لە یەکێک لە سایتە شوێنەوارییە گرنگەکانی #دیاربەکر# بە ناوی (#قەلای زەرزیڤان#) دوو پارچە کەلوپەلی شوێنەواری کە پێکهاتووە لە کلیلێکی دروستکراو لە کانزا و شمشاڵێکی کۆن دۆزراوەتەوە و تەمەنی هەر دوو پارچەکە بۆ نزیکەی 1600 سال پێش دەگەڕێتەوە.
لە سەرچاوە هەواڵییەکان، تایبەت بە شمشالە دۆزراوەکەی ناو قەڵای زەرزیڤان هاتووە کە ئەم شمشالە بە شێوازێکی هونەرییانە لە ئێسکی گوێرەکە دروست کراوە کە شەش کونی لەسەرە کە کونی شەشەم شکاوە و پارچەکانی تری دیار نین، بوونی ئەم شمشالە وەک بەڵگەیەکە بۆ گرنگیدانی خەڵکی ئەم ناوچەیە بە هونەر و مۆسیقا. لەبارەی کلیلە دۆزراوەکەی قەڵای زەرزیڤان شوێنەوارناسان لەو بڕوایەن کە ئەم کلیلە تایبەتە بە کردنەوەی سەندووقێک کە پێدەچێ کەلوپەلی زۆر گرنگی تێدا دانرابێت.
قەلای زەرزیڤان بە ڕووبەری 60 هەزار مەتری چوارگۆشە، یەکێکە لە شوێنە مێژوویی و گرنگەکانی پارێزگای دیاربەکر کە وەک دوایین پێگەی سەربازیی #ئیمپراتۆریی ڕۆم# لە ڕۆژهەڵات دەناسرێت و ئێستا بە شێوازێکی کاتی لەناو لیستی کەلەپووری جیهانیدا تۆمار کراوە. درێژیی دیوارەکانی ئەم قەلایە بە گشتی لە نێوان 12-15 مەترە، بەڵام لە چەند بەشێکدا کە تایبەتە بۆ چاودێریی سەربازی دروست کراون و بەرزیی دیوارەکان هەتا 21 مەتریش دەڕوات.
لە شوێنە مێژوویی و شوێنەوارییەکانی ناو ئەم قەڵایە دەتوانین ئاماژە بە بوونی کەنیسە، کاروانسەرا، کۆگای کۆکردنەوەی دانەوێڵە، پەناگە و 54 مەخزەنی ئاو بکەین، هەروەها لەوێ پەرەستگەیەکی تایبەت بە ئایینی میتراییسم هەیە کە بەڵگەیەکە بۆ مێژووی دێرینی ئەم قەڵایە.
کاری کنە و پشکنین بۆ ئەم سایتە شوێنەوارییە لە ساڵی2014 لەلایەن وەزارەتی گەشتوگوزار و کەلەپووری تورکیاوە دەستی پێکراوە و هەتا ئەمسالیش بەردەوام بووە.
ئامادەکردنی: #سارا سەردار#
[1]