ناونیشانی بابەت: پیشەیەکی هەزاران ساڵەی کورد تۆماردەکرێت و لە لەناوچوون دەپارێزرێت
تیمێکی لێکۆڵینەوە کار لە پڕۆژەیەکدا دەکەن بۆ تۆمارکردن و ئەرشیفکردنی پیشەی لباد، کە بە یەکێک لە پیشە هەرە دێرینەکانی دامێنی چیاکانی زاگرۆس دادەنرێت لە باشووری #کوردستان#.
ڕێناس حەسەن بابەکر، سەرپەرشتیاری پڕۆژەکەیە کە بە هاوبەشیی لەنێوان دامەزراوەی کولتووریی کوردی و پرۆگرامی EMKP، کە تایبەتە بەو پیشانەی لە بەردەم مەترسیی لەناوچووندان و لەلایەن مۆزەخانەی بەریتانی پشتگیریدەکرێت، ئەنجامدراوە.
لەبارەی پڕۆژەکەیەوە، ڕێناس حەسەن بابەکر لە لێدوانێکیدا بە کوردساتی ڕاگەیاند: لە سەرەتای ئەم پڕۆژەیە پەیوەندیم کرد بە چەند مۆزەخانەیەک لێرە لە بەریتانیا بۆ ئەوەی سەرنجیان بۆ لبادی کوردی وەک پیشەیەکی دێرین و مەتریاڵێکی کولتووری ئەم ناوچەیە ڕابکێشم، بەخۆشحاڵیەوە دوو لبادی کوردیمان گەیاندە مۆزەخانەی پیت ڕیڤەرز لە شاری ئۆکسفۆرد کە مەبەستیان بوو بیکڕن و لە کۆکراوەکانی مۆزەخانە هەڵیگرن بۆ مەبەستی لێکۆڵینەوە.
ڕاشیگەیاند: ئامانجی سەرەکیی ئەم پڕۆژەیە تۆمارکردنی پیشە و تەکنیک و چۆنییەتیی درووستکردنی یەکێک لە دێرینترین جۆرەکانی قوماشە، کە لە بەرگنی بەرخ درووستدەکرێت و مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ هەزاران ساڵ پێش ئێستا، بۆ ئەم مەبەستەش تیمەکە سوودی لە ئەزموونی سەلیم عەلی بینیوە، کە دواهەمین لبادچییە لە باشووری کوردستان.
لە پڕۆژەکەدا وردەکاریی درووستکردن و شێوازی بەکارهێنانی لباد لە ڕێی تۆماری وێنەیی، دەنگی و ڤیدیۆیی و تەنانەت تۆماری دەستنووس کۆکراوەتەوە و بە لەبەرچاوگرتنی میتۆدی ئیتنۆگرافی خوێندنەوەیان بۆکراوە.
لباد، نەوگ، بە کورمانجی کولاڤ-ی پێدەوترێت، جۆرە قوماشێک بووە، کە تەکنیکی درووستکردنەکەی لە پێش شێوازی ڕستن و چنینەوەیە و لە میسۆپۆتامیا و چەند ناوچەیەکی ئاسیای ناوەڕاست وەک کەرەستەیەکی ڕۆژانە بەکارهاتووە، لە هەندێک کۆمەڵگەشدا لەڕووی کولتووری و ئایینییەوە گرنگی خۆی هەبووە و لە سرووت و بۆنەکاندا بەکارهاتووە.
کورد لە کۆنەوە لە بەرگنی بەرخ لبادی درووستکردووە و پاشان پۆشاک و چەندین کەرەستەی ناوماڵی لێ بەرهەمهێناوە، بەڵام دوای پەیدابوونی پیشەسازیی جۆراوجۆر لە بەرهەمهێنانی قوماشدا، ئەم پیشەیە بە شێوەیەکی بەرچاو کەمبووەوە و مەترسیی لەناوچوونی بۆ پەیدابوو. [1]