نووسەر و ڕۆژنامەنووس و سیاسەتمەدار
مامۆستا کەریمی حسامی 1926 2001
کاک کەریم بۆ یادی تۆ دەڵێم
ئەگەر پێم کرابایه،
گۆڕە پیرۆزەکەتم
پڕ دەکرد لە گوڵ
دەزانی بۆ
تۆ دەبی هەر
لەناو گوڵ بژیت
نەک گڵ
نووسەر و ڕۆژنامەنووس و سیاسەتمەدار مامۆستا کەریمی حسامی 1926 2001
بۆ ئەوی مێژووی حیزبی دیموکرات بخوێنیەوە دەبێت بیرەوەری یەکانی ئەو تێکۆشەرە بە چاوی کڕیاڕ تەماشابکەیت و کەسەکان و بەڵگەنامەکان و وێنەکان سەیربکەی.
گەلێک لایەنی شاردراوەی ئەو سەردەمەی کە خۆی تێدا ژیاوە بۆمان ئاشکرا کردووە. ژیانی تایبەتی خۆی بۆمان داڕشتووە.
بە زمانە کوردی یە شیرینە کەی گەلێک بەرهەمی جوانی خستە بەردەستی خوێندەوار و فەرهەنگ و ئەدەبیاتی کوردی دەوڵەمەند کرد.
ئەوانەی دوای مردنی دژی دەنووسن و نووسراوە بڵاودەکەنەوە هیچ ئەرزش و قیمەتی میژوویی نی یە چونکە هەتا لە ژیان بوو ئەوەی دژی بنووسی بوایە وەڵامی دەداوە و دەستخۆشی لەوانەش دەکرد ئەگەر هەڵەی بۆ ڕاستبکردبایەوە.
بۆ دۆست و هاوڕێ و ناسیاوەکانی بە وەفا و دڵسۆز بووە. گەلێک چاو تێر و میوان دۆست بوو.
ئەڕشیفی چاک و کتیبی باشی لە دوای خۆی بەجێ هێشت. بەبێ خاوەن لە سۆفیای پایەتەختی بولگاریا، لە کارتۆنان ماوەتەوە یان فەوتاوە. هەتا زیندوو بوو داوای لە حکومەتە کوردی یەکەی کرد بۆی ببەنەوە کوردستان بەڵام بەداخەوە کەس ئەو گرنگیەی پێ نەدا لەبەر نەوت دزین و بازرگانی کردن ئەڕشیف بۆ دەسەڵاتی کوردی بایەخی نی یە و نەبووە.
ئێستاکەش بەبێ ڕەزامەندی و پرس کردن بە کەسوکاری کتابەکانی بازرگانی پێوە دەکرێت و چاپ و کۆپی دەکرێتەوە و لە بازراەکانی کوردستان دەفرۆشرێن.
ئەو کاتەی مامۆستا کەریم حسامی بیرەوەری سیاسی و کۆمەڵایەتی و نامەی دۆستانی خۆی بڵاودەکردەوە هێشتا سیاسەتمەدارەکان دەستیان بە نووسین و یاداشت بڵاوکردنەوە نەکرد بوو بۆیە دەبیتە پێشەنگی ئەو جۆرە نووسینەی کە هەنووکە بۆتە مۆدیلی نووسین. ئەو نامانی بۆ هاتووە و وەڵامی داونەتەوە بووە بە نیشاندانی دەستخەتی گەلێک نووسەر و سیاسەتمەدار.
کاک کەریم بەرلەوەی لە مانگی ئەیلولی 1986 بیبەمە پۆلیس و داوای پەناهەندەیی بۆ بکەم بە پاسەپۆرتی مەغریبی بەبێ ڤیزە دەهاتە سوید، کەچی ناحەزەکانی دەیانگووت بە پاسەپۆرتی دیپلوماسی ڕووسی/بولگاری هاتوچۆ دەکات و جاسووسی ئەوانە.
جارەکیان داوام لێکرد وەڵامیان بداتەوە گووتی لێیانگەڕێ با گێرەیان لە #هەولێر# بگەڕێ. ڕۆژنامەی سەردەمی نوێ بۆ هەموو لقەکانی کۆمەڵەی خوێندکارانی کورد لە ئەوڕوپا مەرکەزی پراگ ڕەوانە دەکرد.
کاک کەریم زۆر حیزبی شیوعی عیراقی خۆشدەویست و گەلێک دۆستایەتی و هاوڕێ یاتی لەگەڵ هاوڕێ عەزیز محەمەد و کادیرانی حیزب خۆش بوو. کاک عەزیز محەمەد کە دەهاتە ستۆکهۆڵم سەردانی دەکرد.
بەردەوام ئەدەبیاتی حیزبی دەخوێندەوە و بەردەوامیش نامەی مەردەمی حیزبی تودەی بۆ دەهات و دەیخوێندەوە.
بۆ کۆنگرەی 19 کۆمەڵەی خوێندکارانی کورد لە ئەوروپا کە ساڵی 1987 لە چیکۆسلۆڤاکیا بەسترا دەعوەتمان کرد، کاک کەریم و هاوژینی بەشداربوون. لە بەرنامەی کاری کۆنگرەش قسەی بۆ ئەندامانی بەشداربوو کرد. بەو تەمەنەش هەموو بەیانیان زوو لەخەو هەڵدەستا و پاش ڕیشتاشین دەستی دەکرد بە نووسین و تایپ کردن. هەتا هاوسەرگیریم نەکردبوو لای من دەژیا و پاشانیش چووە ماڵی دکتور جەمشید حەیدەری و دوایش خانووی هاوڕێ یەکی شیوعیم بۆ گرت، بەڵام هەر دراوسێ و نزیکی یەک بووین.
زۆربەی نووسینەکان پێدا دادەچوومەوە و کاتێک دەیگووت بە شەرتی هیچ هەڵەیەکی نووسین نادۆزیەوە وپاشانیش دەمگووت پشتم شکاندووە قەلەمی سوورم پێداهیناوە کە دەیبینی قاقا پێدەکەنی و دەستخوشی دەکرد.
زۆرجار نەیدەهیشت و بە تلفون دەیگوت ماموجود دانیشە بەسە با قومیک ویسکی بخوینەوە. ئیتر ئیسراحەت بکە هەنووکە بەوشەوەی صدام حسین ت بۆ ناروخێ.
قسە خۆشەکان و یادگاری یەکان و نووسینەکانی هەردەم بە زیندوویی لام دەمینێتەوە و هەردەم بیری ئەو دانیشتن و قسە خۆشانەی دەکەم.
گۆڕە پیرۆزەکەی لە ستۆکهۆڵمە.
روحی شادە و یادی زیندووە
فەهد گردەوانی 2019/5/22ستۆکهۆڵم