ناونیشانی بابەت: کفری.. بە گوژمەی نزیکەی 200 ملیۆن دینار کۆشکی مەجید پاشای بابان نۆژەن دەکاتەوە
ئامادەکردنی: #دیاری ئەحمەد#
وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حکوومەتی هەرێمی #کوردستان# بە نزیکەی 200 ملیۆن دینار #کۆشکی مەجید پاشای بابان# لە شارۆچکەی کفری لە سنووری ئیدارەی گەرمیان نۆژەن دەکاتەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە 18ی 4ی 2023، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاندراوێکی بڵاو کردەوە کە وێنەیەکی دەست (باسکورد) کەوتووە و تێیدا هاتووە: بەپێی فەرمانێکی وەزاری، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ڕەزامەندیی نیشان دا لەسەر خەرجکردنی گوژمەی 199 ملیۆن و 305 هەزار دینار لەسەر بودجەی بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەوار و کەلەپوور بە مەبەستی نۆژەنکردنەوەی کۆشکی مەجید پاشای بابان لە شاری کفری.
ئاماژە بۆ ئەوەش کراوە، ئەو کۆشکە یەکێکە لە شوێنە کەلەپوورییە دێرینەکانی سنوورەکە و جێی بایەخی خەڵکی دەڤەری گەرمیان و گەشتیارانە، هاوکات ئەو پڕۆژەیە دەبێتە هۆی پاراستنی بیناسازیی کۆن و شوێنە کەلەپوورییەکانی هەرێمی کوردستان.
هاوکات لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئەوەش هاتووە: کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارەوە بایەخێکی زۆر بە شوێنە شوێنەواری و کەلەپوورییەکانی هەرێمی کوردستان دەدات و نۆژەنکردنەوەی کۆشکی مەجید پاشای بابانیش یەکێکی ترە لە بایەخدانەکانی حکوومەت بە سێکتەری شوێنەوار و کەلەپوور لە هەرێمی کوردستان.
بەپێی زانیارییەکانی (باسکورد) ، بەشی شوێنەواری کفری لە ڕێگەی بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەواری گەرمیانەوە ماوەیەکە کار دەکەن بۆ ئەوەی کۆشکی مەجید پاشای بابان لە کفری نۆژەن بکرێتەوە و دوای داواکارییەکان حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕەزامەندی لەسەر خەرجکردنی نزیکەی 200 ملیۆن دینار دا بۆ نۆژەنکردنەوەی ئەو شوێنەوارە گرنگەی ناوچەی گەرمیان.
بۆ وەرگرتنی زانیاریی زیاتر (باسکورد) پەیوەندیی بە ساڵح محەمەد، بەڕێوەبەری شوێنەواری گەرمیان کرد، بەڵام پەیوەندییەکان بەردەست نەبوون.
کۆشکی مەجید پاشای بابان، یەکێکە لە کۆنترین شوێنەوارەکانی شارۆچکەی کفری کە ئێستا بەشێکی زۆری بیناکەی ڕووخاوە. لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدەیەم لە سەردەمی دەسەڵاتداریی عوسمانییەکان لەسەر پارچە زەوییەک بە ڕووبەری هەزار مەتر خانوویەک کە نزیکەی 20 ژووری قەبارە جیاواز لەخۆ دەگرێت بۆ خێزانی مەجید پاشای بابان درووست کراوە.[1]