ناونیشانی بابەت:#کرماشان#؛ شاری شوێنەوارە دێرینەکانی کورد
ئامادەکردنی: #عەزیز مورادی#
کرماشان، یەکێکە لە کۆنترین شارەکانی #کوردستان#، کە مێژووی درووستبوونی بۆ سەدەی چوارەمی زایینی دەگەڕێتەوە و پایتەختی #ساسانییەکان# بووە. ئەم شارە، گەورەترین شاری کوردنشینی #ڕۆژهەڵاتی کوردستان#ە و پاڵی داوە بە کێوی #تاقۆسان#ەوە.
تاقۆسان گەورەترین شوێنەواری سەردەمی ساسانییەکانە، کە لە کۆمەڵێک نەخشەبەرد و بەردەنووس پێکهاتووە. یەکێکە لە ناسراوترین شوێنەوارەکانی جیهان بۆ هونەر و مێژوو. مێژووی درووستکردنی بۆ سەدەی سێیەمی زایینی دەگەڕێتەوە، کە تێیدا ڕێوڕەسمی پاشایەتی خەسرەوپەروێز، ئەردەشیری دووەم، شاپووری دووەم و سێیەم هەڵکەنراوە. لە بەشێکی دیکەی ئەم شاکارە مێژووییەدا، ڕاوکردنی بەراز و ژەنینی ئامێری چەنگ لەلایەن ژەنیاران و هونەرمەندان هەڵکەنراوە و ئەو ڕاستییە دەسەلمێنێ؛ تاقۆسان هاوینەهەواری پاشاساسانییەکان بووە و ئەم کێو و ئاو و باخە، شوێنی نمایشکردنی شانۆ، مۆسیقا، بۆنە ئایینی و نەتەوەییەکان بووە.
شکارگەی پاشایەتیی تاقۆسان بە یەکەمین تابلۆی بەردینی جیهان بۆ نیگارکێشی ناسراوە، کە تێیدا ڕێسا و یاساکانی نیگارکێشی ڕەچاو کراون. لەناو ئەم تاقە، کە نزیکەی 12مەتر بەرزە و 8مەتر پانە، پاشای کوردستان لەسەردەمی ساسانییەکان لەلایەن فریشتەی فروهەر، یان #فەروەهەر#، بازنەی پاشایەتی پێ دەبەخشرێت و لای چەپی پاشا، ئاناهیتا، خواوەندی ئاو و کانیاوەکان ڕاوەستاوە، تا کوردستان بە سەرسەوزی و پڕ پیت و خۆشی بهێڵێتەوە. ئەم شوێنەوارە جیهانییە لە سەدەی 19 لەلایەن محەمەد عەلی میرزا، لەسەردەمی قاجارەکان دەستی لێدراوە و زیانی زۆری بەر کەوتووە و نەخشی محەمەد عەلی میرزای کوڕی فەتعەلی شای قاجاریان لەسەر ئەم شوێنەوارە هەڵکەندووە.
لە بەشێکی دیکەی ناو ئەو تاقە، نەخشی خەسرەوپەروێز لەسەر ئەسپە ناسراوەکەی بە ناوی (شەودێز) هەڵکەنراوە. دیمەنی فریشتەی باڵدار، درەختی ژیان، باڵندە، ماسی، فیل، گاکێوی، بەراز و ژەنینی ئامێری چەنگ لە لایەن ژنانەوە، نمایشی ئەو خۆشی و جەژنەیە، کە لەسەردەمی دەسەڵاتی پاشا کوردەکان، باڵی بەسەر وڵاتی کوردەواریدا کێشاوە.
لەناو تاقی بچووک، نەخشی شاپووری دووەم و سێیەم هەڵکەنراوە و دوو بەردەنووسی بچووک بە خەتی پاڵەوی ئەملاولایان گرتووە.
تۆزێ ئەوڵاتر، لەپاڵ تاقی بچووک، ڕێوڕەسمی پاشایەتیی ئەردەشیری دووەم، نۆیەمین پاشای ساسانییەکان هەڵکەنراوە، کە بەپێوە ڕاوەستاوە و دەستی چەپی لەسەر شمشێرە و بە دەستی ڕاستی خەریکە بازنەی پاشایەتی لە ئەهورەمەزدا وەردەگرێ، لە پشت سەریەوە #زەردەشت#، پێغەمبەری ئاشتیخوازی کوردان ڕاوەستاوە، کە لەدەوری سەری خەرمانەی خۆر پرشەی دێ. لەژێر پێی ئەردەشیری دووەم نەخشی ژولیان، ئیمپراتۆریای ڕۆما هەڵکەنراوە، کە لە جەنگدا بە دیل گیراوە.
یەکێکی دیکە لە شوێنەوارە ناسراوەکانی کرماشان، کێوی بێستوونە. لەسەر ئەم کێوە، یەکێک لە ناسراوترین شوێنەوارەکانی جیهان هەڵکەنراوە. گەورەترین بەردەنووسی جیهان لەسەر کێوی بێستوونە، کە لە ڕیزبەندی شوێنەوارە ناوازەکانی جیهان لە یۆنسکۆ، وەک میراتێکی جیهانی ناوی تۆمار کراوە. بێستوون بە مانای وڵاتی خواوەندەکانە و یەکێکە لە شوێنە پیرۆزەکان بۆ پەیڕەوکارانی زەردەشتی. ئەم شوێنەوارە مەزنە، یەکەمجار لە پەڕتووکی (دیودوروس) ی سیکولوسی یۆنانی باسی لێوە کراوە، کە بەردەنووسی بێستوون بە دەستی (سەمیرئەمیس) شاژنی ئەفسانەیی ئاشوور هەڵکەنراوە و کێوی بێستوون پێشکەش بە ئەهورەمەزدا کراوە. ئەم بەردەنووسە باس لە چیرۆکی سەرکەوتنی (داریوش) بەسەر (بەردیا) دەکات. بەردەنووسەکە سێ مەتر بەرزە و پێنج مەتر و نیویش درێژە. نەخشی داریوش، بەرزتر لە دیلەکان هەڵکەنراوە و پێی چەپی خستووەتە سەر دوژمنەکەی، کە ناوی (گئومات مووغ) ە. لە پشتی سەری گئومات نەخشی 8 دیل هەڵکەنراوە، کە مل و دەستیان بە پەت بەستراون.
نەخشی پیرۆزی زەردەشتییەکان لەسەر ئەم بەردەنووسە، لەبەرانبەر داریوش هەڵکەنراوە و داریوش دەستی ڕاستی خۆی بە هێمای پاڕانەوە لە #ئەهورامەزدا# بەرز کردووەتەوە.
لەپاڵ بەردەنووسی بێستوون، پەیکەری هیرکوڵ هەڵکەنراوە، دەستی چەپی لەسەر پێی ڕاستی داناوە و بە دەستی ڕاستی جامێک شەڕابی گرتووە. لەخوار ئەم بەردەنووسە، کانیاوێک بەناوی سەراوی بێستوون هەڵدەقوڵێ، کە لەکۆنەوە تائێستا، دانیشتووانی ناوچەکە ئاوەکەی بە پیرۆز دەزانن.[1]