ئەشکەوتی (#کۆسپی سپی#) دەکەوێتە ناوچەیەکی شاخاویی گوندی #پیرسوان# سەر بە قەزای #ڕواندز#، ئەندازیارێکی شارستانیی نیوزلەندی، لە سوپای بەریتانی (ئارچیبالد میلنی هاملتۆن) لە کتێبەکەیدا زۆر شتی لەسەر کورد و کوردستان تۆمار کردووە. یەکێک لەوانەش، باسکردنی ئەم ئەشکەوتەیە، کە ساڵی 1937 لە شاری لەندن بۆ یەکەمجار بە چاپی گەیاندووە.
هەڵگورد چۆمانی، لێکۆڵەر و چالاکوانی شاخەوانی، بە (باسکورد)ی ڕاگەیاند: لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، چەندین ئەشکەوتی مێژوویی هەن، کە سەردەمی کۆن لانکەی مرۆڤایەتی بوونە، هەروەها لە سەردەمی شۆڕشە کوردییەکانیش پەناگەیەک بوونە بۆ کورد و پێشمەرگە، یەکێک لەو ئەشکەوتانەش ئەشکەوتی (کۆسپی سپی)یە، کە بە دووریی زیاتر لە کیلۆمەترێک لە ڕێگای هاملتۆن (سۆران- چۆمان) دەکەوێتە گوندی پیرسوان لە سنووری قەزای ڕواندز، کە شوێنێکی سەرنجڕاکێش و دڵگیرە و مرۆڤ ئارەزووی چوونە ناو ئەم ئەشکەوتە دەکات، تا بە دیمەنە سەرنجڕاکێشەکانی ئاشنا بێت.
گوتیشی: دوای ماوەیەک ڕۆیشتن بە پیادەڕۆیی، کاتێک دەگەیتە شوێنەکە، لەسەرەتاوە دەگەیتە دەروازەی ئەشکەوتەکە، کە زۆر بچووکە، بەڵام کاتێک چوویتە ناوەوەی، بەرزی و نزمیی زۆری هەیە، تەنانەت لە هەندێک شوێندا بە بەرزایی نزیکەی نۆ مەتر و پانتایی 10 مەتر بەرفراوان دەبێت، دواتر جارێکی دیکە دەروازەیەکی دیکەی بچووکی ئەشکەوتەکە دەکەوێتە بەرچاو، لەدوای ئەویش فراوان دەبێتەوە. بەگشتی درێژایی ناو ئەشکەوتەکە زیاتر لە 200 مەتر دەبێت، هەروەها دیمەنی کریستاڵی و چکەی دڵۆپەی ئاو لەناویدا دەبیسترێ، لەگەڵ بوونی شەمشەمەکوێرە، خۆشبەختانە بە بردنی چەند ڕووناکییەک و پێداویستییەک، لەگەڵ چەند هاوڕێیەکم توانیمان ناوەوەی ئەم ئەشکەوتە بپشکنین.
ئەو لێکۆڵەرە دەشڵێت: پێویستە لایەنە پەیوەندیدارەکان، بەتایبەتیش لایەنی شوێنەوار و گەشتوگوزار، بایەخی زیاتر بەم جۆرە ئەشکەوتانە بدەن، ئەویش بە گەیاندنی ڕێگای ئۆتۆمبێل و پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکانی وەک دانانی هێمای دیاریکردنی ئەشکەوتەکان و تابلۆی هۆشیارکردنەوە، بۆئەوەی ببێتە هۆکارێک، کە گەشتیاران و هاووڵاتییان لە کاتی سەردانکردنی دەڤەرەکە بەئاسانی بگەنە شوێنەکە، هەروەها لێکۆڵینەوەی شوێنەواری لەسەر بکرێت.
عەبدلوەهاب سلێمان، بەڕێوەبەری شوێنەوار و کەلەپووری ئیدارەی سۆران، لەبارەی ئەم ئەشکەوتە بۆ (باسکورد) گوتی: ئەشکەوتی (کۆسپی سپی) دەکەوێتە سنووری قەزای ڕواندز، لەنزیکەوە وەک شوێنەواری سۆران سەردانمان کردووە، ئەشکەوتێکی گرنگ و سەرنجڕاکێشە، هەروەک (ئارچیبالد هامڵتۆن) لە کتێبەکەیدا بە ناونیشانی (رێگایەک بۆ کوردستان) باسی لەو ئەشکەوتە کردووە و دیارە ئەوکات لەنزیکەوە سەردانی کردووە. دەشڵێت: ئەم ئەشکەوتە و چەندین ئەشکەوت و شوێنەواری دیکەی گرنگ لە ناوچەکەدا هەن، پێویستیان بە لێکۆڵینەوە و کنە و پشکنینی شوێنەواریی هەیە، بۆ ئەمەش لە پلان و بەرنامەی داهاتووماندا هەیە، کە کاریان لەسەر بکەین.
ڕێگای هاملتۆن دەکەوێتە سنووری پارێزگای هەولێر، تێکڕای درێژیی ئەم ڕێگایە 115 میلە (نزیکەی 185کم) لە ناوەندی شاری هەولێر دەست پێدەکات و سنووری نێودەوڵەتی– دەروازەی نێودەوڵەتی- لەگەڵ وڵاتی ئێران لە حاجی ئۆمەران کۆتایی دێت. لە سەدەی ڕابردوودا و دوای یەکەم جەنگی جیهانی و لەژێر دەسەڵاتی پاشایەتی لە ساڵەکانی 1927 بۆ 1932, واتە لە ماوەی پێنج ساڵدا لەلایەن ئەندازیارێکی شارستانیی نیوزلەندی لە سوپای بەریتانی بەناوی (ئارچیبالد میلنی هاملتۆن- Archibald Milne Hamilton) دروست کراون و بە ناوی ئەویشەوە و ناونرا. ئارچیبالد هاملتۆن لە کتێبەکەیدا بە ناونیشانی Road Through Kurdistan: The Narrative of an Engineer in Iraq. زۆر شتی لەسەر کورد و کوردستان تۆمار کردووە و تیادا ئاماژەی بە چەند شوێنێکی دەڤەرەکە کردووە، یەکێک لەو شوێناش ئەشکەوتی (کۆسپی سپی)یە، کە ناوی هێناوە، ئەم کتێبەی لە ساڵی 1937 لە شاری لەندن بۆ یەکەمجار بە چاپی گەیاندووە.
ئامادەکردنی: سارا سەردار
[1]