نووسینی: #محەمەد هەریری#
نەک سەلەفییەت هەر تەنیا ئامرازێکی عروبە و تەعریبە، بەڵکو کۆی ئیسلام دینێکە خاوەنی تایبەتمەندیەکی عەرەبیە، ئەوەی هاتە ناوەوەی زۆرجاران بیەوێ یان نەیەوێ، بە بێ ئاگاییەوە یان بە ئاگایی خزمەتی تەعریب و عروبە دەکات. بەڵام نکوڵی لێ ناکرێ کە سەلەفییەت لە هەموو ڕێچکە وڕێبازەکانیتری ئیسلام، شوێنکەوتووانی خۆی هاندەدات بۆ تەعریب بوونی خۆبەخشانە.
بۆیە عەرەب بوون و نەبوون هیچ لە بابەتەکە ناگۆڕێ. خۆ دەڵێن ئیبن تەیمیە کورد بووە، کوردیش بێ باوەڕناکەم هەتا ئەحمەدی کوری حەنبەلی عەرەبی هێندە دڵسۆز و پەرۆش بوو بێت بۆ تەعریبکردنی هەموو جیهان!
ئەبو ڕەیحانی بەیرونی فارسی فەیلەسوف وزانای فەلەکناس، کە زانای دینیش نەبوو دەیگوت: پێم خۆشترە بە عەرەبی دامشۆڕن وزەمم بکەن نەک بە فارسی مەدح وسەنام بکەن
کێشە هەر لە سەلەفییەت ناوەستێ وەک گووتم، بەڵکو بەسە کە موسڵمانێکی شارەزا بیت و یان زانایەکی ئیسلام بیت، با لە میانڕەوترین ڕێچکە و مەزهەبیش بیت، کە خۆبەخشانە بانگەشە بۆ عروبە وتەعریب بکەیت!
جەمالەدینی ئەفغانی، ڕابەری قوتابخانە ڕیفۆرمخوازی ئیسلامە، هەروەها عەبدولڕەحمان کەواکیبی کە قوتابیەکی بیری ئەفغانی بوو، کە دەڵێن کوردیش بووە، پێیان وابوو هۆکاری سەرەکی لاوازی و فەشەلی دەوڵەتی عوسمانی لەبەر ئەوە بوو کە تورکی عوسمانی خۆیان و دەوڵەتیان تەعریب نەکرد وەک بوەیهییەکان و سەلجوقییەکان و ئەیوبییەکان و چەرکسییەکان و ماڵباتی محمد عەلی پاشا!
ابن بادیس زانای بەناوبانگی جەزائیر کە بەربەریش بوو، زۆربەی گەلی جەزائیریان تەعریب کرد و دەڵێت: زمانی عەرەبی زمانی دینمانە و زمانی نەتەوەییمانە و زمانی نیشتیمانیمانە، ئەرکمان پاراستنی عروبەت و ئیسلامە، گەڕاندنەوەی جەزائیرە بۆ باوەشی هەردووکیان...