خۆبەڕێوەبردنی دیموکراتی چییە؟
حەسەن جودی
پێش ئێستا ڕێبەری گەلی کورد ڕێزدار عەبدوڵلا ئۆجەلان لەمیانەی دیدارەکانی لەگەڵ پارێزەرانیدا و لەرێگەی بەرگرینامەکانییەوە سیستەمی کۆنفیدرالیزمی دیموکراتی وەک سیستەمێکی ئەلتەرناتیف بۆ سیستەمی باڵادەستی کاپیتالیزم، باسی لێوە کردووە و چوارچێوەیەکی گشتی بۆ داڕشتووە. لە بەرگرینامەکەی بەناوی سۆسیۆلۆژیای ئازادی'دا بە شێوەیەکی زۆر کۆنکرێتی و بەتەواوی چوارچێوە و پرەنسیپ و بنەماکانی ئه و سیستەمەی داڕشتووە. بەڵام دوای ئەوەی ڕێزدار ئۆجەلان لەمیانەی دیدارەکانی لەگەڵ پارێزەرانیدا چەندین جار باسی لە پرۆژەی خۆبەڕێوەبردن (خۆبەڕێوەبەر)ی دیموکراتی کرد و دەستنیشانی ئەوەی کرد کە مۆدێلی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتی، نەک هەر تەنها بۆ کوردان، بەڵکو بۆ چارەسەرکردنی هەموو کێشەکانی خۆرهەڵاتی ناوینیش مۆدێلی هەرە گونجاوە و مۆدیلی نەتەوە - دەوڵەت لەگەڵ سروشتی پێکهاتەی کۆمەڵگاکانی خۆرهەڵاتی ناوین ناگونجێت، ئیدی ئەم پرۆژەیە وەک ڕۆژەڤێکی سەرەکی و ستراتیژی گەلی کوردستان - بەتایبەتی لەباکووری کوردستان - و تەڤگەرە ئازادیخوازەکەی، پێویستی بە هەڵسەنگاندن و تاوتوێکردنی بەردەوام هەیە تاکو لەهەموو ڕووێکەوە ببێتە مایەی تێگەیشتن.
لەم وتارەدا زیاتر هەوڵدەدەم پووختەی ڕامان و بۆچوونەکانی ڕێبەری گەلی کورد بەڕێز عەبدوڵلا ئۆجەلان و لێدوانەکانی کۆما جڤاکێن کوردستان کەجەکه و کۆنگرەی جڤاکی دیموکراتی کەجەدە بخەمەڕوو، کە کۆی ڕاوبۆچوون و لێدوانەکانیان بەیەکەوە، پێناسەیەک و چوارچێوەیەکی گشتی سەبارەت بە خۆبەڕێوەبردنی دیموکراتی دەخاتەڕوو. هەوڵدەدەم لەداهاتوودا لەمیانەی زنجیرە وتارێکدا سیستەمی کۆنفیدرالیزمی دیموکراتی بەگشتی باسی لێوەبکەم.
دەبێت سەرەتا ئەوە بخەینەڕوو کە لەبنەڕەتدا خۆبەڕێوەبردنی دیموکراتی وەک شێواز و فۆرمیلێکی چارەسەری پرسی کورد لەلایەن تەڤگەری ئازادی گەلی کوردستانەوە وەک پرۆژەیەکی چارەسەری پێشی خستووە، هەروەک بەڕێز ئۆجەلان سەبارەت بە پرۆژەی خۆبەڕێوەبردنی دێموکراتی دەڵێت: پرۆژەی من بۆ خۆبەڕێوەبردنی دێموکراتی، بەواتای چارسەرەی بێ شەڕ دێت لەنێو سنورەکاندا. ئه و پرۆژەیە لەهەمانکاتدا هەژمونی گلۆباڵ ڕەتدەکاتەوه، کە زۆرجار پێی دەڵێن:'ئیمپراتۆرییەت'. گەل بێ ئەوەی لەناو ئەو ئیمپراتۆرییەتەدا بتوێتەوە، درێژە بە هەبوونی خۆی دەدات. ئه و چارەسەرییە پرەنیسیپەکانی کۆنفیدرالیزمی دیموکراتیش لەخۆ دەگرێ..
کەواتە لە گەوهەری خۆیدا خۆبەڕێوەبردنی دیموکراتی بریتییە لە شێوازی هەنگاونان بۆ جێبەجێکردن و سەقامگیرکردنی سیستەمی کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتی کە لە ساڵی 2005 بەدواوە لەلایەن بەڕێز ئۆجەلانەوە چوارچێوە و فۆرمێکی تیۆری و پراکتیکی پێداوە. بۆیە کاتێک باس لە خۆبەڕێوەبردنی دیموکراتی دەکەین، ئەوا لەهەمانکاتدا باس لە شێوازی بەڕێوەبردن لە نێو سیستەمی کۆنفیدرالیزمی دیموکراتی دەکەین.
خۆبەڕێوەبردنی دیموکراتی؛ کە لەسەر بنەمای ڕێکخستنبوونی کۆمۆنەکان (یەکینەکان)ی گوند و کۆڵانەکان، ئەنجوومەنی گەڕەکەکان، شارەکان و هەرێمەکاندا پێشدەکەوێت و ڕێکخستەبوونە کۆنفیدراڵییەکانی خۆبەڕێوەبەریی جەوانان، ژنان و ڕەنجدەرانیش لەخۆوە دەگرێت، بەشێوەیەک کە هیچ کەسێک بێ ڕێکخستن نەمێنێتەوه، ئەوا لەناوەرۆکی خۆیدا مۆدێلێکی دیموکراتیانەی بەڕێوەبەرایەتییە کە گەل و کۆمەڵگاکان لە هەرێمی خۆیاندا بەئیرادە و داخوازی خۆیان گۆڕەپانەکانی ژیانی کۆمەڵایەتییانەی خۆیانی پێ بەڕێوەدەبەن.
مسۆگەر گەل و کۆمەڵگایەک دەتوانێت دیموکراتیانە خۆی بەڕێوە ببات کە خۆی گەیاندبێتە ئه و ئاستەی کە توانست و ئیرادەی خۆبەڕێوەبردن نیشان بدات. بۆیە خۆبەڕێوەبردنی دیموکراتی شێواز و پەیکەری خۆبەڕێوەبردنی ئه و کۆمەڵگا و نەتەوەیەیە کە دیموکراتیزە بووه، یان لەقۆناخی خۆ دیموکراتیزەکردن دایە. چونکە شێوازی بەڕێوەبردنی دەوڵەتگەرایی و سیستەمی دەوڵەت- نەتەوە بۆ نەتەوە و کۆمەڵگا دیموکراتییەکان وەک چوارچێوەیەکی زۆر بەرتەسک و خنکێنەر وایە و ناتوانێت تێیدا گەوهەری ئازادانەی خۆی بپارێزێت. بۆیە ئەگەر هەر گەوهەرێک شێوە و شێوازێکی ڕاستەقینەی خۆی هەیە، ئەوا نەتەوە و کۆمەڵگای دیموکراتیش شێوازی بەڕێوەبردنی دیموکراتیانەی خۆی پێویستە، کە خۆبەڕێوەبردنی دیموکراتی گوزارشتی لێدەکات و شێوازێکی دەرەوەی شێوازی بەڕێوەبردنی دەوڵەت - نەتەوەیه.
هەر هەروەک بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجەلان لەمبارەیەوە دەڵێت: ئەگەر نەتەوەی دیموکراتی ڕۆح بێت، خۆبەڕێوەبردنی دیموکراتییش جەستەیەتی. چۆن جەستە بێ ڕۆح نابێت، ڕۆحیش بێ جەستە نابێت. هەر ئاواش، نەتەوەی دیموکراتی بەبێ خۆبەڕێوەبردنی دیموکراتی نابێت و خۆبەرێوەبردنی دیموکراتییش بەبێ نەتەوهی دیموکراتی نابێت... خۆبەڕێوەبردنی دیموکراتی، ڕەوشی کۆتایی بونیادنانی نەتەوەی دیموکراتییه. ڕەوشی یەکلاییکەرەوە و بەرجەستەکردنەکەیەتی. هەڵبەتە بونیادنانی نەتەوەی دیموکراتی، بەواتای بونیادنانی نەتەوە - دەوڵەت نایەت. هەموو لایەک ڕەوشی فەلەستین دەبینن. فەلەستین تەنانەت وەکو باشووری کوردستان، نەتەوە دەوڵەتیش نییه. کوردانی خاوەن ئەم فیکرەیە دەڵێن' ئەگەر دەوڵەتێکی بچووکیشمان هەبێت بەسمانه' ئەم هەڵوێستە بە واتای مردنی سەدان هەزار کەس دێت. بۆچوونی' نەتەوەکان بە بونیادنان و بوونیان بە خاوەن دەوڵەت دەتوانن داهاتووی خۆیان دابین بکەن' یەکێکە لە هۆکارە بنچینەییەکانی ڕووخانی سۆسیالیزمی بونیادنراو. مارکس، ئەنگلس، لینین و هەموویان بەهەڵە ئەمەیان شرۆڤە کرد. من بۆچوونی خۆم دەربارەی بونیادنانی نەتەوەی دیموکراتی لە پارێزنامەکەی خۆمدا بەناوی 'سۆسیۆلۆژیای ئازادی' بەبەرفراوانی باس کردووه..
مسۆگەر بەبێ تێگەیشتن لە ڕاستینەی زهنییەتی دەوڵەتگەرایی و چەمکی دەوڵەت - نەتەوه ناکرێ لە ڕاستینەی خۆبەبەڕێوەبردنی دیموکراتی و سیستەمی کۆنفیدرالیزمی دیموکراتی تێبگەین. هەر بەکورتی دەتوانم وەها گوزارشت لە جیاوازی نێوان هەر دوو سیستەم بکەم؛ لەفەلسەفەی بەڕێز ئۆجەلاندا دەوڵەت لەبەرامبەر دیموکراتییە، دەوڵەت - نەتەوه لەبەرامبەر نەتەوەی دیموکراتییە، مۆدێرنیتەی کاپیتالیزم لەبەرامبەر مۆدێنیتەی دیموکراتییە، شارستانی کاپیتالیزم لەبەرامبەر شارستانێتی دیموکراتییە...
بەڕێز ئۆجەلان بە ئاماژەکردن بە بۆچوونەکانی ئیمانوێل والرشتاین کە ئەویش له و باوەڕەدایە؛ لە تورکیا سیستەمی نەتەوە - دەوڵەت ئیدی کۆن بووە و ماوەی بەسەرچووه، دەڵێت: منیش هەمیشە دەڵێم مۆدێلی دەوڵەت – نەتەوە مۆدێلی هەرە دواییە که ماوەی پێنج سەدەیه سیستەمی کاپیتالیزم بۆ کۆنترۆڵکردنی گەلان بەکاریهێناوە. دەبێ مرۆڤ باش لە ڕاستی نەتەوه - دەوڵەت تێبگات، ئاستی هەرە بڵندی دەوڵەت - نەتەوه، فاشیزمه. ئەوروپا ئەمەی لەکاتی باڵا دەستێتی هیتلەر لە ئەڵمانیای نازیدا بینی. لەڕاستیدا هەروەکو پێشبینی کراوە، هەتا ئێستا زهنیەتی فاشیزمی هیتلەر کۆتایی نەهاتووه. تا زهنییەتی دەوڵەت - نەتەوه بەردەوام بێت، مەترسی فاشیزمیش کۆتایی نایەت، لەوانەیه هیتلەری نوێش بخوڵقێنرێت..
بەڕێز ئۆجەلان جەخت لەسەر تێپەڕاندنی زهنییەت و مۆدێلی 'دەوڵەت - نەتەوە'ی سەدان ساڵەی کردەوە، چونکە دەوڵەت -نەتەوە، نەک هەر چارەسەری لەگەڵ خۆیدا ناهێنێت، بەڵکو بەپێچەوانەوە، سەرچاوەی کێشەکانە. هەروەها ئەوەی دەستنیشان کردووە کە مۆدێلی نەتەوه - دەوڵەت بۆ خۆرهەڵاتی ناوین نابێت و دەڵێت: ئەو تەنگەتاوییەی کە ئەمەریکا لە خۆرهەڵاتی ناویندا تێیکەوتووە، پەیوەندی بەمەوه هەیە. ئەمەریکا یەکێکه له و دەوڵەتانەی کە له خۆرهەڵاتی ناویندا مۆدێلی دەوڵەت - نەتەوه بەڕێوە دەبات، ئەوان ناتوانن ئه و مۆدێله له ئێراق بەڕێوە ببەن، لە ئەفغانستانیش بەهەمان شێوە، لەبەرئەوەی که ناکرێت..
سەبارەت به و پێداگرییانەی کەوا ڕژێمە باڵادەستەکانی خۆرهەڵاتی ناوین لەسەر مۆدێلی دەوڵەت – نەتەوە دەیکەن ڕێزدار ئۆجەلان ئەوە دەخاتەڕوو کە بەم پێداگریکردنەیان خۆیان لەناو دەبەن و دەڵێت: له ئێران دەوڵەتی شیعە بۆ ئەوەی بتوانێت ئەو مۆدێله بەکاربێنێت دەیەوێ خۆڕاگری بکات، بەڵام ناتوانێت. گەلانی هەرێمەکەش خۆڕاگری دەکەن. ڕژێمی شیعەپەرست دەبێته هۆکاری کۆمەڵکوژی. ئەگەر ئێران لەوبارەوە پێداگری لەسەر هەڵوێستی خۆی بکات، ئەوا زیانمەند دەبێت. بەهەمان شێوه نەتەوەپەرستی عەرەب و مۆدێلی دەوڵەت – نەتەوە ڕێ لەبەردەم فاشیزم و کۆمەڵکوژی دەکاتەوه. خۆی لەخۆیدا ڕەوشی تورکیا لەپێش چاوانە، ئه و ڕێگا و ڕێبازانەی که فاشیزمی 'تورکی سپی' بەکاری دێنیت، حیساب بۆ جیاوازییەکانی کۆمەڵگا ناکات، تەنانەت نازییەکانی ئەڵمان، لەناوبردنی ئەرمەنیەکانیان لەسەردەمی ئیتیحاد و تەرەقیدا کردە نموونەیەک بۆ خۆیان. هیتلەر لەوانەوە فێری فاشیستی بوو، به و هۆیەشەوە ئێمه پێشنیاری خۆبەڕێوەبەری دیموکراتی دەکەین، نەک تەنیا بۆ کوردان، بەڵکو بۆ هەموو گەلان و بۆ خۆرهەڵاتی ناوین. هەروەها بۆ ئەفغانستانیش هەر ئەم مۆدێله پێشنیار دەکەین..
بەڕێز ئۆجەلان لە ڕوانگەی ئەوەی سیستەمی باڵادەستی ئێستا وەک سیستەمێکی دژ بە ڕاستیە کۆمەڵایەتییەکانی خۆرهەڵاتی ناوین و تورکیایە و سیستەمی تورکیا بەو دۆخەی ئێستای، ناتوانێت وەڵامدەرەوەی داخوازییەکانی کۆمەڵگا بێت، دەڵێت: تورکیا بەو تایبەتمەندییەی ئێستای ناتوانێت، هیچ چینێکی کۆمەڵگا ڕازی بکات. ئێمە، خۆبەڕێوەبردنی دیموکراتی، تەنها بەخۆمانەوە سنووردار ناکەین. ئه و پرۆژەیە، تەنیا لەسەر پێگەی ئێتنیسیتەی کورد نییه، کوردان ئەمڕۆ پیشەنگایەتی دەکەن، بەڵام ئەوە پرۆژەیەکە بۆ سەرتاسەری تورکیا، بۆ ئێراق و تەواوی خۆرهەڵاتی ناوینیش به و شێوەیەیه. مرۆڤ دەتوانێت، لێرەوە پێکیبێنێت و پەرەی پێبدات..
کۆنگرەی جڤاکی دیموکراتی' کەجەده' کە پێکهاتەیەکە لە هەموو دامودەزگاکانی کۆمەڵگای مە دەنی لە باکووری کوردستان، لە ڕۆژانی 7 و 8ی مانگی ئابی 2010 چوارەمین کۆنگرەی ئاسایی خۆی بەڕێوەبرد و تێیدا بابەتی خۆبەڕێوەبردنی دیموکراتی تاوتوێ کرد و ڕایگەیاند که شێوازی خۆبەڕێوەبردنی دیموکراتی، پرۆژەیەکی مێژووییە، بەو ڕادەیەی توانستی پرسی گەلی کورد چارەسەر دەکات، بەهەمان شێوەش توانستی چارەسەرکردنی کێشە مێژووییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوینی هەیه.
لە کۆنگرەکەدا بە مەبەستی گەڕان بە دوای چارەسەری ئه و کێشە و گێژاوەی کە نەتەوە - دەوڵەت لەگەڵ خۆیدا هێناویەتە ئاراوە، خۆبەڕێوەبردنی دیموکراتی وەکو چارەسەرییەکی مێژوویی و هەنووکەیی دەستنیشان کردووە. لە کۆنگرەکەدا جەخت لەسەر ئەوە کرایەوە کە خۆبەڕێوەبڕدنی دیموکراتی نە هەوڵدانێکە بەره و سەربەخۆیی و نە دەزگایەکی گرێدراوی دەوڵەتیشە..
کەجەدە پێناسەیەکی به و شێوەیە بۆ خۆبەڕێوەبردنی دیموکراتی کردووه: لەنێویدا دەوڵەت و دەسەڵاتدارییەکی جیاواز جێگای تێدا ناگرێت، شێوازێکە ئاوێتەیەکە له نێوان شێوازی دەوڵەت و شیوازی دیموکراتی. پەیوەندییەکانی وەکو پەیوەندییەکانی دەوڵەتی ناوەندی و دەوڵەتی هەرێمی نییه. شێوازێکی پەیوەندییە که دەوڵەت ناچار دەکات بە هەستیارییەوە هەڵسوکەوت لەگەڵ دیموکراتی بکات. خۆبەڕێوەبردنی دیموکراتی بەواتای خۆبەرپرسیارێتی و خۆبەخۆبەڕێوەبردنه. لە کولتوور و کۆمەڵگای جیاوازدا، هەر کولتوور و کۆمەڵگایەک خۆی بڕیار لەسەر خۆی دەدات. شێوازی خۆبەڕێوەبردنی دیموکراتی، پرۆژەیەکی مێژووییە، به و ڕادەیەی توانستی پرسی گەلی کورد چارەسەر دەکات، بەهەمان شێوەش توانستی چارەسەرکردنی پرسە مێژووییەکانی خۆرهەڵاتی ناوینی هەیه..
کۆنگرەی کۆمەڵگای دیموکراتی لە کۆنگرەکەی خۆیدا چوار خاڵی سەرەکی بۆ خۆی بە بنەما دەگرێ ئه و چوار خاڵەش بەمشێوەیەیه: نەتەوەی دیموکراتی، وڵاتی دیموکراتی، کۆماری دیموکراتی، دەستووری بنچینەیی دیموکراتی.
لەسەر بنەمای ئه و چوار خاڵە کەجەدە ئەوە بەئامانج دەگرێ کە لە تورکیادا ناسنامە، چاند و باوەڕییە جیاوازەکان بتوانن تایبەتمەندی و خۆبەڕێوەبردنی خۆیان بەشێوەیەکی جودا دەرببڕن. هەروەها لەگەڵ دەوڵەتیشدا لەسەر بنەمای پەیوەندی دیموکراتیانەدا، پاراستنی ناسنامەی جودا و خۆبەڕێوەبەری شێوە دەگرێت.
کەجەدە جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە چاوەڕێی دەوڵەت ناکات، خۆی بەخۆی چارەسەری پێشدەخات. دامەزراندنی خۆبەڕێوەبردنی دیموکراتی بەبنچینە وەردەگرێت و ئەو خۆبەڕێوەبردنە لەهەمانکاتدا پرۆژەی دیموکراتیکردنی تورکیاشە..
کەواتە خۆبەڕێوەبردنی دیموکراتی وەک شێوازێکی تێکەڵەی دیموکراتی و دەوڵەتە، لە قۆناخێکی ڕاگوزار (مرحلە انتقالیە) دا واتە شێوازێکە ئاوێتەیە لە سیستەمی دەوڵەت و سیستەمی کۆنفیدرالیزمی دیموکراتی، واتە دەوڵەت هەیە و باڵادەستە، بەڵام کۆمەڵگا دێت بە ئیرادەی ئازادانەی خۆیەوە خۆی بەرێکخستن دەکات و خۆی بەڕێوەدەبات.
لەمبارەیەوە بەڕێز ئۆجەلان وەها دەڵێت: لە ئێستادا لە قۆناخی ڕاگوزاریدا دەژین. من بۆ کوردان خۆبەڕێوەبردنی دیموکراتی، وەک گۆڕەپانی ئازادی هەڵدەسەنگێنم. خۆبەڕێوەبەری دیموکراتی، پشت بە چوارچێوەی ئەتنیکی یان سنووری جوگرافی نابەستێت. بەڵکو لەسەر بنەمای خۆبەڕێوەبردن دێتەکایەوه. کوردان له میانەی خۆبەڕێوەبردنی دیموکراتیدا، بەڕێوەبردنی دیموکراتیانەی خۆیان ئاوا دەکەن. ئەمە ڕاگەیاندنی شەڕ و شتی وەها نییە، بەڵکو ئەمە چالاکی ئاواکردنی دیموکراتیانە و ڕێکخستەکردنی دیموکراتییانەیه. ئەوە هەموو گۆڕەپانەکان لەخۆ دەگرێت. لە وەرزشەوە بگرە، تا هەموو ناوەندە هاوبەشەکان لەخۆ دەگرێت و ڕێکیان دەخات..
کەجەدەش لە کۆنگرەی ئەمدواییەی خۆیاندا وەها دەڵێن: خۆبەڕێوەبردنی دیموکراتی؛ لەسەر بنەمای ڕێکخستنبوونی کۆمۆنەکانی گوند و کۆڵانەکان، ئەنجوومەنی گەڕەکەکان، شارەکان و هەرێمەکاندا پێشدەکەوێت. ڕێکخستەبوونە کۆنفیدراڵییەکانی خۆبەڕێوەبەریی جەوانان، ژنان و ڕەنجدەرانیش لەخۆوە دەگرێت، بەشێوەیەک کە هیچ کەسێک بێ ڕێکخستن نەمێنێتەوه. لەبەرامبەر دەوڵەتدا کەوا پرسی کورد چارەسەر ناکات، خۆی بەخۆی چارەسەری پێشدەخات. ئەمە بەمشێوەیە دەشبێتە پرۆژەی دیموکراتیکردنی تورکیاش. هەرچەندە دەوڵەت خۆی ناخاتە ژێر باری چارەسەرکردنی پرسەکە، بەڵام لەبەردەم ئه و چارەسەرییەی کەوا ئێمە پێشیدەخەین نابێتە کۆسپ. بۆیە لەمیانەی گۆڕانکاری ڕادیکاڵانەوە؛ ئێمە چەندە دیموکراتییەتی خۆمان پێشبخەین، دەوڵەتیش ئەوەندە ناچار دەبێت کەوا بەره و دیموکراتییەت هەنگاو بنێت..
ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵڵا ئۆجەلان لەمیانەی تیشک خستنە سەر پرۆژەی خۆبەڕێوەبردنی دیموکراتیدا جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە پرۆژەی خۆبەڕێوەبردنی دیموکراتی لەسەر بنەمای تەنیا ئەتنیک و جوگرافیا و تەنانەت تەنیا ئایینیش لەخۆ ناگرێت، بەڵکو لەسەر بنچینەی گەلان و کۆمەڵگا جیاوازەکان و لەسەر بنچینەی دیموکراتییە. کە ئەمەش خۆی لەخۆیدا تێپەڕاندنی زهنییەتی دەوڵەت - نەتەوەیە.
یەکێک لە خاڵە گرنگەکانی خۆبەڕێوەبردنی دیموکراتی پەیوەندییەتی بە دەوڵەتەوەیە، خۆبەڕێوەبردنی دیموکراتی شێوازێکی دەرەوەی دەوڵەتە بۆ بەڕێوەبردن کە گەل و کۆمەڵگاکان لەدەرەوەی بازنەی دەوڵەتدا کاروبارەکانی خۆیان بەڕێوەدەبەن. بەمەش خۆبەڕێوەبردنی دیموکراتی لە ناوەرۆک و فەلسەفەی بەڕێوەبردندا لە شێوازی ئۆتۆنۆمی (حوکمی زاتی) پەیڕەکراو جیاوازه. چونکە دەسەڵاتە ئۆتۆنۆمییەکان؛ لەهەرێمێکی دیاریکراودا سیستەمێکی بەڕێوەبردنی خۆجێی سەر بە ناوەندی دەوڵەتن و لەناو دەوڵەتدا فۆرمیلەیان وەرگرتووە. نەک لەناو کۆمەڵگادا. واتا دەسەڵاتی ئۆتۆنۆمی بۆ خۆی نوێنەری دەوڵەتە له و هەرێمەی کەوا تێیدا باڵادەستە. بەڵام لە خۆبەڕێوەبردنی دیموکراتیدا لە سێ خاڵدا خۆی لەدەرەوەی دەوڵەتدا دەهێڵێتەوە؛ یەکەمیان: خۆی بەناوەندی دەوڵەتەوە پەیوەست ناکات و تەنانەت لەمیانەی وەڵامدانەوەی پێداویستییەکانی کۆمەڵگا و خۆ ڕێکخستەکردنی لەهەموو گوند و گەڕەک و شارۆچکە و شار و هەرێمەکاندا هەوڵدەدات ناوەندێتی دەوڵەت و چەمک و زهنییەتی دەوڵەتگەراییش لاواز بکات و تا ئەو ڕادەیەی شتێک بەناوی ناوەندێتی دەوڵەت نەمێنیت. دووەمیشیان: خۆبەڕێوەبردنی دیموکراتی لەناو کۆمەڵگاوەیە و هەموو کۆمەڵگا لەخۆوە دەگرێت و ئیرادە و داخوازی و پێداویستییەکانی کۆمەڵگا بنچینە و بنەمایەتی. سێیەمینیشیان: لە دەسەڵاتی ئۆتۆنۆمیدا دەکرێ سنووری بەڕێوەبردن و دەستڕۆییەکەی لەسەر بنەمای جوگرافیا یان ئەتنیک یان ئایینێکی دیاریکراو بێت، بەڵام لە خۆبەڕێوەبردنی دیموکراتیدا ئەو چوارچێوانە بۆ خۆی بە بنەما ناگرێت. بۆ نموونە؛ گەلی کورد لە دەرەوەی باکووری کوردستان بە ملیۆنان لە ئەستەنبۆل و ئەنقەرە و ئیزمیر و مێرسین و شارە گەورەکانی دیکەی تورکیادا نیشتەجێن، دەکرێ له و شار و ناوچانەشدا لەسەر بنەمای خۆبەڕێوەبردنی دیموکراتیدا کاروبارەکانی ژیانی خۆیان ڕێکبخەن.
لەمبارەیەوە بەڕێز ئۆجەلان دەڵێت: لە سیستەمی خۆبەڕێوەبردنی دیموکراتیدا، ئەوەی گرنگە ئیرادەی بەڕێوەبردنی کۆمەڵگایه. کۆمەڵگا ئەرکەکانی دەوڵەتی ناوەندی کەم دەکاتەوە و بەخۆی خۆی بەڕێوەدەبات. من بەوە دەڵێم، ناوەند ئەرکەکانی ڕادەستی کۆمەڵگا دەکات. لە خۆبەڕێوەبردنی دیموکراتیدا، دژایەتیکردنی دەوڵەت بوونی نییه. دەبێ کوردان، لە ئاسایشەوە بگرە تا بوارەکانی وەرزش، لە هەموو گۆڕەپانێکدا، بێ ئەوەی پێویستیان بە دەوڵەت بێت، پەرە بە ڕێکخستنەکانی خۆیان بدەن. دەبێ لە ڕووی کۆمەڵایەتی، ئابووری و چاندییەوە ڕێکخستنەکانی خۆیان بونیاد بنێن. ئاسایشی ناوخۆ دابین بکەن. بۆ ئەوەش پێویست ناکات چاوەڕوانی دەوڵەت بن کە ئەوانە پەسند بکات..
بەڕێز ئۆجەلان بۆئەوەی خۆبەڕیوەبردنی دیموکراتی باش ببێتە مایەی تێگەیشتن و بۆ دامەزراندنی ئه و سیستمە لە ئامەد دا پێشنیارێکی به و شێوەیەی کرد: دەتوانن لە ئامەد، کۆنسەی شار دابمەزرێنن، دەبێ کوردان، کۆڵان بە کۆڵانی ئامەد ڕێکبخەن و بیکەنە قەڵایەکی ڕاستەقینه. بۆنموونە؛ دەوڵەت پەروەردە بە زمانی دایکی پەسند ناکات. ئایا مرۆڤ دەتوانێت لەبەرامبەر ئەو سیاسەتەدا چی بکات؟ لە دۆخێکی بەو شێوەیەدا پێویستە کوردان لە هەموو کوچە و کۆڵانێک، تیمی تایبەت بە زمانی کوردی دابمەزرێنن. ئەگەر به و شێوەیە بکەن، دواتر لایەنی یاساییەکەشی پێکدێت... کوردان لە چوارچێوەی دیموکراسی و یاسادا، درێژە بە خەباتی خۆیان دەدەن و لەهەموو شوێنێکدا سیستەمی پاراستنی بنچینەیی خۆیان ئاوادەکەن. جەوهەری بنچینەییش ئەمەیە کە ئێمە بێ ئەوەی دەربازی ژیانی مۆدێرنیتەی کاپیتالیزم ببین، مۆدێرنیتەی دیموکراتی ئاوا دەکەین و لەو پێناوەشدا تێدەکۆشین..
سەرۆکی کۆنسەی بەڕێوەبرایەتی کۆما جڤاکێن کوردستان، کەجەکە، موراد قەرەیڵانیش لەمبارەیەوە وەها دەڵێت: ئه و مودێلەی که ئێمە دەمانەوێت، له ئەتنیک زیاتر خۆی دەسپێرێته مۆدێلێکی دیموکراتی خۆبەرێوەبەری هەرێمی و ئەمە بەبنەما وەردەگرێت، واته لەبری ئەوەی هەموو ئەرکەکان لەناوەندێکدا کۆببنەوە، باشترە که لەگەڵ گەل و هەرێمەکاندا، ئەو ئەرکانە دابەش بکرێن. باشتر وایه خۆبەڕێوەبردنی دیموکراتی، وەک مۆدێلێکی دیموکراتی که گەل خۆی پێ بەڕێوەدەبات، مایەی تێگەیشتن و هەڵسەنگاندن بێت..
بەڕێز ئۆجەلان وردتر مۆدێلی خۆبەڕێوەبردنی دیموکراتی شێدەکاتەوە و دەڵێت: ئەو مۆدێلی خۆبەڕێوەبردنی دیموکراتییەی که ئێمه پێشنیاری دەکەین، پشت به ئەتنیکی و سنوری جوگرافی نابەستێت. بەڵکو ئەم مۆدێله خۆی دەسپێرێته جەوهەری کۆمەڵگای دیموکراتی. هەموو لایەنەکانی کۆمەڵگا وەکو یەکێتیەکی (یەکینەیەکی) کۆمەڵایەتی پەسند دەکرێت. بۆ نموونه؛ گەڕەکی 'باخلەر' لەشاری ئامەد هەیە، ئه و گەڕەکە دەکرێ وەکو یەکێتیەکی کۆمەڵایەتی پەسند بکرێت. ئه و کەسانەی کە لەوێ دەژین، بۆ چارەسەرکردنی پرسەکانی ڕۆژانەیان و مەسەلە جۆربەجۆرەکان، دەتوانن کۆنسه و ئەنجوومەنی خۆیان ساز بکەن، بەو شێوەیە یەکێتیەکانی دیکەی ئەو گەڕەکە لەناو ئه و ئەنجوومەنەدا دەتوانن نوێنەرایەتی خۆیان بکەن..
بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجەلان دەستنیشانی کردووە که کوردان بەهۆی هەڵکەوتەی کۆمەڵایەتیانەوە، بۆ پرۆژەی خۆبەڕێوەبردنی دیموکراتی گونجاون، هەر بۆیە کوردان دەتوانن پێشەنگایەتی ئەو پرۆژەیە بکەن. بە ڕێگای پرۆژەی خۆبەڕێوەبردنی دیموکراتییەوە، کوردان مافی نەتەوەبوون، مافە مێژووییەکان، ناسنامە و مافە دێموکراتیکیەکانیان بە دەستدێنن. کوردان دەتوانن هێدی هێدی، پرۆژەی خۆبەڕێوەبردنی دیموکراتی بەسەرتاسەری تورکیادا بڵاو بکەنەوه.
ئەمه و ڕێزدار ئۆجەلان لەهەوڵدانیدا بۆ خستنەڕووی چوارچێوەیەکی خۆبەڕێوەبردنی دیموکراتی کە وەک پرۆژەیەکی کورد بۆ چارەسەری پرسەکەی ناودێری دەکات، لەمیانەی شەش خاڵدا لایەنە بنچینەییەکانی خۆبەڕێوەبردنی دیموکراتی لەباکووری کوردستان و تورکیا وەها خستەڕوو:.
1. لایەنی سیاسی خۆبەڕێوەبردنی دیموکراتی؛ لەم لایەنەدا دەکرێ ئەنجوومەنێک هەبێت، یان کۆنگرەیەکی گەل هەبێت. ئەم کۆنگرەیە؛ کۆنگرەی جڤاکی دیموکراتییه. دەستەیەکی بەڕێوەبەرایەتی ئەم کۆنگرەیەش هەیه.
2. لایەنی یاسایی خۆبەرێوەبردنی دیموکراتی؛ ئەم لایەنە گوزارشت لە ستاتۆی یاساییانەی پرۆژەی خۆبەڕێوەبردنی دیموکراتی دەکات. کاتالانییەکان ئەمە وەک 'ستاتۆس' ناودێر دەکەن. ئێمەش دەتوانین وەکو ستاتۆ (قەوارە) ناودێری بکەین. ئەمە زۆر گرنگه. واتا لەرووی یاساییەوە ستاتۆی کوردان چۆن دەبێت؟ ئەوە بەدیار دەکەوێت و پاشانیش لە دەستووری بنچینەیی و یاساکاندا جێگیر دەکرێت. بە ڕێگەی یاساکانەوه ناوەرۆک و چوارچێوەی خۆبەڕێوەبردنی دیموکراتی ڕووندەبێتەوە.
3. لایەنی ئابووری خۆبەڕێوەبردنی دیموکراتی؛ سیاسەتی ئابووری نەتەوەی دیموکراتی بونیاد دەنرێت. پێویستە ئەوە دەستنیشان بکرێت کە چ شێوەیەکی ئابووری پێویستە. هەروەها سیاسەتی خۆی سەبارەت بە بەنداوەکان و سەرچاوەکانی ژێر زەوی و سەر زەوی هەیه. وەکو سیستەمێکی ئابووری ئێمە کاپیتالیزم پەسند ناکەین. لەوانەیە ئێمە نەتوانین کاپیتالیزم بەتەواوی هەڵوەشێنینەوە، بەڵام ئێمە تا ئاستێک دەتوانین لەهەندێک بواری گرنگدا ئەو بگۆڕین و سیستەمی ئابووری خۆمان بونیاد بنێین. لەم سیستەمەدا ئابووری گەل هەیە، مرۆڤ دەتوانێت بەشێکیشی بکاتە ئابووری تایبەت.
4. لایەنی چاندی خۆبەڕێوەبردنی دیموکراتی؛ لایەنی چاندی، زمان، پەروەردە بە زمانی زگماکی، مێژوو و هونەر لەخۆوە دەگرێت. مرۆڤ چۆن دەتوانێت پەروەردە بە زمانی زگماکی ببینێت؟. سیاسەتی زمان بۆ نەتەوەیەکی دیموکراتی چۆن دەبێت؟ مرۆڤ دەتوانێت گفتوگۆ لەسەر ئەمانە بکات و سیاسەتی پەروەردەیی دابڕێژێت. هەروەها کوردان چی بکەن بۆ ئەوەی بتوانن قڕکردنی چاندی پووچەڵ بکەنەوه؟ پێویستە مرۆڤ گفتوگۆ لەسەر ئەمەش بکات و دەرئەنجامێک وەربگرێت و قڕکردنی چاندیش نەهێڵێت.
5. لایەنی دیبلۆماسی خۆبەڕێوەبردنی دیموکراتی؛ ئەم لایەنە پەیوەندی کورد لەگەڵ گەل و کۆمەڵگاکانی دیکە یەکلایی دەکاتەوە و چوارچێوەیەکی پێدەدات. لەگەڵ کوردانی پارچەکانی دیکە و وڵاتانی دراوسێدا پەیوەندی دروست دەکات. ئێمە لەگەڵ کۆمەڵگاکانی دیکەدا پەیوەندییەکی چۆن دەخوازین و چۆن لەگەڵیاندا بژین؟ لایەنی دیبلۆماسی ئەمە دەستنیشان دەکات.
6. لایەنی پاراستنی گەوهەری خۆبەڕێوەبردنی دیموکراتی؛ ئێمە دەتوانین بەم لایەنە بڵێین؛ لایەنی ئاسایشیش. واتا لایەنی قڕکردن. کوردان چۆن دەتوانن خۆیان لە قڕکردن ڕزگار بکەن؟ پێویستە ئەمە بە گفتوگۆ یەکلایی بکرێتەوه. من بە دەستەواژەی 'قڕکردن' باس لەهەموو جۆرە قڕکردنەکان دەکەم. نەک هەر تەنیا جەستەیی، چاندی و لایەنەکانی دیکەش لەخۆوە دەگرێت. دەبێت بناغەی خۆپاراستنی گەوهەری ئامادە بکرێت. لێرەدا کۆمەڵگا خۆی خۆپاراستنی خۆی ئەنجام دەدات. هەڵبەتە بەمە هەر تەنیا باسی چەکداری ناکەم. باس لە لایەنە چەکدارییەکەی خۆپاراستنی گەوهەری، واتا کەجەکە و پەکەکه ناکەم، باسی لایەنی ئاسایشی گەل دەکەم. مەبەست لەم قسەیە گوزارشتکردنە له ڕێکخستنی جڤاکی دیموکراتی و بونیادنانی سیستەمی ئاسایشی لەهەموو گۆڕەپانێکدا. گەل دەتوانێت گفتوگۆ لەسەر ئەم بابەتە بکات و بە دەرئەنجامێکی جودا بگات. بۆ نموونە؛ ئایا سەربازی بکەن؟ دەبێت گفتوگۆ لەسەر ئەمە بکەن. هەروەها چۆن جەردەوانێتی هەڵوەشێننەوە؟ چۆن پرسی جەردەوانێتی چارەسەر بکەن؟ پێویستی بە گفتوگۆکردنی ئەمانە هەیه. ئەم لایەنەی ئاسایشیی خۆپاراستنی گەوهەری بەڕادەی ئاو و هەوا گرنگه. بەبێ ئەمە نابێت. ئایا لە سیستەمی سەربازی ئێستادا، کوردان بەشدار دەبن یان نا؟ لەناو سیستەمی پۆلیسدا بەشدار دەبن یان نا؟ بۆچوونی ئەو دامەزراوانە سەبارەت بە کوردان چۆن دەبێ؟ کوردان خۆیان چۆن دەپارێزن؟ پاراستنی کوردان چۆن مسۆگەر دەکرێت؟ ئەوانە بابەتگەلێکی زۆر گرنگن..
بێگومان خۆبەڕێوەبردنی دیموکراتی کە شێوازی بەڕێوەبردنە لە سیستەمی کۆنفیدرالیزمی دیموکراتی شێوازێکی وەهایە کە لەئەگەری پەسندنەکردنیشی لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوه، گەل و کۆمەڵگای کوردەواری دەتوانن لەرێگەی دامودەزگا مەدەنی و دیموکراتی و شارەداری و ئیدارییەکانییەوە خۆبەڕێوەبردنی دیموکراتی لەدەرەوەی دەوڵەت سەقامگیر بکەن. واتا ئەگەر دەوڵەت لەگەڵ لایەنی کورددا ڕێکنەکەوێت و پرسەکە چارەسەر نەکات، ئەوا کورد چاوەڕێی دەوڵەت ناکات و خۆی بێچارەش ناکات، بەڵکو خۆی یەکلایەنە له و شوێنانەی تێیدا نیشتەجێیە خۆی خۆی بەڕێوەدەبات، بەبێ ئەوەی جودا ببێتەوە. لەمبارەیەوە موراد قەرەیڵان دەستنیشانی کردووە کە خۆبەڕێوەبردنی دیموکراتی بەواتای ئەوەیە کە لەچوارچێوەی سنوورەکانی دەوڵەتدا پێکەوە ژیانی کولتوور و گەلی جیاوازە و لەبەرامبەر جیابوونەوە، خۆبەڕێوەبردنی دیموکراتی شێوازێکی بونیادنانی یەکێتییەکی ئارەزوومەندانەیە و دەڵێت: ئێمە بەمە دەڵێین؛ شێوازی کوردستانی خۆبەڕێوەبەر و دیموکراتییانە، بۆ خۆبەڕێوەبردنی دیموکراتی، بۆ کۆمارێکی دیموکراتی، بۆ نەتەوەیەکی دیموکراتی و وڵاتێکی دیموکراتی تاکە شێوازی یەکیەتی هەمیشەییه. ئەمە شێوازی جیابوونەوە نییە، بە پێچەوانەوە، شێوازی بونیادنانی یەکێتییەکی ئارەزوومەندانە و دیموکراتییانەیە. خۆبەڕێوەبردنی دیموکراتی لە هەمان کاتدا شێوازی دیموکراتیککردنی تورکیاشە..
جێگری سەرۆکی کۆنسەی بەڕێوەبەرایەتی کەجەکە جەمیل بایکیش سەبارەت بەوەی کە ئەگەر دەوڵەت خۆبەڕێوەبردنی دیموکراتی پەسند نەکرد هەڵوێستی کوردان چی دەبێت؟ دەڵێت: خۆبەڕێوەبردنی دیموکراتی گوزارشت لە پەیوەندی کوردان لەگەڵ تورکیادا دەکات. ئەگەر دەوڵەتی تورک ڕاست هەڵسوکەوت بکات، ئەوا ئێمە خۆبەڕێوەبردنی دیموکراتیانە هاوشانی تورکیا بەڕێوەدەبەین، بەڵام ئەگەر هەڵوێستی دەوڵەت بەپێچەوانە بوو، ئەوکاتە خۆمان لەچوارچێوەی خۆبەڕێوەبردنی دیموکراتیدا چارەسەری پێشدەخەین. ئەوەی کە ئێمە دەمانەوێ بیکەین ئەمەیه. ئه و سیستەمە لەهەمانکاتدا سیستمی کۆمەڵگایە و گەلی کورد بە ئیرادەی خۆی دایدەمەزرێنێت. ئەمەش بەواتای دامەزراندنی کۆنفدرالیزمی دیموکراتی دێت. کۆمەڵگای کورد سیستەمی خۆی لەڕووی پەروەردەیی، ئابووری، کۆمەڵایەتی، سیاسی و بە بەدەزگابوونی دیموکراتیانە، ڕێک دەخات. لەسەر بنەمای ئیرادەی خۆی، بەڕێوەبەرایەتی خۆی هەڵدەبژێرێت. پێویستە خەباتی ئاواکردنی خۆبەڕێوەبردنی دیموکراتی و کۆنفدرالیزمی دیموکراتی بەیەکەوە بەڕێوە ببردرێن. ئێمە ئەو بڕیارانەمان لە ساڵی 2007دا لە پێنجەمین جڤاتی گشتی کۆنگرەی گەلدا بوو. بڕیارماندابوو کە ئەگەر دەوڵەت مل بۆ چارەسەری دیموکراتییانە نەدا، ئەوا ئێمە سیستەمی دیموکراتیانەی خۆمان لەسەر بنەمای بیرۆکەی دەوڵەت - دیموکراسی ئاوا بکەین..
بەڕێز ئۆجەلانیش بەردەوام جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە گەلی کورد بێ ئاڵتەرناتیڤ نییە و دەڵێت: لێدوانەکەی جەمیل بایک لەمبارەیەوە هەیه. دەڵێت؛ ئێمە خۆبەڕێوەبردنی دیموکراتی ڕادەگەیەنین، ئەگەر چارەسەری پەسند نەکەن. ئەوەتا ڕەوشی کۆسۆڤۆ لەبەرچاوانه. بۆی هەیە ڕووداوی به و شێوەیە ڕوو بدات. کوردان لایەنگیری پێکەوە ژیانن، نەک لایەنگیری جودا بوونەوه. تەنانەت ئێمە دەمانەوێ لە چوارچێوەی سنوورەکانی میساقی میللیدا پەرە بە چارەسەری بدەین. بەڵام بڕیاری بەیەکەوە ژیانی یەکلایەنه هیچ واتایەکی نییه. پێویستە ئەم ویستە دوو لایەنە بێت و پێداویستییەکانی جێبەجێ بکرێت. ئەگەر بەیەکەوە ژیانێک هەبێت، پێویستە وەکو ژیانێکی هاوبەش لە دەستووری بنچینەییدا ڕەنگبداتەوه..
سەرۆکی کۆنسەی بەڕێوەبەرایەتی کەجەکە موراد قەرەیلانیش سەبارەت بە پێویستبوونی خۆبەڕێوەبردنی دیموکراتی وەک قەڵغانێک بۆ خۆپاراستن لە دژی مەترسییەکانی زهنییەتی تاکلایەنەی دەوڵەتی تورکدا دەڵێت: ئەگەر لە شوێنێک کولتووری جیاواز هەبن و تۆ هەوڵی لەناوبردنیان بدەیت، ئەوا ئەوان تەنیا بە خۆبەرێوەبردنی دیموکراتی دەتوانن خۆیان بپارێزن. هەر بۆیە خۆبەڕێوبردنی دیموکراتی شێوازێکی چارەسەرییه. ئێمە دەمانەوێ لەگەل دەوڵەتدا ئەو کێشەیە چارەسەر بکەین، بەڵام ئەگەر دەوڵەتیش نەیەوێ، ئێمە لەگەڵ گەلەکەمان ئەوە دادەمەزرێنین. ئەگەر دەوڵەت بیەوێ لەناویببات، ئەو کاتە گەلی کوردیش بەدوای چارەسەرییەکی دیکەدا دەگەڕێت. وەک تەڤگەری ئازادی و دیموکراتی گەلی کورد، لە چوارچێوەی پێشخستنی چارەسەری خۆماندا، وەک هەنگاوی یەکەم ئەرک و ئامانجمانە کە خۆبەرێوەبردنی دیموکراتی ڕابگەیەنین. لەراستیدا؛ خۆبەڕیوەبردنی دیموکراتی، هەوڵدانە لەپێناو پەلکێشکردنی دەوڵەت بۆ چارەسەرییەکی دیموکراتیانه. ئەگەر دەوڵەت مل بۆ چارەسەری نەدات، ئەوا لەسەر پێشخستنی خۆبەڕێوەبردنی دیموکراتی بە بڕیارین. ئەگەر دەوڵەت خۆی لە چارەسەری دیموکراتیانە نزیک نەکاتەوە و ئامانجی لەناوبردنی خۆبەڕێوەبردنی دیموکراتیانەی ڕاگەیەندراو بێت و بیەوێ لەناویببات، ئەوا ناچار دەبین، لەدەرەوەی دەوڵەت لە چوارچێوەی سیستەمی کۆنفدرالیزمی دیموکراتیدا، چارەسەری تایبەت بەخۆمان پێشبخەین. ئەوه چوارچێوەی بنەڕەتی چوارەمین قۆناخی ستراتیژییە. بۆیە تەڤگەری ئازادی گەلی کورد، لە سەرەتای قۆناخێکی نوێدا، کەوتۆتە قۆناخێکی هەرە مێژوویی لە تێکۆشانی خۆیدا. ئەمە زۆر گرنگە و لە ئاستی قۆناخی شۆڕشێک دایه. سەردەمی قۆناخی ستراتیژی نوێ، دەبێتە قۆناخێک کە لەسەر بنەمای هێزی بنچینەیی و ئیرادەی خۆی، چارەسەری خۆی پێشدەخات..[1]