کەجەکە: تێکۆشانی شێخ سەعید و هەڤاڵانی دەگەیەنینە سەرکەوتن
#27-06-2023#
هاوسەرۆکایەتی دەستەی بەڕێوەبەری کەجەکە یادی شێخ سەعید و هەڤاڵانی بە بیرهێنایەوە، کە لە 29ی حوزەیرانی 1925 لەسێدارەدران و ڕایگەیاند، ئێمە بەڵێن دووبارە دەکەینەوە کە پەیوەستبین بە یادی شەهیدانمان و تێکۆشانیان بگەیەنینە سەرکەوتن.
لە ڕاگەیاندا کەجەکەدا هاتووە: گەلی کورد شێخ سەعید و شەهیدانی دیکە هەرگیز لەیاد ناکات، لەسەر ناو بزووتنەوەی ئازادیی کورد لە ساڵیادی لەسێدارەدانیاندا جارێکی دیکە یادی شێخ سەعید و هاوڕێیانی دەکەینەوە، وەک ڕۆڵەی شێخ سەعید و هەڤاڵانی، سەید ڕەزا و بەسێکان، عەلیشێر و زەریفەکان ئێمە ئەو تێکۆشانەی ئەوان لەپێناویدا گیانی خۆیان بەخشی، دەگەیەنینە سەرکەوتن.
کەجەکە ئاماژەى بەوەشکردووە، گەلی کوردستان لە دژی هەموو چەشنە پلانێکی پاکتاوکردن و هێرشی دەسەڵاتداری ئاکەپە-مەهەپە خۆڕاگری دەکات و تێکۆشان هێندەی تر گەورە دەکات، ڕێگەنادات کە سیاسەتی کۆمەڵکوژکردنی کوردان بگاتە سەرکەوتن، کۆلۆنیالیزمی کۆمەڵکوژکار و خیانەتی هاوکاری لەناو دەچن و شکست دەهێنن.
هەروەها کەجەکە ئەوەى خستەڕوو، دەوڵەتی تورکی داگیرکەر، بە لەسێدارەدانی شێخ سەعید و هەڤاڵانی لە 29ی حوزەیرانی 1925 کۆمەڵکوژییان گەورەتر کرد، لە کەسایەتی شێخ سەعید و هەڤاڵانیدا بە ڕێز و پێزانییەوە یادی سەرجەم شەهیدانی شۆڕش و دیموکراسی دەکەینەوە، جارێکی دیکە بەڵێن دەدەین کە پەیوەست بین بە یادی ئەوان و تێکۆشانی ئەوان بە سەرکەوتن تاجدار بکەین.
دەقی ڕاگەیەنراوەکەى کەجەکە بەمجۆرەیە:
دەوڵەتی تورکی داگیرکەر، بە لەسێدارەدانی شێخ سەعید و هەڤاڵانی لە 29ی حوزەیرانی 1925 کۆمەڵکوژییان گەورەتر کرد. لە کەسایەتی شێخ سەعید و هەڤاڵانیدا بە ڕێز و پێزانییەوە یادی سەرجەم شەهیدانی شۆڕش و دیموکراسی دەکەینەوە، جارێکی دیکە بەڵێن دەدەین کە پەیوەست بین بە یادی ئەوان و تێکۆشانی ئەوان بە سەرکەوتن تاجدار بکەین.
شێخ سەعید و هەڤاڵانی بەرانبەر بە نکۆڵی کردن لە کوردان، لە دژی ستەم و نامافی دەوڵەتی تورک وەستانەوە و لەپێناو ئازادی تێکۆشان. لە هەموو هەلومەرجێکدا تێکۆشان و بۆ هەتاهەتایە پەیوەست بوون بەبەهاکانی تێکۆشانەوە. لە دژی هەڕەشەکانی لەسێدارەدانی ڕژێمی قڕکەر و دوژمنی کوردان، هەڵوێستیان نیشاندا و ئەوەیان خستەبەرچاو کە بەبەهێزی دڵسۆزی کوردستانن. تێکۆشانی شێخ سەعید و هەڤاڵانی کە گیانیان بەخت کرد لەلای گەلی کورد واتادار و بەنرخە. گەلی کورد ڕەنج گیانبازی ئەوان و یادی ئەوان هەرگیز لەبیر ناکات.
لەگەڵ لەسێدارەدانی شێخ شەعید پڕۆسەی کۆمەڵکوژی لە کوردستان دەستی پێ کرد
لە ڕێگەی پەیماننامەی لۆزانەوە کە بەر لە سەدەیەک واژۆ کرا، دەوڵەتێکی نوێ لە تورکیا دامەزرا، کوردستان دابەشکرا و لە دژی گەلی کورد نکۆڵی و سرینەوە دەستی پێ کرد. ئەو دەوڵەتەی لەسەر بنەمای تورکبوون دامەزرا، قڕکردن و کۆمەڵکوژکردنی کوردان کردە ئامانجی سەرەکی خۆی. بەو ئامانجەوە لە کوردستان سیاسەتی تواندنەوەی کولتوری و کۆمەڵکوژی خستەگەڕ، ناسنامە، زمان و کولتوری گەلی کوردی قەدەغە کرد، ناسنامەی تورکبوونی بەسەر گەلی کورددا سەپاند. بێگومان گەلی کورد ئەو ستەم و نامافیەی قەبوڵ نەکرد و لە دژی گوشار و سەپاندن خۆڕاگری کرد. بەڵام دەوڵەتی تورکیش لە ڕێگەی توندوتیژی و کۆمەڵکوژییەوە ویستی ئەوە بسەپێنێت. وەک شێخ سەعید و هەڤاڵان چەندین ڕێشسپی کورد بەرانبەر پارچەکردنی کوردستان، ستەم و نامافی لەسەر کورد، وەستانەوە. دەوڵەتی تورکیش ئەوەی کردە بیانوو و لە کوردستان دەستی بە کۆمەڵکوژی کرد. خۆی لە خۆیدا ساڵی 1925 لەبەر ئەوەی شێخ سەعید و هەڤاڵانی بەرانبەر ستەم وەستانەوە و داوای مافەکانی گەلی کوردیان کرد، دەوڵەتی تورک دەستی بە هێرش کرد، شێخ سەعید و هەڤاڵانی ئەو کە داوای ئازادی گەلی کوردیان دەکرد، لە سێدارەی دان و کۆمەڵکوژی گەورەی کرد. لەو ڕێگەوە لە کوردستان پڕۆسەیەکی کۆمەڵکوژی دەستیپێکرا. لەسێدارەدانی شێخ سەعید و هەڤاڵانی ئەوەی خستەبەرچاو کە دەوڵەتی تازە دامەزراو چ کاراکتەرێکی هەیە، بە چ شێوەیەک مامەڵە لەگەڵ کورد دەکات. ڕێبەر ئاپۆ دەستنیشانی کردووە کە بەو هێرشانەی لە شوباتی 1925 دەستیان پێکرا و بە لەسێدارەدانی شێخ سەعید کۆمەڵکوژکردنی کوردان دەستیپێکرا.
ئەرکی ئاکەپە-مەهەپە کۆمەڵکوژکردنی کوردانە
دەوڵەتی تورکی داگیرکەر و کۆمەڵکوژکار هێشتاش خاوەنی کاراکتەری دوژمنایەتی کوردانە و کۆمەڵکوژکردنی کوردان هێشتا بەلایەوە ئامانجی سەرەکیە. لەم سەرەدەمەدا ئەو سیاسەتە لەسەر دەستی دەسەڵاتداری ئاکەپە-مەهەپەی فاشیست بەڕێوەدەبرێت. دەسەڵاتداری ئاکەپە-مەهەپە دەیەوێت کۆمەڵکوژی کوردان کە لە ڕێگەی پەیمانی لۆزانەوە بە شێوەیەکی فەرمی دەستی پێ کرد، لەسەد ساڵەی دووەمیشدا بەڕێوەببات. لە بناغەی ئەقڵیەتی ئاکەپە-مەهەپە لەبارەی سەدەی تورکیاوە ئەو ڕاستییە بوونی هەیە. ئەوەی لە بنەڕەتەوە پلانەکانی دەوڵەتی تورکی لەناوبرد، ڕابوونی ڕێبەر ئاپۆ و پەکەکە، دەستپێکردنی تێکۆشانی ئازادییە. بەو تێکۆشانە بە پێشەنگایەتی بزووتنەوەکەمان دەستی پێ کرد، بەر بە دەوڵەتی تورکی داگیرکەری کۆمەڵکوژکار گیرا تا سیاسەتی لەناوبردنی کوردان نەگەیەنێتە ئەنجام و سەرلەنوێ هەبوونی کورد مسۆگەر کرا. دەوڵەتی تورک کە تێگەیشت تا بزووتنەوەی ئازادی کورد لەناو نەچێت کورد کۆمەڵکوژ ناکرێن، لەو کاتەوە هەموو هێزی خۆی خستووەتەگەڕ بۆ ئەوەی بزووتنەوەی ئازادیی کورد پاکتاو بکات. بەو ئامانجەوە هاوپەیمانی ئاکەپە-مەهەپەی فاشیست دامەزرا و لەسەر دەسەڵات دانرا. ئەرکی سەرەکی بەردەم ئاکەپە-مەهەپە ئەوەیە کە بزووتنەوەی ئازادی پاکتاو بکات و کورد کۆمەڵکوژ بکات.
گەلی کوردستان لێپێچینەوە لە ناپاکەکان دەکات
وەک چۆن پێشتر شێخ سەعید و هەڤاڵانی بە پیلانگێڕییەک دەستگیرکران، دواتریش لەسێدارەدران و لە کوردستان پڕۆسەی کۆمەڵکوژی دەستیپێکرا، ئێستاش دەسەڵاتداری ئاکەپە-مەهەپە سیاسەتی کۆمەڵکوژی و قڕکردن بە پشتیووانی هەندێک کوردی هاوکار و خاین بەڕێوەدەبات. ئەو کەسە خائینانە لەپێناو سامان و دەوڵەمەندیدا دەچنە پاڵ ئاکەپە-مەهەپە کە نکۆڵی لە کورد دەکات، زمان، ناسنامە و کولتوریان قەدەغە دەکات و کۆمەڵکوژیان دەکات. بێگومان گەلی وڵاتپاڕێزی کوردستان ئەقڵیەتی خیانەتکار و هاوکاری شکست داوە. بەو تێکۆشانەی نەوسەدەیە بەردەوامە، گەیشتوونەتە ئەو هۆشمەندیە. ئەمڕۆ بەهۆی ئەو هەڵوێستەی گەلی کوردستان، ئەوانەی شکۆی خۆیان فرۆشتووە بە ئاکەپە-مەهەپە، خۆیان وەک کورد و نەتەوەپەرست نیشان دەدەن و هەوڵ دەدەن خیانەتی خۆیان بشارنەوە. بەڵام تەنیا هێرش دەکەنە سەر بزووتنەوەی ئازادی کورد و هەوڵ دەدەن تێکۆشان لاواز بکەن. لەکاتێکدا کوردستان هەموو ڕۆژێک لەژێر هێرش و داگیرکەریی دوژمندایە، منداڵانی گەنجی ئەم گەلە هەموو ڕۆژێک خۆڕاگری دەکەن و شەهید دەبن، ڕێبەر ئاپۆ لە ئیمراڵی لەژێر ئەشکەنجە و گۆشەگیری ڕەهادایە، هەموو ڕۆژێک هێرش دەکرێتە سەر شەنگال و ڕۆژاوا هەموو ڕۆژێک دەیان وڵاتپارێز لەپێناو ئەم دۆزەدا دەستگیردەکرێن و ڕاپێچی زیندان دەکرێن، گەل لەژێر گوشارێکی گەورەدایە، ئەو کەسە خائینانەی لە ناو دەوڵەمەندی و ئاسوودەییدان، نە قوربانی دەدەن، نە هیچ شتێکی بچوک لەدەست دەدەن. چۆن دەکرێت ئەوانە باس لە کوردبوون و نەتەوەپەرستی دەکەن؟ ئاشکرا و ڕوونە کە هیچ پەیوەندییەکیان بە کوردبوون، وڵاتپارێزی و نەتەوەپەرستییەوە نییە. کوردبوون و نەتەوەپەرستی ئەوان بە تەواوەتی ساختەیە. لەو ڕێگەیەوە تەنیا هەوڵ دەدەن خیانەتی خۆیان بشارنەوە. کوردبوون، وڵاتپارێزی و نەتەوەپەرستی نەک بە پشتیووانی کردن لە دەوڵەتی داگیرکەر و دەسەڵاتداری ئاکەپە-مەهەپە دەکرێت، دەبێت لەبەرانبەر ئەوە بوەستنەوە، لە تەنیشت گەلەکەیانەوە بن و خاوەنداری لە بەهاکانی ئازادی بکەن. ئیتر لە کوردستان هەڵوێستی وڵاتپارێزی و هەڵوێستی خیانەت بە هێڵێکی ئەستوور لەیەکتر جیاکراونەتەوە. لە کوردستان بوارێکی بەو جۆرە نەماوە کە بەو دەمامکانە خیانەت بشارنەوە. گەلی کوردستانی وڵاتپارێز ئەو خائینانە دەناسنەوە کە هەوڵ دەدەن بەدەمامک ڕاستی خۆیان بشارنەوە و بە دڵنیاییەوە لێپرسینەوەی پێویست لەگەڵ خائینان دەکات.
لەسەر ناوی بزووتنەوەی ئازادی کورد لە ساڵایادی لەسێدارەدانیاندا ئێمە جارێکی تر یادی شێخ سەعید و هاوڕێیانی بەرزڕادەگرین. وەک ڕۆڵەکانی شێخ سەعید و هەڤاڵانی، سەید ڕەزا و بەسێکان، عەلیشێر و زەریفەکان ئێمە ئەو تێکۆشانەی کە لەپێناویدا گیانیان بەخت کردووە، دەگەیەنینە سەرکەوتن. گەلی کوردستان لە دژی هەموو جۆرە پلانی پاکتاوکرد و هێرشی دەسەڵاتداری ئاکەپە-مەهەپە خۆڕاگری دەکەن، زیاتر گوڕ بە تێکۆشان دەدەن، ناهێڵن کە سیاسەتی قڕکردنی کورد سەربکەوێت، کۆلۆنیالیزمی کۆمەڵکوژکار و خیانەتی داردەست و هاوکار شکست دەهێنن”.[1]