۆڵبوون چووە، لە ساڵی 2021 دوا دوکانەکان کە لەنزیک دەروازەی بەغدا بوون، بەکار دەهێنران، بەڵام بەداخەوە ئەوانیش داڕمان، تەنیا چایخانەیەک لەنزیک دەروازەی بەغدا چایخانەی بەکر کەبابچی ماون و هەتا ئێستا بەکار دەهێنرێن، کە بەکۆنترین چایخانەی دەڤەری گەرمیان ناسراوە، بەڵام خاون دوکانەکانی دیکە، کە پێشتر دوکانەکانیان بۆ چەندین جۆر پیشەی وەک بەرگدروویی، هەلاجی، دارتاشی، ئاسنگەری... بەکار دەهێنا، ناچار بوون دوای داڕمانی دوکانەکانیان ڕوو لە سەنتەری شارەکە بکەن، بەداخەوە ئێستا قەیسەرییەکە بووە بە شوێنی فڕێدانی زبڵ و خاشاک، بە شێوەی گشتی، 90%ی قەیسەرییەکە داڕووخاوە و بەهۆی هەبوونی خانووی نیشتەجێبوون لە دەوروبەری، مەترسی لەسەر هاووڵاتییان هەیە، چونکە ئەو کەمە قەیسەرییەی کە ماوە، خەریکە وردەوردە دادەڕووخێت.
بەڕێوەبەرەکە تیشکی خستە سەر هۆی نۆژەننەکردنەوەی قەیسەرییەکە و وتی: لە ساڵی 2011 ئێمە دەستمان بە بەرزکردنەوەی دەرخستە کردووە، هەتا ئەمساڵ و لەپێش قەیرانی داراییەوە لەلایەن سەرۆکی #حکوومەتی هەرێمی کوردستان#، بڕیار درا بڕی 21 ملیار دینار بە سێ قۆناغ پێمان ببەخشرێت، بە مەبەستی نۆژەنکردنەوەی قەیسەری کفری، بۆ قۆناغی یەکەم حەوت ملیار دینار تەرخان کرا بۆ نۆژەنکردنەوەی قەیسەرییەکە، بەڵام بەهۆی قەیرانی دارایی نەچووە واری جیبەجێکردن، بۆیە تاکوو ئێستا نەمانتوانیوە قەیسەرییەکە نۆژەن بکەینەوە.
لەنێو شاری کفری، جگە لە بەڕێوەبەری شوێنەوار و فەرمانبەرانی، خەڵکی شارەکە و خاوەن دوکانەکان و دانیشتووانی دەوروبەری قەیسەرییەکە چاوەڕوانی نۆژەنکردنەوەی قەیسەرییەکە دەکەن، تاکوو وەک جاران ئەو بازاڕە ببێتەوە شوێنێکی بازرگانی و جموجووڵی کەسابەتی تیادا درووست ببێتەوە و وەک خۆیان دەڵێن، ئەم بازاڕە پێشتر شوێنی کۆکردنەوەی بازرگانان و خەڵک بووە، کە ڕوویان لە شارەکە کردووە.
عوبێد محەمەد، بەڕێوبەری شوێنەواری کفری دەشڵێت: داوا لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەم، بە هانای قەیسەریی کفری بێن و دەرخستەکەمان قبووڵ بکەن، بۆ ئەوەی نۆژەن بکرێتەوە، کە تێچووی نۆژەنکردنەوەی تەنیا 21 ملیار دینارە، چونکە قەیسەرییەکە یەکێک لە بەناوبانگترین شوێنەوارەکانە لەناو شاری کفری و لە دێرزەمانەوە ناوەندێکی بازرگانیی گەورە بووە، بۆیە داوا دەکەم نەهێڵن مێژوویەک لە مێژووەکانی شارەکەمان لەناو بچێت.
لە کۆتاییدا ئەندازیار ئارام محەمەد، وتی: ئەگەر پارەمان بۆ خەرج بکرێت، ئەوا ئێمە دەتوانین بە بڕی 21 ملیار دینار بۆ ماوەی دوو ساڵ لە ڕێگەی تیمەکەمان، کە چەندین خولی نۆژەنکردنەوەی لەو جۆرە شوێنەوارانەمان بینیوە، سەرلەنوێ قەیسەرییەکە بە هەمان شێواز و بە بەکارهێنانی هەمان کەرەستەری نۆژەن دەکەینەوە، بەڵام لێرە ڕەنگە لەلای هەمووان ئەم پرسیارە درووست بێت، کە ئایا 21 ملیار زۆر نییە بۆ نۆژەنکردنەوەی؟ لێرە دەبێ بڵێم، کە ئێمە دەمانەوێت قەیسەرییەکە وەکوو بازاڕە جیهانییەکانی لێ بێت و خاوەن سیستەمی ساردکەرەوە و گەرمکەرەوەی ناوەندیی بێت، لەگەڵ سیستەمی کارەبا و ئەنتەرنێت و ئاوەڕۆی داپۆشراو، لەگەڵ هەبوونی مۆلیدە، ئەمانە نیوەی پارەی خەرجییەکە دەبەن، ئێمەیش هەوڵی خۆمان دەدەین لە ڕێگەی نۆژەنکردنەوەی قەیسەرییەکە، سەرنجی خەڵکی ناوخۆ و گەشتیارانیش بۆ جوانیی قەیسەرییەکە و شێوازی ئەندازیارییەکەی ڕابکێشین، تاکوو سەرلەنوێ قەرەباڵغی ڕووی تێ بکات و بکەوێتەوە جموجووڵ.[1]