تۆ چۆن یادی #ئەنفال# دەکەیتەوە؟
نووسینی: #عومەر محەمەد قادر# (هۆمەر محەمەد)
زۆرجار میدیاکاری وریا و زیرەک پرسیاری باش دەوروژێنن، ئایا ئەنفال لەڕابوردوماندایە یان لە پێشمانە، ئایا دەکرا ئەنفال ڕوونەدا؟ ئەمانە پرسیاری جەوهەری و جدین، چونکە بە بەڵێ و نەخێر وەڵام نادرێنەوە، پێویستیان بەتیڕامان و هەڵوەستە هەیە، هەندێک جار پرسیار لە وەڵام قوڵتر و قوورسترە، هەر بۆیەشە هەموو میدیاکارێک ناتوانێت پرسیاری باش و بەسوود بکات. پرسیاری باشیش پێویستی بەوەڵامی باش هەیە، لەو حاڵەتەدا پرسیارلێکراویش ناتوانێت نابەرپرسیارانە بە بەڵێ و نەخێر وەڵامبداتەوە، ئەگەر وای کرد کەواتە بەهەگبەیەکی بەتاڵەوە خۆی خستووەتە بەردەم پرسیاری قوورس و دەمامکی نەزانی دەکەوێ.
ئەوەی لەئەنفالدا ڕویدا، بە هەموو پێوەرێک جێنۆساید بوو، هۆکارەکەشی هەر بەوەندە ڕوون ناکرێتەوە بڵێین کورد دەرگیری دەوڵەت و حزبێکی فاشی وەک بەعس بوو، بەڵکوو دیوێکیشی ئەوەیە ئەوەی لە کوردستانیش لە دژی دەوڵەت و بەعسییەکان هەبوو، شۆڕش نەبوو، تەنیا بزووتنەوەیەکی چەکداری ڕووت و پەتی بوو، کە خۆی لە جەنگی ئێران و ئێراقەوە گلاند و پاساوی دایە دەست بەعس لەناو تەپ وتۆزی جەنگدا پلانی لەمێژینەی فاشیانەی جێبەجێ بکات. بۆیە ئەگەر شۆڕش بوایە تێکەڵ بەو جەنگە کۆنەپەرستییە نەدەبوو. شۆڕش بێ فیکر و بێ کلتور نابێ، شۆڕش ئەوەیە بەتەنیشت خەباتی چەکدارییەوە خەباتی کلتوریشی بەگەڕ خستبێ ژیاندۆست و ژینگە دۆست بێ و ئامانجی هۆشیاری و شکۆمەندی بێت. شەڕکردن لەسەر پێگەی سیاسی هیچ نییە، ئەگەر ئامانج ڕزگار کردنی خەڵک نەبێت لە نەفامی، شۆڕش ئەو کاتە بەهای هەیە کە شوێنکەوتووەکانی بەگورگان خواردوو نەدا و کۆمەڵگە لە گۆمی خوێن ھەڵنەکێشێ.
سیاسی فاشیل بەگشتی مەرگدۆستە، هێندەی شانازی بەروبەری فراوانی گۆڕستانەکان و ژمارەی شەهیدەکانییەوە دەکات هێندە ئاوەدانی شارەکان و شکۆی زیندووەکانی بەلاوە گرنگ نییە.
ئەوەی لە کوردستان ڕوویدا ئەنجامەکەی بە بەرچاومانەوەیە، کوردستانی دوای ئەنفال (کوردستانی ئازاد؟!) بۆ جاشەکان و کۆنە بەعسییەکان بوو بە بەھەشت و بۆ کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوانیش دۆزەخ. کەواتە ئێراقی فریدەم و کوردستانی ئازاد درۆیەکی گەورە بوو، ئەوەی ڕویدا ڕووخانی بەعس و ڕزگاربوونی ئێراق و کوردستان بوو لە دەسەڵاتی سەدام نەک ئازادی چونکە لە حزبی بەعس ڕزگاری بوو بەڵام لە بەعسیزم و لە نەفامی ڕزگاری سیاسییەکانی دوای بەعس ڕزگاری نەبوو.
کوردستان و ئێراق بووە، ژینگەیەکی لەبار بۆ مرۆڤی خۆشبەختی دەبەنگ، بۆ سیاسی بێ فیکر و بێ حیکمەت، زانکۆکان پڕبوون لە بڕوانامەداری پۆشتەو بێ مەعریفە و مزگەوتەکان پڕبوون لە بانگخوازی نەزان و هەوەسباز، بەتەنیشت سیاسییەکانەوە بوونە بازرگان سیاسییەکان، نیشتمان و هاونیشتمانی و ئەمانیش ئایین و بەرماڵ و ماڵی خودا دەفرۆشن.
یادی ئەنفال ئەگەر هۆشیاری درووست نەکات و مرۆڤ نەخاتە بەردەم بەرپرسیارییەتی ئینسانی و نیشتمانی و نەتەوەیی، کەواتە یاد نییە و هەرچی بکەن و بڵێن لە نمایشێکی بێگیان زیاتر نییە. دەنا چۆن دەبێت جەلادێک و قوربانییەک پێکەوە بچن بۆ یادی ئەنفال و پێکەوە ماتەم بگێڕن بێ ئەوەی جەلاد خەجاڵەتی کێشابێ و داوای گەردن ئازایی لەقوربانی کردبێت؟ چۆن دەبێت لەگەڵ زیندانییەکی نوگرە سەلمان پێکەوە بچنە ماڵی خواو پێکەوە داوای بەخشین لە خودا بکەن؟ جا ئەوە لە مزگەوتی شارێک بێت یان لە حەج. هێشتا دیمەنەکە بۆ من نامۆیە کە جەلاد و قوربانی پێکەوە لەنیشتمانێکدا بن بێ دادگایی و بێ لێپرسینەوە، بۆم پرسیارە دەربازبوویەکی گۆڕی بەکۆمەڵی بیابان لەگەڵ جەلادێکی بکوژی ئەو کۆمەڵکوژییە پێکەوە لەمەککەی پیرۆز ببن بە حاجی و پێکەوە و بەتەنیشت یەکەوە تەواف بکەن و لە یەزدان بپارێنەوە؟ ئەی خودا چۆن تەماشای ئەم دوو عەبدە دەکات و چۆن دوعایان وەردەگرێ؟ باوەڕناکەم خوداش وەک سەرۆک و سیاسییەکان دوعای جەللاد قبووڵ بکات و دوعای قوربانی وەرنەگرێ.
ئاخر ژنێک لە دادگای باڵای تاوانەکان ڕۆژی #11-10-2006# بە بەرچاوی ئێمە و سەرۆک و دەستەی دادوەری و پارێزەرانەوە شایەتی داو وتی: لە تۆپزاوا ئەفسەرێک بەناوی حسێن حللانی هاتە ناو هۆڵەکەمانەوە و بە کچێکی وەت وەرە دەرەوە، کچەکە وەڵامی نەدایەوە، ئینجا خێراخێرا قۆڵی ڕادەکێشاو دەیوت: وەرە دەرەوە تۆهی منیت، کچکە ملی نەدەدا دەیویست بەتۆبزی بیبات و دەستدرێژی بکاتەسەر، بەڵام کچەکە ڕەتی کردەوەو تفی کردە ناوچاوانی و پێیوت تۆسەرسەریت، ئەفسەرەکە فەرمانی بەپاسەوانەکانی کرد کە بچن دایک و باوکی بدۆزنەوە و بیانهێنن، سەربازەکان فرمانەکەیان جێبەجێکرد و هێنایانن بۆ ناو هۆڵەکەمان، بە بەرچاوی ئەو هەموو خەڵکەوە و بە بەرچاوی دایک و باوکییەوە ئەو بێشەرەفە پانتۆڵی دانا و دەستدرێژی کردە سەرکچەکە و دواتریش دووفیشەکی دەمانچەی نابەسەرییەوە. (بۆ درێژەی ئەم چیرۆکە بڕوانە #گەشتەکانی ئەنفالستان#-دەزگای سەردەم-بیرەوەری ژمارە 59)
دەی هاونیشتمانییەکی کورد سیاسییەک و مەلایەک و ڕۆژنامەنووسێک لە بەرانبەر ئەم چیرۆکە و هەزارانی تر بێهەست و بێ هەڵوێست بێت، ئیدی قسەکردنی ئەو لەسەر نیشتمان و ئایین و ئایدۆلۆژیا جگە لە درۆیەکی گەورەی پوچ چیترە؟ [1]