ئەم شاعیرە گەورەیەی کورد کە #ئەحمەدی خانی# لە ڕیزی #مەلای جزیری# و #فەقێ تەیران# دایناوە و حاجی قادری کۆییش بە (حەسسانی کورد) ی لەقەڵەم دەدات، ناوی ئەحمەدی کوڕی عەلی حەریرییەو بەناوی باوکییەوە ناسراوە. زۆربەی سەرچاوە مێژووییەکان دەڵێن عەلی حەریری هاوچەرخی مەلای جزیری بووە و لەسەدەی شانزەهەمدا ژیاوە. مەلا مەحموودی بایەزیدی لە «ریسالەیەکە د بەحسا شاعر و موسەنفێد کوردستانێ کو ب زمانێ کورمانجییە، جھ و کتێب و شعر و حیکایەتا و قسەیێد وان بەیان دکە» دا عەلی حەریری وەک یەکەم شاعیری کورد ناو دەبات و دەڵێت:
«شاعرێ بەرێ عەلی حەریرییە، دیوانچەیەک ھەیە شعر و قەساید، حەریر ژی گوندەکە و جھ و شارەدێیا شەمزینان د سنجاغا ھەکاریاندا و شعر و ئەبیاتێد وی ژی دنێڤ کوردستانێ قەوی زێدە مەشھوور و مەعرووفە، تەخمینەن کو تاریخا چارسەدا ھیجرەتێ پەیدا بوویە و د چارسەد و حەفتێ و یەکێدا مەرحووم بوویە و دنێڤ حەریرێدا مەدفوونە واللە اعلم».[1]
ساڵی 400 بۆ 471ی کۆچی دەبێت بە 1009 بۆ 1079ی زایینی. بەڵام ساڵی لەدایکبوونی بۆ ھەندێک لە شارەزایان ھێشتا جێی گومانە. ئەوەی زانراوە کە عەلی حەریری لە پێش ئەحمەدی خانی ژیاوە چونکە ئەحمەدی خانی لە مەم و زیندا عەلی حەریری بە مردوو دادەنێت.
مارف خەزنەدار لە کتێبی (مێژووی ئەدەبی کوردی) دا دەڵێت: «لە دەوروبەری ساڵی 1530 لە گوندی ھەریری لە ناوچەی شەمزینان لە ھەرێمی ھەکاری لە دایک بووە. ھەر لەوێش لە دەوروبەری ساڵی 1600 کۆچی دوایی کردووە.»
باوکی ئەم شاعیرە ناودارە بەڕەچەڵەک خەڵکی ناوچەی حەریری باشووری کوردستانە و پاش ئەوەی ڕووی کردۆتە شام و دواتر لە گوندی (عەسال) نیشتەجێ بووە، ئەحمەدی شاعیر لەو گوندە لەدایک بووە. بەمنداڵی خراوەتە بەر خوێندن و بۆ تەواوکردنی خوێندن گەلێ شارو وڵات گەڕاوە و سەرەنجام لە شاری (عەنتاب) ی باکووری کوردستان ئیجازەی مەلایەتی وەرگرتووە. یەکێک لە مامۆستاکانی عەلی حەریری شاعیر، مەلای جزیرییە. عەلی حەریری لە سەردەمی خۆیدا هێندە ناوبانگی هەبوو. کەمەولانا جامی لە بیرەوەرییەکانیدا باسی کردووە، هەڵبەستە بەرزەکانی عەلی حەریری هەموو بوارێکی گرتووەتەوەولەبەر ئەوەی شارەزاییەکی زۆر باشی لەتورکی و فارسی و عەرەبیدا هەبووە، توانیویەتی کەڵک لەئەزموونی ئەدەبی ئەو نەتەوانەش وەرگرێ. هەرچەندە بەشێکی زۆری هەڵبەستە نایابەکانی عەلی حەریری فەوتاون، بەڵام ئەو چەند هەڵبەستە کەمەی کە ماون نیشانەی ئەوەن عەلی حەریری ڕووناکبیرێکی گەورە و شاعیرێکیبەهرەمەندی زۆر بە سەلیقە بووە. ئەم پیاوە ناودارە بەشێکی زۆری تەمەنی لە شام و لە مزگەوتی ساڵحییە بەسەر برد و لەوێوە ڕێنمایی خەڵکی دەکرد. دواجار هەر لەو مزگەوتەدا کۆچی دوایی کرد و بەخاک سپێردرا.[1]