خشڵی ژنانی موکریان؛ بەشی 13
لەیلا نوورانی
=KTML_Bold=مووروو جۆ=KTML_End=
مووروویەکی شینە، وەک دەنکی جۆ دەچێ و بۆ ملوانکە دەبێت. ملوانکەکەی لە دەوری ملە، و شۆڕ نابێتەوە. ژنی بەتەمەن مووروو جۆ دەکەنە ژێڕ چەنە.
=KTML_Bold=مووروو چاو=KTML_End=
مووروویەکی ڕەش یان سوورمەیییە، ورد و درشتی هەیە و جەغزێکی سپیی نێو ڕەشی چکۆڵەی تێدایە. هەرتک لای مووروویەکە ئەو وێنەیەی تێدایە و بۆ چاوەزار دەبێت و کەڵکی جۆراوجۆری لێ وەردەگیرێ.
=KTML_Bold=مووروو چاوەزار=KTML_End=
جۆرێک موورووی خڕ یان پانی شین کە دوو جۆری گەورە و چکۆڵەی هەیە، لەگەڵ بەرموور، پاوانە، نەقیمی خشڵ یان تێکەڵیدا کەڵکی لێ وەردەگیرێ. ئەگەر شتی چەوری وێ کەوێ ڕەنگی دەگۆڕێ و سەوز/ کەسک دەبێت. دەڵێن ئەوە مردووە و بەکار نایە.
باوەڕی خەڵکی ناوچەکە وایە:
ئەم مووروویە بۆ چاوەزار دەبێت. سەدەقە و بەڵاگێڕەوەیە و لە جێی خاوەنی وەخۆی دەگرێ.
مار ئەگەر چاوی بە ئەم مووروویە بکەوێت تازە چاوی نابینێ و بێ حوکم دەبێت. هەر بۆیە جگە لە ژن و منداڵ، پیاویش دەیکەنە نەقیمی ئەنگوستیلە و لەگەڵ خۆیان دەیبەن بۆ کێو.
=KTML_Bold=مووروو چۆرت=KTML_End=
جۆرە مووروویەکی چوار سووچی تەختی یاقیقە، دوو کونی تێدایە و بۆ دەستەوانە دەبێت. زۆرتر لە حەج ڕا بە دیاری دەیهێنن.
باوەڕی خەڵکی ناوچەکە:
ئەم مووروویە دە دەست دەکەن هەتا زووزوو چاویان پێیبکەوێت و غەمیان بڕەوێ.
=KTML_Bold=مووروو چۆلەکە=KTML_End=
مووروویەکە لەچەشنی چۆلەکەیە، بەری دارێکە و لە مەزرا دەکەوێ و لەگەڵ بەرموور وەخۆی دەخەن.
باوەڕی خەڵکی ناوچەکە:
موورووچۆلەکە بۆ بەخت چاکە.
=KTML_Bold=مووروو چەوروشیرن=KTML_End=
جۆرە یاقیقێکی ڕەنگ تێکەڵی بەقیمەت، ڕەنگی مەیلەوبۆرە و هێڵی سپی پێدا هاتووە یان هەڵمێکی سپی تێکەڵ ڕەنگی یاقیقەکە کراوە و لەگەڵ تێکەڵیی دەهۆندرێتەوە. جۆری گرمووڵە، درێژووکە و پانکەڵەی تەنکی هەیە کە پانکەڵەکەی بۆ سەرپۆلەی تێکەڵی دەبێت. یان کون دەکرێت و یان دەوری دەگرن و دەسکی لێدەنێن.
باوەڕی خەڵکی ناوچەکە:
چەوریی ئەم مووروویە ئەوەیە کە دەستت بەبەرەکەت دەبێت و ڕسق و ڕۆزیت زۆر دەبێت. شیرنییەکەشی ئەوەیە کە لەلای خەڵک خۆشەویست دەبی.
هەرکەس ئەم مووروویەی پێوەبێ:
ا: سەربەڕسق دەبێت.
ب: لەلای خەڵک و خودا بەگشتی و مێردەکەی بەتایبەت خۆشەویست و قسەڕۆیو دەبێت.
ج: بەبەخت دەبێت.
=KTML_Bold=مووروو چەورۆکە=KTML_End=
جۆرە شەوەیەکی لووسی چوارگۆشەی پانە، بروقەی دێ و دەڵێی چەورە. ئەوی شەوەی لەسەربێت و لە ملی کا، ڕەنگی موورووەکە کاڵ دەبێتەوە.
باوەڕی خەڵکی ناوچەکە:
هەرکەس شەوەی لەسەر بێ و دە ملی بکات، نەخۆشییەکە دێتە سەر مووروویەکە و ڕەنگی موورووەکە کاڵ دەکاتەوە. بەمچەشنە مووروویەکە دەمرێ و تازە بەکار نامێنێ.
=KTML_Bold=مووروو حاجیلە=KTML_End=
بە جۆرە سەدەفێکی بچووکی درێژووکە دەگوترێ. چوارچوار پێوە دەکرێت ڕوویان تێک دەبێت.، سەریشی مووروویەکی وەک تەشوێتاشی پێوە دەکرێ، لەگەڵ ڕەبناوک و مێخەک بۆ کوڕەمەکەش دەکار کراوە. جگە لە ئەوانەش کۆچکەی منداڵیشی پێ ڕازاوەتەوە.
=KTML_Bold=مووروو خوێن=KTML_End=
جۆرە مووروویەکی سووری ئاڵ کە کراوەتە دەستەوانە. ئەم مووروویە لە حەج ڕا دەهات و خەڵکی بە ئەمانەت دەیاندا بە یەگدی.
باوەڕی خەڵکی ناوچەکە:
هەر بریندارێک، کە خوێنی ئیشک نەبێ، دە دەستی دەکەن، خوێنەکەی ئیشک دەکا.[1]
*سەرچاوە: فەرهەنگی جلوبەرگ و خشڵوخاڵی ژنانی موکریان؛ لەیلا نوورانی، سەڵاح پایانیانی.