کۆمەڵکوژیی دۆڵی زیلان 001
زەینەلعابدین زنار
هەر چەندە باسی کۆمەڵکوژیی دۆڵی زیلان دەبیسترا، بەڵام زۆرێک لە کوردانی باکوور لەبارەی کۆمەڵکوژییەکە ئاگادار نەبوون. تەنیا چەند گۆرانییەکی لەسەر وتراوە و دەق و بەڵگەنامە و زانیاریی لەسەر دەست نەدەکەوتن. بەڵام دوای ساڵی 2000 هەندێک وتار بە زمانی تورکی سەبارەت بە کۆمەڵکوژی بڵاو کرانەوە.
لە دوای ساڵی 2010، زۆر وتار و هەندێک فیلم لەسەر کۆمەڵکوژیی دۆڵی زیلان لە ئینتەرنێتدا بڵاو کرانەوە؛ بەداخەوە زۆر بەیان بە زمانی تورکی بوون.
من لە کۆتایی ساڵی 1958-1959، ئاگاداری کۆمەڵکوژیی دۆڵی زیلان بووم. چونکە باوکم لە دەڤەری سەرحەد دەرسی دەوتەوە و ئەو فەقێیانەی لەلای ئەو دەیانخوێند، خەڵکی زۆر ناوچەی جیاواز بوون و هەمیشە باسی ئەو کۆمەڵکوژییانەیان دەکرد کە بەسەر کورددا هاتوون.
هەرچەندە من تەنیا لەسەر زمان و کولتووری کوردی کار دەکەم، بەڵام هەندێکجار لە لێکۆڵینەوەکانمدا تووشی شتگەلێکی سەرنجڕاکێشیش دەبم. بۆیە، بەبێ دوودڵی، لەسەر هەندێکیان ڕادەوەستم، دەنووسم و بۆ مێژوو دەیانکەم بە بەڵگە. یەکێک لەوانە کۆمەڵکوژیی دۆڵی زیلانە.
ڕۆژی 21-04-2016، من لە ناوچەی قەرەمورسەلای سەربە شاری ئیزمیت، لەگەڵ ئەحمەد تاشتان، خەڵکی گوندی حەسەنەڤداڵ (لە عەشیرەتی جەلالیان) ئاشنا بووم. سەرەتا چەند وشەیەکی کوردیم لێ پرسی کە لە دەڤەری سەرحەددا بەکار دێت. ئەو لەنێو قسەکانیدا باسی لە کۆمەڵکوژیی دۆڵی زیلانیش کرد. چونکە بە دەیان جار لە زاری خەزوورەیەوە مهێ بیستبووی، زانیاریی ئەو زیاتر لەسەر ئەو کۆمەڵکوژییە بوو. مهێ بەبرینداری لە کۆمەڵکوژییەکە ڕزگاری ببوو، پاشان گواسترایەوە بۆ زیندانی (ئەدەنە) و دوای زیندان بۆ سرگوون دوور خرابووەوە.
کاتێک ئەحمەد وتی کە کۆمەڵکوژی لە زۆر شوێن ڕوویداوە، زیاتر سەرنجی ڕاکێشام. ئیتر گفتوگۆکەمان چووە سەر کۆمەڵکوژی و چەند جارێک چاوپێکەوتنم لەگەڵدا کرد.
ڕێزدار ئەحمەد بە درێژی و بە چاوی پڕ لە فرمێسکەوە باسی کۆمەڵکوژییەکانی دەکرد، منیش دەنگی ئەوم تۆمار کرد و چەندین جار قسەم لەگەڵ کرد. بەپێی ئەوەی کە خۆیشی لە کۆمەڵکوژییەکەدا بووە، بە هەیەجان و بە ڕێکوپێکی بۆمی شی دەکردەوە.
پاشان بۆ وەرگرتنی زانیاریی زیاتر پەیوەندیم بە چەند کەسێکەوە کرد لە ناوچەی دۆڵی زیلان. پاشان چوومە نێو گووگڵ و سەدان وتار و وێنە و بەرهەمی تر، وەبەرچاوم کەوتن. بەگشتی 249 وتار، فیلم و پەرتووک لەبەرچاوم دەرباز بوون.
هەروەها زۆرێک لە یاداشتەکانی ڕۆژانەی سەربازانی تورکیا لە کۆمەڵکوژییەکەدا کەوتنە بەردەستم. هەروەها سوودم لە قسەی میلیشیا دەوڵەتییەکان و ڕۆژنامەنووسانی دژ بە کورد و سەربازەکان وەرگرت.
زانیاریی زیاتر و سەرنجڕاکێش لەو کەسانەوە هاتە دەستم کە خواردنیان بۆ ئەو سەربازانە دەبرد کە کۆمەڵکوژییەکەیان دەکرد.
تورکیا ساڵی 1930 هەتا 1953، ناوچەی دۆڵی زیلانی لە کوردان قەدەغە کردبوو. بەڵام ئەو کەسانەی لە ئەفغانستانەوە هێنرابوون و لەوێ نیشتەجێیانیان کردبوو، هەروەها زەوی و زاری کوردیان پێ درابوون، ئازادانە لەو ناوچەیەدا کاریان دەکرد.
هەروەها کۆماری تورکیا کەمپێکی گەورەی لەو ناوچەیە درووستکردبوو و هەتا ئێستاش ئەو کەمپە هەیە و کارمەندەکانیشی لەو شوێنانەدا دەژین کە بۆیان درووستکرابوو.
بەکوورتی دانیشتووانی 200 گوند لە زۆر شوێنی جیاوازدا، بە دەستی سەربازانی تورکیا کوژران. پاشان ئەو 200 گوندە بە 80 فڕۆکەی جەنگی سووتێنران. لە دوای کۆمەڵکوژیی کوردان، سەربازەکان بە کوێستان و شاخەکاندا دەگەڕان و کەسانێکی وەک شوان، گاوان و ڕێبواریان دەدیتەوە و یەکسەر لەوێ دەیانکوشتن.
سەربازێک باسی لەوە کرد کە لە بیابان و شاخ هەزار کوردیان کوشتووە. بەڵام بۆ ئەوەی مەڕوماڵاتی کوردەکان لەلای خۆیان ڕابگرن کە دەستیان بەسەردا گرتبوون، هەندێک شوان و گاوانیان نەکوشتبوو، تاکوو ئاگایان لە مەڕوماڵاتەکان بێت.
ئەم نووسینەی من لەسەر کۆمەڵکوژییەکان، بەشی یەکەمە.
ئەم بابەتە وەک زنجیرەیەک وەک ژمارە 2، 3، 4 و هتد هەتا کۆتایی دەنووسم. بەو هیوایەی ئەم بابەتانە گوشار بخەنە سەر ویژدانی مرۆڤایەتی و دەرگای کۆمەڵکوژی لەسەر نەتەوەی کورد دابخەن.[1]