کاوێس ئاغا ئەم گۆرانی بێژە نەمرەی کورد ناوی کاک وەیسی کوڕی ئەحمەدی کوڕی جەمیلی کوڕی (کانەبی)یە، ساڵی 1889 لەبنەماڵەیەکی تیرەی ماڵەیی سەر بەخێڵی هەرکی لەکوێستانی (چارچەڵ)ی هەرکییان هاتۆتەدنیاوە.
سەرەتای ژیانی لەگەڵ خێڵەکەیدا بەکۆچەریی بەسەربردووە و لەنێوان تەگەوەڕ و مەرگەوەڕ و دەشتەبێڵ و پیرمام و دەشتی زرارەتی و گوندی (زیارەت)دا کوێستان و #گەرمیان#ی کردووە. ئەم ژیانە ساکارە پەیوەندی نێوان کاوێس ئاغا و سروشتی دڵڕفێنی کوردستانی بەتین کردووە و بەهرەی دەنگخۆشی تیاخوڵقاندووە.
کاوێس ئاغا هێشتا منداڵ بووە کە باوکی مردووە و چەند ساڵێک دوای ئەوەچۆتە(#ڕواندز#) و لەوێ نیشتەجێ بووە. ئاغا و پیاو ماقوڵەکانی شاری ڕواندز کاوێس ئاغای دەنگخۆش و هونەرمەند ئەگرنە خۆیان و هەر لەمەشەوە نازناوی ئاغای دەست ئەکەوێت و ئەبێتە کاوێس ئاغا. ساڵی 1916 و لە ئەنجامی لەشکرکێشی سوپای ڕوسیا بۆ سەر شاری ڕواندز، کاوێس ئاغا چۆتەشەقڵاوەو بەیەکجاری ڕواندزی جێ هێشتووە. کاوێس ئاغا هونەرمەندێکی بەسەلیقەو شارەزایەکی تەواوی مێژووی کورد و بەسەرهاتی قارەمانەکانێتی.
بەشی زۆری چیرۆکەفۆلکلۆرییەکانی کردووەبەلاوک و بەو هونەرەبەرزەی خزمەتێکی زۆری نەتەوەکەی کردووەو چەند لاوکێکی نیشتمانیشی چڕیوەلەوانەلاوکی (مەلیکۆ) و لاوکی سمایل خانی شکاک و لاوکی شێخ مەحمودی نەمر. کاوێس ئاغا زۆربەی هەرەزۆری شارو دێهاتەکانی کوردستان گەڕاوەو لەزۆر شوێن لاوک و سترانی وتووە. ئەم هونەرمەندەنیشتمانپەروەرەهەرچەندەنەخوێندەوار بووە، بەڵام لەهەڵبژاردنی بابەتی لاوک و گۆرانییەکانیدا شارەزاییەکی زۆری نواندووە.
کۆمپانیاکانی بەرهەم هێنانی قەوانلەسەرەتای سییەکاندا چەند بەرهەمێکی بۆ تۆمار کردووەکەهەرەبەناوبانگەکەیان لاوکی (گەنج خەلیلی)یە. کاوێس ئاغا مانگی شوباتی ساڵی 1936 لەگوندی (هەرشەم) ی ناوچەی پیرمام کۆچی دوایی کردووەو هەر لەوێ بەخاک سپێردراوە.[1]