سەربەست مەحموود ناوی تەواوی (سیروان مەحموود فەتاح) ە، ساڵی 1974 لە گوندی (#مۆریاس#) ی سەر بە پارێزگای #سلێمانی# لەدایک بووە. لە بنەماڵەو خێزانێکی شۆڕشگێڕ و وڵاتپارێز پەروەردەکراوە، شەهید سەربەست خوێندنی سەرەتایی لە گوندی (مۆریاس) و هەردوو قۆناخی ناوەندی و دواناوەندی لە شاری سلێمانی تەواوکردووە.
هەر لە تەمەنی خوێندنی دواناوەندیدا دەست دەکات بە خوێندنەوەی گۆڤار و ڕۆژنامەو پەرتووکە جیاجیاکان. ساڵی 1991 دەبێتە قوتابی بەشی کوردی کۆلێژی ئادابی زانکۆی سەڵاحەدین و ساڵی 1995 بە پلەیەکی زۆر باش خوێندنی زانکۆ تەواو دەکات. لە ڕۆژانی 17-19-03-1995 وەک ئەندامێکی دامەزرێنەر بەشداری کردووە لە یەکەمین کۆنگرەی یەکێتی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستانYNDK کە لە شارۆچکەی عەنکاوەی پارێزگای #هەولێر# بەستراو دوای تەواو بوونی کۆنگرەکە لە ڕۆژی نەورۆزی 1995دا YNDKهاتە ڕاگەیاندن. شەهید سەربەست مەحموود هەر لە یەکەمین ڕۆژی دامەزراندنی YNDK وە بەگیانێکی نەتەوەییانەوە دەستی بە خەبات و تێکۆشان کرد و لە ڕۆژانی 5 -7-1996 لە شارۆچکەی شەقڵاوەدا زۆر چالاکانە بەشداری کرد، لە دووەمین کۆنگرەی YNDKو لە هەڵبژاردنێکی دیموکراتیاندا بە ئەندامی کۆمیتەی سەرکردایەتی هەڵبژێردرا و و ئینجاش بوو بە ئەندامی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی مەکتەبی ناوەندی ڕێکخستنی ڕێکخستنی YNDK.
لە دوای کۆنگرە زۆر چالاکانە کاری ڕێکخستنی لە شاری سلێمانی و ناوچەی #شارەزوور#و هەوراماندا ئەنجام دەدا، سەرپەرشتی کاروباری ڕێکخستنی YNDKی دەکرد.
هەروەها لە ڕۆژانی 10و 11و12-1999 لە کۆنگرەی سێیەمی YNDK کە لە شاری هەولێر بەسترا، بە هاوکاری هەڤاڵان توانی کۆنگرەکە بکات بە کۆنگرەیکی نموونەیی بەئەندامی مەکتەبی سیاسی هەڵبژێردرایەوە.
بەهۆی توانا و لێهاتوویی کرا بە سەرنووسەری ڕۆژنامەی میدیا، وێڕای بینینی ڕۆڵی سەرەکی لەدەرکردنی گۆڤاری (سەرخۆبوون) کە خۆی خاوەنی ئیمتیازی بوو.
شەهید سەربەست مەحموود بیرمەندێکی لێهاتووی نەتەوەیی و، وڵاتپارێز و کوردپەروەرێکی دڵگەرم و، مرۆڤێکی ڕەوشت بەرز و بەوەفا و سەرنج ڕاکێش و بە بەزەیی و بوێرو هەق پەرست بوو.
مخابن دوژمنان تیرۆریستان ڕێگەیان نەدا شەهید سەربەست مەحموود زیاتر تێبکۆشێ و خزمەتی زیاتر بە نەتەوەکەی بکات لە ئێوارەی ڕۆژی 31-05-2000 دا زۆر بەنامەردی و دڕندانە و هۆڤییانە لە شاری هەولێر شەهیدیان کرد. تەرمی پیرۆزی شەهید سەربەست ڕۆژی 01-06-2000 لە هەولێرەوە برایەوە شارە خۆشەویستەکەی خۆی و لە مەراسیمێکی تایبەتیدا لە گۆڕستانی (گردی سەیوان) ی شاری سلێمانی بەخاک سپێردرا. ئەوەی جێگەی داخە تا ئێستا دۆسیەی شەهیدکردنی سەربەست مەحموود بەکراوەیی ماوەتەوە و دەزگاکانی پەیوەندیدار تا ئێستا بکوژانی شەهید سەربەستیان نەدۆزیوەتەوە، بۆیە پێویستە بەزووترین کات بکوژانی بدۆزرێنەوەو ئاشکرا بکرێن و بەسزای خۆیان بگەن.[1]