هێلین قاسملو، ناسراو بەنەسرین قاسملو، هاوسەری د.عەبدولڕەحمان قاسملوو، سکرتێری پێشوی #حیزبی دێموکراتی کوردستان#، لە تەمەنی 89 ساڵیدا لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا لە ڕێکەوتی #10-03-2023# کۆچی دوایی کردووە.
نەسرین قاسملوو کە ناوی ڕاستەقینەی لێنا بوو لەسەروەختی قەیرانە گەورەکەی دەیەی 1933دا لەپراگی پایتەختی چیکوسلۆڤاکی لەدایکبوو، هێشتا زۆر منداڵ بوو، کە باوک و دایکی لێک جیابوونەتەوە، تەمەنی 6 ساڵ بوو دایکی کوژرا، باوکی زۆر لەخەمی ئەمدا نەبوو، ڕادەستی هەتیوخانەی کردووە، ئەو منداڵی و مێردمنداڵییەکی پڕ لە خەم و دڵتەنگی بەسەر بردووە، لە شارێکەوە بۆ شارێکی تر و لە قوتابخانەیەکەوە بۆ قوتابخانەیەکی تر بەدوای کارو خوێندندا وێڵ بووە. =KTML_Photo_Begin=https://www.kurdipedia.org/files/relatedfiles/2009/2389/0001.JPG=KTML_Photo_Alt=نەسرین قاسملۆ-هێلینا کڕۆڵیج=KTML_Style=width:25%;height:20%;float:right;=KTML_Photo_Target_Link=https://www.kurdipedia.org/files/relatedfiles/2009/2389/0001.JPG=KTML_Photo_End=
دوای جەنگی دووەمی جیهانی کە کۆمۆنیستەکان لە چیکۆسلۆڤاکیا هاتنە سەر حوکم، دەروی لێکرایەوە و لە زانکۆ وەرگیرا، قەدەری ڕۆژگار ئەم کچە قژکاڵە ئەوروپییە، بەکوڕە کوردێک دەناسێنێت کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە بۆ تەواوکردنی خوێندنی زانکۆ ڕوویکردووەتە پراگ. ئەم کوڕە کوردە باڵابەرز و کەشخەیە کە ناوی #عەبدولڕەحمان قاسملۆ# دەبێت، ژیانی لە ژیانی لێنا نەدەچوو، لە بنەماڵەیەکی فیوداڵییەوە هاتبوو، کوڕی گەورە ئاغایەکی ناوچەی #ورمێ# بوو بەناوی محەمەد ئاغای قاسملۆ، پایزی 1952، لەپراگ لەئاهەنگێکدا لەگەڵ لێنا یەکتر دەناسن و لە یەکەم بینینەوە دەبنە عاشق و خۆشەویستی یەکدی، ئەوکات قاسملۆ تەمەنی 20 ساڵ و لێنا 17 ساڵ دەبێت، زۆر ناخایەنێت لەناو باڵوێزخانەی ئێران مەلایەکی ڕێکپۆشی شیعە مەزهەب لەیەکتریان مارە دەبڕێت و ئیتر 37 ساڵ بە یەکەوە تاڵی و شیرینی ڕۆژگار بەڕێدەکەن.
عەبدولڕەحمان کەڵکەڵەی سیاسەت و بیری چەپ لە مێشکیدا بوو، بۆیە بڕیار دەدات بگەڕێتەوە بۆ ئێران، سەرەڕای ئەوەی پوری ئامۆژگای لێنا دەکات کە دوای ئەم موسڵمانە ڕۆژهەڵاتییەی هاوسەری نەکەوێت و ژیان لەخۆی تاڵ نەکات، بەڵام لەگەڵی دەڕوات بۆ تاران.
لێرەوە قۆناغێکی نوێی ئەم ژنە دەست پێدەکات، لە ژیانی ئاوارەیی و حەشارگەی نهێنی و چەرمەسەرییەدا، ئەو شەیدای هەڵبەستەکانی عومەری خەیام دەبێت، پاش ماوەیەک دەچنە ماڵەباوانی عەبدولڕەحمان لە ورمێ و لەوێ زیاتر هەست بە بەریەککەوتنی کلتوورەکان دەکات، ئەوەی بەلایەوە سەیرە فرەژنییە، کە محەمەد ئاغا بەقسەی نانەخانی دایکی قاسملۆ 25 ژنی هێناوە و تەنەنات سەری لەوەش سووڕدەمێنێت کە محەمەدئاغا بە بەر چاوی ژن و منداڵەکانییەوە بەمیش دەڵێت خوشکت هەبێت دەیهێنم!
دوای ئەوە لێناو دوو کچەکەی بەقاچاغ بەرەو باشووری کوردستانی هەڵدێن و سەرەتا لە #سلێمانی# دەگیرسێنەوە، لەوێشەوە بەجێبێکی شەقوشڕ دەبرێن بۆ بەغدا، هەشت مانگ لەچاوەڕوانیی وەرگرتنی ڤیزەدا لە بەغدا لەگەڵ ئەسپێ و کوێرەوەری بەسەردەبات.
لێنا دیسان لە بەغدا بینینی ئەو ژنە کڵۆڵ و بێدەرەتانانە ئازاری دەدات کە کەمتر لەپیاو سەیر دەکرێن، ئەو باس لەوە دەکات کە لەم کۆمەڵگە ڕۆژهەڵاتیانەدا قەدر و ڕێزی ئەو ژنانەی کچیان دەبێت، بارتەقای ئەو ژنانە نییە کە کوڕیان دەبێت. بە بۆچوونی لێنا، هەرچەندە عەبدولڕەحمان لەو بارەوە یەکێک لە مرۆڤە دەگمەن و هەڵکەوتەکان بوو، بەڵام بۆ ڕێزگرتن لەپیاوەکانی دیکە، داوای لەلێنا دەکرد کە وەکوو ژنێکی گوێڕایەڵ و خاکەڕا، واتە ژنێکی موسوڵمان هەڵسوکەوت بکات.
ئەو ڕۆژگارەی لە بەغدا لە حەشارگەیەکەوە بۆ حەشارگەیەکی تر دەچێت، لە حەشارگەیەکدا ناچار دەکرێت لەگەڵ سێ پیاوی گەنج بمێنێتەوە کە یەکێکیان خوێندکاری بواری یاسا بوو، زانکۆی بەحێهێشتبوو، لەدەست پۆلیس ڕایکردبوو، پیاوێکی میهرەبان بوو ناوێکی خوازراوی هەبوو، بەڵام ناوە ڕاستەقینەکەی #جەلال تاڵەبانی# بوو.
هەر کاتێک لێنا حەشارگەکەی دەگۆڕی، دەبوو ناوەکەشی بگۆڕێت، هەر یەکەم شەوی گەیشتنی بە حەشارگە نوێیەکەی، ئەو سێ پیاوە گەنجە دەکەونە خۆیان ناوێکی خوازراو بۆ لێنا بدۆزنەوە. دواجار، مام جەلال بڕیاری کۆتایی دەدا و دەڵێ ناوی تۆ نەسرینە. نەسرین ناوی گوڵێکی سپییە کە لەشاخەکان دەڕوێت، تا ئێستاش کوردەکان بەو ناوەوە دەیناسن.
ساڵی 1958، #مەلا مستەفا بارزانی# لە ڕێی گەڕانەوەی لە یەکێتی سۆڤیەتەوە بۆ ئێراق ماوەیەکی کوورت لەپراگ لادەدات و بۆ نانی ئێوارە میوانی بنەماڵەی قاسملۆ دەبێت، لەو میواندارییەدا مەلا مستەفا پێشنیاری ئەوە دەکات عەبدولڕەحمان بگەڕێتەوە باشووری کوردستان و درێژە بە خەبات لە دژی ڕژێمی شا بدات، ئەمیش قبووڵی دەکات. جارێکیتر ژیان لە بەغدا بەشێوەی فەرمی لە ساڵانی 1959و 1960 دەست پێدەکاتەوە، لێنا لەوەزارەتی نیشتەجێ کردن لە بەغدا کاردەکات و دواتریش بەهۆی کاری حیزبی هاوسەرەکەیەوە جارێکیتر ڕودەکەنەوە پراگ.
ساڵی 1968 لەکاتێکدا بۆ خەباتکارانی کوردی ڕۆژهەڵات ساڵێکی سەخت و دژوار دەبێت، بەهاری پراگیش لەدوری 2000 کیلۆمەتر لە کوردستان لەژێر پۆستاڵی سوپای پەیمانی وارشۆ تێکدەشکێنرێت. دوای ئەو کارەساتە، ئیتر لێناو عەبدولڕەحمان دڵیان لەپراگ هەڵدەکەنرێ و جارێکیتر دەگەڕێنەوە بەغدا، عەبدولڕەحمان لە1970ەوە تا 1974 لەوەزارەتی پلاندانانی ئێراق کاردەکات و هاوکاتیش بەسکرتێری گشتی حیزبی دێموکراتی کوردستان هەڵدەبژێردرێت، دواتر دەگەڕێنەوە بۆ پراگ و لە ساڵی 1976ەوە بەهۆی گوشاری پۆلیسی نهێنی چیکوسلۆڤاکیاوە ڕودەکەنە پاریس و لەوێ نیشتەجێ دەبن، دوو کچەکەشیان دەچنە سوید.
لێنا دوای ڕووخانی ڕژێمی شا دەگەڕێتەوە کوردستان و لە نزیکەوە لەگەڵ تراژیدیا و کوێرەوەری خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ژنە داماوەکانی دەژی، لەو کاتانەدا هەست بەخەمبارییەکی زیاتر دەکات کە عەبدولڕەحمانی هاوسەری خۆی لێ دوور دەگرێت و هەموو کاتی خۆی بۆ کاری حیزبی تەرخان دەکات و لێنا بۆ تەنیایی بەجێدەهێڵێت، سەرەنجام لێنا دەگاتە تینی و بڕیاری جیابوونەوە دەدات و لەیەکتر جیادەبنەوە و دەگەڕێتەوە پاریس.
[1]