خشڵی ژنانی موکریان؛ بەشی 09
لەیلا نوورانی
=KTML_Bold=دوودڕک=KTML_End=
جۆرە هۆنینەوەیەکی زەنگیانەیە کە بۆ ملوانکە و دەستەوانە و پێش دەسماڵ دەکار دەکرێ.
دەوران دەوری مرواری یان بیجادەیان بە زەنگیانە دەگرت بەچەشنێک کە وەک دڕدووکی خڕی لێدەهات.
=KTML_Bold=دوگمە خاتوونە=KTML_End=
جۆرە لیرەیەکە لە لیرەی بەهار (بەهاری ئازادی کە لە ئێران باوە) تەنکترە، قووڵە و عەکسی ژنێکی لەسەرە. دە ئەستۆ دەکرێت و دەسک کراوەکەی بۆ دمەکڵاویش دەکار کراوە.
=KTML_Bold=دوگمە و دۆڵاب=KTML_End=
خشڵێکە لە دوو بەش پێکهاتووە و لە دوو لێواری ئاتەگی سیخمە یان کەوا قایم دەبێت. نێرە و مێیەی هەیە، بەشی مێیەی دوو قووببە و بەشی نێرەی یەک قووببەیە. دوگمە و دۆڵابی ئێستا لە کانزای وەک مرواری و یاقووت و پیرۆزە و... دەورگیراو چێ دەکرێت و بنی بەڕیشوویە و سووڕەت یان ڕوبعی پێوەیە. قەدیم تەنیا لە سککە (لیرە) ساز بووە و ڕیشووی نەبووە.
برایم دەڵێت: ئاغا وەکی بەسەر ئەمندا دەهاتی
بە سەری هیچ کەسی دیکە وا نەدەهاتی و دوگمەی دە خاتوونێم لەسەر وەستای بوون کەوای لە خزمەت هەمزە خەیاتی.
(وەستا برایمی کۆنەخانێ: بەیتی برایمۆک)
=KTML_Bold=دووپشک=KTML_End=
جۆرە زەنگیانە هۆندنەوەیەک لە موورووی شین و زەرد و ڕەش، بە وێنەی دووپشک، کە بۆ کوڕەمەکە دەکرێتە سەرپۆلە.
=KTML_Bold=دەرزی بن بەرمووروو، لەرزانە=KTML_End=
جۆرە مووروویەک کە بنی موورووی پێوەیە و بۆ قایم کردنی گێل گێلە لەسەر شەدە و چارەکە لەسەر کۆچکە دەکار دەکرێ.
=KTML_Bold=دەرزی بەرکۆژە، دەرزی ئەگریجە=KTML_End=
نازدار دەڵێت: ... کە بترازێنم دەرزی بەرکۆژێ
ناسکەمە من شۆقێ دەبڕن لە مانگێ و هەر لە ڕۆژێ
(قالە غەریب: بەیتی شێخ فەرخ و خاتوون ئەستی)
=KTML_Bold=دەرزی، دەرزیلەی بەرۆک=KTML_End=
خشڵێکە لە چەشنی قەتارە تەختی قووببەی وردە و بنی پەرەنگی پێوەیە و هەرتک سەری بەقولاپە و لەسەر دەسماڵ شۆڕ دەبێتەوە، شێوازی کۆنی سەردەسماڵە.
بەرۆکت بۆ دەرزیلە، قامکت بۆ ئەنگوستیلە
دە وەرە دەستم دەستۆکە، سنگت بەفری قەندیلە
(#حەسەن زیرەک#)
پەرەنگیش دەڵێت بە دەرزیلەی پیرەبەڕۆکێ، ئەوە دەرزیلە لە من دەڵێت بە برۆیە، ئەتۆ لە بەر مەغزکێشانێ خۆت لە من داویشتەوە تاقی کەنارێ
(خاڵە سوورە: گەلۆ)
=KTML_Bold=دەرزیبەرۆکی قووببە=KTML_End=
جۆرە دەرزیبەرۆکێک کە تەختەکەی لە دوو قووببە و گوڵ و زنجیر پێک هاتووە و هەرتک سەری بەقولاپە و لە بەرۆک قایم دەکرێ.
=KTML_Bold=دەرزی بەڕیشوو=KTML_End=
تایبەتیی ئەو دەرزییەی ڕیشووی درێژی بە قووببەیەکەوە بێ، بنی ڕیشووەکانی زەنگوڵەی چکۆڵە و نیومانگی بۆ کرابێت و هەرتک لای لاگیرەی پێوەبێ. جۆری زێڕ و زێوی بووە. [1]