خشڵی ژنانی موکریان؛ بەشی 05
لەیلا نوورانی
=KTML_Bold=بەربەنە=KTML_End=
مووروو، گۆ، گوللەی دەسککراو یان سەرپۆلەیەک کە بە قەیتانەوە بکرێ و بە ملەوە شۆڕ بێتەوە.
ئەمن دەڵێم کاکینە ئەوڕۆ ئێوارێ حەیرانەکەی من حەیرانی لێدێ
گەردنی زەردە، بەربەنەی لێ دێ
(حەیران)
=KTML_Bold=بەرکۆژە=KTML_End=
خشڵێکە لە زێڕ یان زێو کە بریتییە لە سککەیەک لە سووڕەت یان قڕان کە بنی لەنێوەڕاستی دەسک کراوە، لە یەخەی کوردی دەندرا و قەیتانیان پێدا دەکرد یان لەسەر شانی کەوایان دەدروو و قەیتانی سۆرانییان پێدا دەکرد، قەدیم لە جیاتی دوگمە کەڵکیان لێ وەردەگرت.
ئەمیش بترازێنم دەرزێ بەرکۆژێ
ئەگەر ئارەزووم، لێ بێ شۆقی دەبڕم لە مانگێ
بەڵام حەزم نییە دەگەڵ ڕۆژێ
(قالەغەریب: بەیتی شێخ فەرخ و خاتوون ئەستی)
بۆت بم بە غوڵامی بەرکۆژێ
ئەوڕۆژ ناڕۆم دەگەڵ ڕۆژێ
(بەیتی خوازێ)
=KTML_Bold=بەرکۆژەی قووببە=KTML_End=
تایبەتیی ئەو بەرکۆژەیەی کە لە سککەی قووببە کراوە.
=KTML_Bold=بەرموور=KTML_End=
خۆمانیان بۆ بە کوشت ئەدەین، تا هەموو وڵاتەکانیان بەرەبەرە وەک خوێنی پژاومان سوور دەبێت و وەک شیلان و دەنکە مەرجانی ناو بەرموور دیمەنیان دێتە بەرچاومان
(هەژار، بۆ کوردستان: 7)
کیژ گەڕاوە دوای بەرمووران وە خۆی دێخێ
تەڵەبی دەکەم لە خودای لە کن چادری مەی بێخێ
(ماملێ)
=KTML_Bold=بەرمووری لێران=KTML_End=
ملوانکەیەکە پێک هاتووە لە سەرپۆلەیەک لەتە زێڕی پێنج پەهلەوی، دە پەهلەوی، جەعفەری، کەنەدی یان دوو و نیو پەهلەوی کە لە هەرتک لاڕا موورووی بەقیمەتی تێ دەکرێت و دواتر لیرە یان یەک پەهلەوی یان سووڕەتی تێ دەکرێت و تا سەر ئەستۆ هەروا درێژەی دەبێت. مووروو و زێڕەکان هاووێنەن، لەسەر پشتێن ڕادەوەستێت و شێوازی کۆنی شامڕەختی ئێستایە.
=KTML_Bold=بەر و بەرمووروو
بەرموور، بەنکوبەرموور=KTML_End=
ئەوە بەسەری پەنجانی لە بەردی دە مەڕمەڕی دەدانە
ئەوان بەرووبەرمووران لەسەر سینگی دە ئەوێ کەڵەمەرجانێ
هەر دەیانکردەوە بە شەڕەباز و شەڕەبەرانە
(دەروێش ڕەحمان: ئازیزە)
=KTML_Bold=بەردەباژەڵە، مووروو باژەڵە = سەردەستاڕ و بندەستاڕ=KTML_End=
جۆرە مووروویەکی پانە، نێوەڕاستەکەی کونە، سەروو و ژێری هەیە و ڕەنگی سپی و کەسک و ڕەشی هەیە، سپی و کەسکەکەی زۆر پەسند بووە و ڕەشەکەی بریقەدارە. حەسڵ و ناحەسڵی هەیە. ئەم مووروویە لە بن گڵ دەدۆزرێتەوە و بە مانای بەبەخت بوونە. هەر کەس وە دەستی نەکەوێت هەر لەو شێوەیە لە گڵ درووستی دەکا. قەدیم سەری کەللەقەندیان وەک ئەو مووروویە دەسۆوە و سەر و ژێریان لێ ساز دەکرد و وە خۆیان دەخست. جۆری دەستکردی ناحەسڵ بوو، بۆ تێکەڵی لەنێوان مووروواندا جووتێک لەملا و جووتێک لەولا پێوە دەکرێ، یان جووتێکیان دە سەر پۆلەی کوڕەمەکە دەکرد یان بە قەیتان وە لێواری کەوایان دەخست. ڕەنگی کەسکی تایبەتیی تێکەڵی بوو.
=KTML_Bold=باوەڕ=KTML_End=
ئەگەر سەروبنی ئەو موورووە یەک بگرن دڵی ژن و مێردیش یەکتر دەگرن.
جۆری ڕەشی ئەو مووروویە، وێنەی پەری بە لاپانەکەیەوە بۆیە نێوکەپەریشی پێ دەکوترێ.
موورووباژەڵە مووروویەکی مبارەکە.
موورووباژەڵەی هێندێک کەسان ئاردی دەکا، ئەو ئاردکردنە نیشانەی بەخت و ئیقباڵە.
هەرکەس بەختی هەبێ، شەوی جومعانە سەروبنی موورووەباژەڵەکەی یەکتر دەگرن.
هەرکەس موورووباژەڵەی ببێنێتەوە بەبەخت دەبێت.
=KTML_Bold=داوودەرمان=KTML_End=
جۆری سپی ئەم مووروویە بۆ باداری دەرمانە.
=KTML_Bold=منداڵ ئەگەر باژەڵەی بێ:=KTML_End=
1. پانێی بریندار دەبێت. دەنکێکی ئەو مووروویە بەتایبەت جۆرە سپییەکەی دە شیری مەمکی دایکدا دەسوونەوە و ئەو شیرە دە پانێی منداڵەکە دەدەن.
2. ئەو مووروویەی بە لاچاویدا دێنن. [1]