ناونیشانی بابەت: گیرانی دەماری ناوەڕاستی دەست لەکاتی دووگیانیدا
ئامادەکردن: د. #هەڤین کەمال شا محەمەد#
یەکێکە لەحاڵەتە زۆر باوەکان لەکاتی دووگیانیدا، کەبەڕێژەی 31٪ بۆ 62٪ ڕوودەدات لە ژنانی دووگیاندا، کەئەم ڕێژەیە زۆرزۆرە بە بەراوورد بە ڕێژەی خۆی لەکەسانی تردا کە لە 4٪ دا یە.
پسپۆڕان ھۆکاری تەواوی ئەم حاڵەتەیان بۆ ڕوون نییە لەژنانی دووگیاندا ، بەڵام زۆرینەی دەیگەڕێننەوە بۆ ئەو ئاوسان و کۆبوونەوەی ئاو و گۆڕانی ھەندێک ھۆرمۆن کە لە ژنی سکپڕدا ڕووئەدات.
$نیشانەکانی:$
1- سڕی و مێروولەکردن لە پەنجەکانی دەستدا، مەچەک، کەلەشەودا زۆر زیاترە.
2- ھەستکردن بە ترپەیەک وەکوو لێدانی دڵ لە دەست و پەنجەکاندا.
3- ئاوسانی پەنجەکان .
4- بێھێزی دەستەکان، کەمبوونەوەی توانای ھەڵگرتنی شتومەک، ولەدەستدانی توانای ھەندێک جووڵە بە دەست، بۆ نموونە؛ ئۆتۆمبێل لێخورین ، داخستنی قۆپچەی جلک...ھتد
$چارەسەرکردن:$
زۆربەی جار تەنیا بە ڕێگای خۆپارێزی چارەسەردەکرێت، نیشانەکانی دەمێنێت دوانزە مانگ لە دوای منداڵبوون. بەڵام ئەگەر سڕی و ئازارەکە بێزارکەر بوو، ئەوا پێویستە ئەم ڕێگایانە بەکاردەھێنرێت:
1- بەکارھێنانی سپلینت و پاڵپشت لە دەستدا بە تایبەتیی بە شەوان ، ئاگاداربە کە نابێت لە شێوازی نوشتانەوەدا بێت دەستەکە، ئەگەر سڕی و ئازار زۆر بوو دەتوانرێت بە شەویش بە کاربێت.
2- ئەو چالاکیانە کەمبکەرەوە کە مەچەک دەنوشتێنرێتەوە تیایدا .
3- بەکارھێنانی پاکی سارد، یاخود سەھۆڵ لە ناو خاولیدا، خستنەسەر شوێنی ئازارەکەو دەمارەکە بۆ کەمکردنەوەی ھەڵئاوسان .
4- دەتوانرێت ڕێگایەکی تر بەکاربھێنرێت، کەپێی دەوترێت شوشتنی دژیەک ، ئەویش بەوەی کە لەپێشدا بۆ ماوەی خولەکێک دەست دەخەیتە ناو ئاوی سارد، دوای ئەوە بۆ خولەکی دووەم دەست دەخەیتە ناو ئاوی گەرم بۆ خولەکێکی تر، بەھەمان شێوە بەردەوام دەبێت تا پێنج بۆ شەش خولەک، لەڕۆژەکەدا چەند جارێک دووبارەیدەکەیتەوە.
5- دەستەکانت بەرز ڕابگرە، چەندە دەتوانیت .
6- چارەسەری فیزیاوی و مەساجکردن ، وەرزشی تایبەت بەو حاڵەتە.
7- بەکارھێنانی ئازارشکێن، کەلەم حاڵەتەدا لەبەر کۆرپەکە تەنیا پاراسیتۆڵ ڕێپێدراوە. نابێت ڕێژەیەکی زۆری لێبخورێت کە زیاتر بێت لە 3000ملیگرام.
8- ئەگەر بەم ڕێگایانە چارەنەبوو، ئەوا ئەم ڕێگایانەش دەتوانرێت بەکاربھێنرێت و سەلامەتە لە کاتی دووگیانیدا:
9- هایدرۆدایسێکشن بۆ دەمارەکە بە بەکارهێنانی گلوکۆز لەژێر ئامێری سۆنەردا کە ڕێگا چارەیەکی سەلامەتە بۆ ئافرەتی دووگیان و ڕێژەی سەرکەوتنی سەروو لەسەدا هەشتایە.
10- شۆک وەیڤ ، بەتایبەتیی جۆری فۆکەس لەگەڵیدا ڕادیاڵ.
11- دەرزی ئاژنین و لەگەڵیدا ئامێری (TENS)
$تێبینی:$ ڤیدیۆکە ئەنجامدانی هایدرۆدایسێکشنە بۆ چارەخوازێکی ئازیزمان کە دووگیان بوو. [1]
=KTML_Link_External_Begin=https://www.kurdipedia.org/docviewer.aspx?id=459285&document=0001.MP4=KTML_Link_External_Between=کلیک بکە بۆ بینینی ڤیدیۆکە=KTML_Link_External_End=