ناوی مۆزەخانە: مۆزەخانەی کەلەپووری سریانی
یەکێک لە مۆزەخانە گرنگ و دەوڵەمەندەکانی هەرێمی کوردستان، مۆزەخانەی کەلەپووری سیانی شارۆچکەی عەنکاوەیە کە بۆ ناساندن و پێناسە کردنی کولتووری کریستیانەکانی کوردستان (کوردە کریستیانیەکان) شوێنێکی باش و گرنگە. ئەم مۆزەخانە کەلەپوورییە دەکەوێتە شارۆچکەی #عەنکاوە# لە پارێزگای #هەولێر# و لە ساڵی 2010 لەلایەن حکوومەتی ھەرێمی کوردستانەوە دامەزراوە.
لەم مۆزەخانەکەدا ماکێتێکی گەورەی مێژووی شارۆچکەی عەنکاوە دەبینین، کە مێژووەکەی بۆ سەردەمانی زوو دەگەڕێتەوە، کە تێیدا نەریتە کۆمەڵایەتی و جۆری بیناسازیمان بۆ دەردەخات، ھەروەھا گردی مێژوویی عەنکاوە، کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی پێش مێژوو، پێش داهێنانی نووسین، کە پێی دەگوترێت سەردەمی بەردینی نوێ.
هەر لە نزیکی ئەم مۆزەخانەیە، گردێکی مێژوویی و شوێنەواری هەیە بە ناوی (تل قسرە) . بەپێی ئەو هەڵکۆڵینانەی لە ساڵی 2004 لەسەر گردی (تەل قەسرە) لەنزیک مۆزەخانەکە ئەنجام دراون، کۆمەڵێک شوێنەواری گرنگ دۆزراوەتەوە، وەک: پاشماوەی بیناسازی گردەکە کە وەک ناوەندێکی نیشتەجێ بوون بەکارهاتووە کە چەندین دیواری بەرز و کوڕەی ئاگر بە مەبەستی خواردن ئامادەکردن و چەندین پارچە گلێنەی جۆراوجۆر وەک گۆزە و قاپ و قاچاق، ئێسک وپەروسکی ئاژەڵ و مرۆڤ دۆزراونەتەوە، کە مێژووەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمە جیاوازەکان وەک: سەردەمی عوبەید، سەردەمی مس- برۆنز، سەردەمی ورکاء، هەروەها پاشماوەی شوێنەواری تایبەت بە سەردەمی ئاشووریی کۆن و سەردەمی ئاشووریی ناوەڕاست.
جگە لەمانە، ھەر لە مۆزەخانەکەدا بەشێکی تایبەت بە ئیمپراتۆرییەکانی میزۆپۆتامیا و جۆرەھا جلوبەرگی ژنان و پیاوان و کەرەستەی کشتوکاڵیی کۆن نمایش کراوە.[1]