فەرهاد محەمەد ڕەسوڵ (چەتۆ بەڕانەتی)
ناوی تەواوی (فەرهاد محەمەد ڕەسوڵ) ە، بە هاوڕێ (چەتۆی بەڕانەتی) ناسراوە، ساڵی (1965) لە شاری #هەولێر# لەدایکبووە، بە بنەچە خەڵکی گوندی (قوڵتەپە) ی #قوشتەپە#یە، لە شاری هەولێر تا ناوەندی خوێندووە، بەهۆی ئەوەی خانەوادەکەی شیوعی و چەپ بوون، برای شەهید بڕیار (کاکل محەمەد ڕەسوڵ) بووە، لە تەمەنێکی بچوکەوە تێکەڵی #حزبی شیوعی عێراق# بووە، بەڵام لەبەر ئەوەی تەمەنی هەژدە ساڵی تەواو نەکردووە، نەبووە بە ئەندام تاوەکوو (22-7-1984) فۆڕمی ئەندامێتی حزب لەلای هاوڕێ (مام ئەحمەد عەوێنەی کادیر) پڕ دەکاتەوه.
لە هاوینی (1984) دا دەبێتە پێشمەرگە لە لقی هەولێری حزبی شیوعی عێراق، تا ساڵی (1988) بەشداری زۆرینەی چالاکییە سەربازییەکانی حزب دەکات لە شاخ و لەناو شار، دواتر لەگەڵ حزبی شیوعی دەکشێنەوە بۆ ناوزەنگی سەروو تا دوای ڕاپەڕینی گەلی کوردستان ساڵی (1991) دەکرێتە فەرماندەی بەتالیۆنی بەڕانەتی، لێرەوە نازناوی چەتۆی بەڕانەتی پێ دەبەخشرێت و پلەی حزبیشی دەبێتە ئەندامی (محەلی) ، لە ساڵی (1993) لە سوپای یەکگرتوی کوردستان له سەرکردایەتی ناوچەی هەولێر لە لیوای (30) دەبێتە فەرماندەی فەوجی هەولێری #وەزارەتی پێشمەرگە#ی حکومەتی هەرێمی کوردستان تاوەکوو ساڵی (1995) .
دواتر لە حزبی شیوعی عێراق جیادەبنەوە و دەکرێتە بەرپرسی ڕێکخستنی سەربازی (پارتی کاری سەربەخۆی کوردستان) دوای ئەوەی پارتی کاری سەربەخۆی کوردستان لە ساڵی (2001) لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە هەڵوەشێنرایەوە، بۆ ماوەیەک لەماڵەکەی خۆی دادەنیشێت و دواتر ساڵی (2006) دەچێتەوە نێوبزووتنەوەی دیموکراسی خوازانی کوردستان و دەبێتە ئەندامی سەرکردایەتی و دواجار دەبێتە ئەندامی مەکتەبی سیاسی ئەو بزووتنەوەیە تاوەکوو (6/10/2010) ی زایینی، لەئێستادا ئەندامی (کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان) و ڕائیدی خانەنشینه.[1]