لە ناوچەی #هەکاری# سەر بە باکووری کوردستان، کۆمەڵێک وێنەی تایبەت و مانادار لەسەر کۆمەڵێک بەردی پان و گەورە لە چیای #گەڤەرۆک# نەخشێنراون کە مێژووەکەیان بۆ سەردەمانی زۆر کۆن دەگەڕێتەوە.
ئەم نەخشە بەردینانە بە ناوی (#نەخشە بەردینەکانی گەڤەرۆک#) ناسراون، وەک مۆزەخانەیەکی کراوە وایە و سەرنجی پسپۆڕان و گەشتیاران بۆ لای خۆی ڕادەکێشێت و بووەتە شوێنێکی گرنگ بۆ توێژینەوەی زانستی.
هەڵکەوتەی جوگرافیی نەخشە بەردینەکانی گەڤەرۆک دەکەوێتە نێوان ناوچەی گەڤەر و چیای ترشن، بە تایبەت لە ناوچەی چیای جیلو و دەریاچەی سات کە دوو لە گرنگترین چیا و دەریاچەکانی باکووری کوردستانن.
بە پێی سەرچاوەکان، مێژووی ئەم نەخشە شوێنەوارییانە بۆ نێوان 10 بۆ 12 هەزار ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە. لەم ناوچەیە نزیکەی دوو هەزار نەخشی بەردین هەن و لە ڕووی قەبارە و جۆری وێنەکان جیاوازن. ئەو نەخشانەی لەسەر بەردەکان دەبینرێن بریتین لە وێنەی گوڵ، مرۆڤ، مار، ئاسک، بزنی کێوی، مەڕی کێوی، گورگ، ڕێوی و کۆمەڵێک شێوە و نەخشی سیمبولیی تایبەت بەو سەردەم و دەڤەرەیە کە بە گوتەی پسپۆڕان دەکرێ کێشان و ئەفراندنی ئەم نەخشانە سەرچاوەیان لە بیروباوەڕی ئایینی و سروشتی خەڵکی نیشتەجێی ئەم ناوچەیە وەرگرتبێت.
ئامادەکردنی: #سارا سەردار#
[1]